ئێران و توركیا و ده‌وڵه‌تۆكه‌ی كوردی

Thursday, 09.09.2021, 19:44

1186 بینراوە


رووخانی رئاڵ سۆسیالیزم و شه‌ڕی كه‌نداو زه‌مینه‌یه‌كی بۆ خۆپیشاندانی گه‌لان و به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد له‌باشوری كوردستان خۆشكرد و به‌ده‌ستێوه‌ردانی وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌وانه‌ش ئه‌مریكا و رێككه‌وتنی ساڵی 1996 و به‌تیرۆریست ناساندنی په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن كلینتۆن و به‌ناو سه‌ركردایه‌تی كورد له‌باشوری كوردستان ئه‌و كه‌شه‌ی خۆلقاند كه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان به‌شێك له‌و پیلان و پلانانه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوینیان داڕشتبوو بۆ سه‌دساڵی 21 بخه‌نه‌ وای كرده‌ییه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش به‌په‌له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردیان بانگهێشتی واشنتۆن كرد"كاك مه‌سعود و مام جه‌لال" و رێككه‌وتنی واشنتۆنیان دا قه‌بوڵكردنی لایه‌نی كوردی. ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سیش باش له‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌زانی، له‌كرده‌وه‌دا ته‌ماشا بكات و رووداوه‌كان بخوێنێته‌وه‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رێككه‌وتنی واشنتۆن له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێش له‌پێشكه‌وتنی جۆڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی كوردستان به‌پێشه‌نگایه‌تی په‌كه‌كه‌ بگرن، بۆیه‌ش هه‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌دا بانگه‌وازیان له‌حیزبه‌ كوردیه‌كانی به‌شه‌كانی تری كوردستان كرا ده‌ست له‌خه‌باتی چه‌كداری و پارتیزانی له‌به‌رامبه‌ر به‌توركیا و ئێران و سوریا به‌رده‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌و كه‌مپانه‌ی بۆیان درۆستكرا، نیشته‌جێیان بكه‌ن. ئه‌وه‌ بوو هه‌ر ئه‌و كاته‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ستی به‌مه‌ترسی ئه‌و پیلانه‌ كرد و ئه‌و بڕیاره‌و ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ له‌دژی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی گه‌له‌كه‌مانی زانی و له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵوێستی ژیان و به‌رخۆدان له‌چیاكانی به‌بنه‌ماگرتووه‌ و ژیانی كه‌مپنشینی وه‌كو ته‌سلیمیه‌ت پێناسه‌كرد و به‌ره‌وی به‌خه‌باتی چیا و ژیان و تێكۆشانی پارتیزانی دا. هه‌ر ئه‌و كاته‌شدا هه‌ر دوو رژێمی داگیركه‌ری سه‌ر كوردستان به‌تایبه‌تی ئێران و توركیا له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئاگادار كرانه‌وه‌ و ئه‌وانیش هه‌تا ئاستێك ئه‌و دیفاكتۆیه‌ی له‌باشوری كوردستان قه‌بووڵكرد. دیفاكتۆه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌رێمێك بۆ كوردان له‌باشوری كوردستاندا وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌"هه‌رێمی باشوری كوردستان"، بده‌نه‌ قه‌بوڵكردن به‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی و له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتی كوردی په‌كه‌كه‌ وه‌كو رێكخستنێكی تیرۆریستی پێناسه‌ بكات و له‌به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش هه‌م ده‌وڵه‌تی ئێران و هه‌میش توركیا دان به‌و هه‌رێمۆكه‌یه‌دا بنێنن و رژێمی ئێران و توركیاش ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی له‌كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێ بن و ده‌ست له‌خه‌باتی پارتیزانی و تێكۆشانی چه‌كداری به‌رده‌ن، بڕه‌ پاره‌یه‌كیان بۆ دیار بكه‌ن و له‌رێگه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌وه‌ی كه‌ ددانیان پێدا ناوه‌، و هه‌رچه‌نده‌ش به‌دڵی ئه‌وانیش نه‌بێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌نه‌ ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌. واتا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌هه‌رێمی باشوری كوردستان ده‌درێته‌ ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ له‌واقعدا پاره‌ی رژێمی ئێران و توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌بێ هیچ كێشه‌ و مه‌شاكێلێك له‌كه‌مپه‌كاندا ماته‌وزه‌ی گه‌نجانی كورد بكۆژن و به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش راستی ئه‌و رێككه‌وتن و دیفاكتۆیه‌یه‌ كه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو كوردی و هه‌میش حیزبه‌ كه‌مپنشینه‌كان و هه‌میش ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی سه‌ر كوردستان و هێزی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون و رێككه‌وتنی واشنتۆنیش واژۆی ئه‌و پیلانه‌یه‌.
هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌پیلانه‌ بۆمبێكی ته‌وقیت كراویان له‌ئامێزی ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كاندا به‌جێكرد. له‌لایه‌كی تر بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی كوردستانیان هه‌م له‌ناوخۆی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان كرده‌ ئامانج و هه‌میش له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. و به‌مشێوه‌یه‌ش ته‌ڤگه‌ری ئازادی و حیزب و لایه‌نه‌ ته‌سلیمبووه‌كانیش به‌یه‌كتری ته‌مێ"چاوترسێن"بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ر به‌یه‌كدی به‌كار بهێنن. بۆ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی سه‌ر كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه‌. زۆر جار ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی گۆشاره‌ نێوخۆیه‌كانی وڵاته‌كانیان بێده‌نگ بكه‌ن و دامركێنن، ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌یان كردووه‌ته‌ بیانۆ و به‌و شێوه‌یه‌ش گه‌لیان سه‌ركۆت و چاوترسێن كردووه‌. 
له‌ئێستاشدا كه‌ حكومه‌تی عێراقی عه‌زمی خۆی جه‌زمكردووه‌"خۆی ته‌یار"كردووه‌ كه‌ له‌مانگی ده‌ دا هه‌ڵبژاردنێكی نه‌وعی بكرێت، ترس و دڵه‌ڕاوكێ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری سه‌ر كوردستانیشی داگرتووه‌. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و له‌عێراقدا حكومه‌تێكی به‌هێز له‌ناوه‌نددا و له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا حكومه‌تێكی فدرالی به‌هێزیشدا بۆ كورده‌كان گه‌ره‌نتی بكرێت، ئه‌وه‌ ئێدی مه‌جاڵ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیا نامێنێت. بۆیه‌ش له‌ئێستادا كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان به‌ناوی گۆایا دژایه‌تی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستیان به‌هێرش و په‌لاماری سنوره‌كانی باشوری كوردستان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوایان كردووه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ ده‌بێت له‌عێراقدا ده‌ربكرێن. ئه‌مه‌ش وه‌كو سیاسه‌تێكی نوێ له‌عێراقدا ده‌یانه‌وێت بیگرنه‌ به‌ر. هه‌رچه‌نده‌ له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا كه‌ هیچ كام له‌حیزبه‌ كوردیه‌كان له‌ئێستا هێز و قۆوه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ كه‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌خه‌و هه‌ستێنن و ئه‌وانیش خه‌باتێكی چه‌كداری و پارتیزانی به‌هێز ده‌ستپێ بكه‌ن. ئه‌و مه‌جال و زه‌مینه‌ش نه‌ڕه‌خساوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی خه‌باتێكی وه‌ها له‌م كاته‌دا، بۆیه‌ش بیانۆ نیشاندانی ئه‌و حیزبانه‌ له‌ئێستادا ته‌نیا ئامانج، به‌ربه‌ست نانه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌. نه‌ حكومه‌تی ئێران و نه‌ش ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك له‌م كاته‌دا نایانه‌وێت له‌ئێراقدا سه‌قامگیری و ئیستقرار پێكبێت. بۆیه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌عێراقدا سه‌قامگیری پێكنه‌یه‌ت.
ده‌وڵه‌تی توركیا و رژێمی ئێران هه‌تا ئاستێك له‌لووتكه‌ی وڵاتانی دراوسێ كه‌ له‌ 28ی مانگی 9 له‌به‌غداد به‌رێوه‌چوو، زۆر دڵخۆش نه‌بوون و به‌دڵی ئه‌وان نه‌بوو. هه‌ردوویان وه‌كو دوو میراتگه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق خۆیان وا نیشاندا كه‌ ده‌بێت په‌كه‌كه‌ و ئه‌مریكا له‌عێراقدا نه‌مێنن، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ردوولاش باش ده‌زانن كه‌ له‌ئێستادا هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ و ئه‌مریكا له‌عێراقدا رێگای له‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وان له‌عێراقدا گرتووه‌ و ناتوانن به‌مه‌رامی دڵی خۆیان له‌عێراقدا ته‌ڕاتێن بكه‌ن. 
پرۆكسێسه‌ كوردیه‌كانیش با باش بزانن، ئه‌و بیانۆیانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا و رژێمی ئێران بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشوری كوردستانیشه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ساڵانه‌ قۆربانی بۆ ده‌دات و به‌رهه‌می خۆێنی به‌هه‌زاران شه‌هیده‌. ده‌بێت بزانن كه‌ به‌ده‌وله‌تۆكه‌ی كوردی ناتوانرێت مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوشێوه‌ی شه‌نگاڵ و كه‌ركوك هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری له‌سه‌ر خاكی كوردستان له‌ده‌رفه‌تێكی نوێ ده‌گه‌ڕن كه‌ بۆ سه‌د ساڵی تر گه‌له‌كه‌مان و داخوازیه‌ ره‌واكانی بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌.