یەکێتی بەرەو دیکتاتۆرییەت

Thursday, 09.09.2021, 20:20

2476 بینراوە


ئەڵێن زۆرجار مێژوو خۆی دووبارە ئەکاتەوە ، لەوە ئەچێ لەکودەتاکەی هەشتی تەمووزی ناو یەکێتیدا دیسان مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە .
تەنزیمی ئەفسەرە ئازادەکانی سەردەمی حوکمی مەلەکی عیراق کە رێک لاساییکرنەوەی هەمان تەنزیمی ئەفسەرە ئازادەکانی وڵاتی میسر بوو بەسەرۆکایەتی جەمال عبدالناصر و عبدالحکیم عامر ، لەعیراقیشدا هەمان تەنزیم بە سەرۆکایەتی عبدالکریم قاسم و عبدالسلام عارف دامەزراو بەهەمانشێوەی کودەتاکەی ناصر، کودەتایەکی عەسکەرییان بەسەر حوکمی مەلەکی عیراقدا ئەنجامدا .
 دوای سەرکەوتنی کودەتاکەیان لەمیسر عبدالناصر لەگەڵ عبدالحکیم کەوتنە هەڵپەی دەسەڵات ، ئەوەبوو ناصر بۆ دەسگرتن بە سەر تەواوی دەسەڵاتی وڵاتەکەی عبدالحکیمی لەناوبرد بە سیناریۆیەکی گوماناوی گوایە خۆی کوشتووە . لەعیراقیش عبدالسلام لە ٨ ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ دا کودەتایەکی تری بەهاوکاری حزبی بەعس بەسەر حوکمی عبدالکریمدا کرد . ئەو پەیوەندی هاوڕێیانەو برایانەی نێوانیشیان شەفاعەتی بۆ عبدالکریم نەخواست تا بەزیندوویی بیهێڵنەوە ، تەنانەت عبدالکریم داواشی کردبوو دادگایەکی عەسکەرییانە بکرێ ، بەڵام عبدالسلام بۆ ئەوەی رکابەرێکی بەهێزی وەکو کەریم نەمینێ ، بۆیە رۆژی دوای کودەتاکە لەناوی بردو کوشتی . دواتریش کەوتە گیانی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک وەزیرانەکەی و ئەویشی لەدەسەڵات دوور خستەوە بە کودەتای ١٨ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ .
دیسان مێژوو خۆی دووبارە کردەوە کاتێک ئەحمەد حەسەن بەکر  بە هاوکاری سەدام حوسێن کودەتای ١٧ی تەموزی ساڵی ١٩٦٨ بەسەر حوکمی عبدالرحمن عارفی برای عبدالسلامدا ئەنجامدا و بەمەش سەدام بووە کەسی دووەمی دەسەڵاتی بەعس . زۆری نەخایاند سەدامیش لەتەموزی ساڵی ١٩٧٩ کودەتایەکی حزبی بەسەر بەکردا ئەنجامدا و دواتر بە دەرزییەک ئەویش لەناو برا .
ئەم ناوچەیە بەگشتی و عیراقیش بەتایبەتی هەمیشە رووبەرووی کودەتای عەسکەری بوونەتەوە بۆ دەسگرتن بە دەسەڵاتەوە ، لێرەوە ئەتوانین بڵێین ئەوەی لەهەشتی تەموزی ئەم ساڵدا لەناو یەکێتی روویدا ، هەمان ئەو کلتووری تەسفیەی یەکترییە لەناو دەسەڵاتەکاندا و شتێکی تازە نیە .
گەورەترین هەڵەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیش ئەوە بوو کە بریاری لەسەر هاوسەرۆکی دا ، هەردوو هاوسەرۆکیش دوو گەنجی بێ ئەزمون وهەڵتۆقیوی ناو کایەی سیاسی و تینووی دەسەڵات هەڵبژێردران بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی .
وەکو مەسەلە کوردییەش ئەڵێ ( دوو سەر لەناو یەک مەنجەڵدا زەحمەتە پێکەوە بکوڵێن ) ئەو کودەتایەی بافڵ تاڵەبانی زۆر چاوەڕوانکراو بوو ، ئەبوایە یەکیان ئەویتر دوور بخاتەوە ئەگەر بۆی نەکرا تەسفییەی بکات .
هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراومان لەبەردەست نیە نیشانی بدات کێ وکێ لەپشت ئەم کودەتایەوە بوون ، گومانیش زۆرن لەسەر هاوکاری هەندی لایەنی کوردستانی و وڵاتانی ئیقیلیمی لەمبارەیەوە ، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی راستوڕەوان نیە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە . ئێستا ئەم وەزعە بووەتە ئەمری واقیع ، هیچ گومانم لەوەدا نیە جارێکیتر لاهور جەنگی چانسی بەردەوامبوونی لەناو یەکێتیدا نەماوە و مەحاڵە جارێکیتر بگەڕیتەوە ناو یەکێتی و دەسەڵاتەکانی وەکو پێشتر بۆ بگەڕێتەوە ، چونکە لەبێدەنگبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتییەوە ئەتوانین ئەو حوکمە بدەین کە جارێکیتر هاوسەرۆکی لەناو یەکێتیدا بەردەوام نابێت .
سەرباری ئەوەی هەندێ شرۆفەکار وای دەبینن کە تەقیینەوەی ناکۆکیەکانی هاوسەرۆکان کاریگەرییەکی زۆر نێگەتیفی ئەبێ بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێستاو داهاتووی عیراق وکوردستاندا ، بەڵام لەروویەکی ترەوە پێموایە ئاکامە خراپەکانی کوشندەتر ئەبێ بەسەر یەکێتی و تەنانەت میللەتەکەشمانەوە ، ئەویش بە دیکتاتۆر بوونی سەرۆکی یەکێتییە کە ئێستا باڤڵ تاڵەبانی بەفیعلی خۆی وا ناساندووە .
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا کە مێژوو خوی دووبارە ئەکاتەوە ، رەنگە بێدەنگی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیش لەخوێندنەوەی رووداوەکانی مێژوودا سەرچاوەی گرتبێ ، بەتایبەتیش ئەو مەحکەمەیەی سەدام بۆ هاوڕێیەکانی خۆی دانا لەقاعەی ( الخلد ) ی بەغدا کە بە بڕیاری حیزبی ٢٢ ئەندامی باڵای حزب و سەرکردایەتی گولە باران کردو دواتریش کەوتە گیانی هەموو خزمودۆست ولایەنگرانی ئەو سەرکردانە .
رەنگە زێدەڕۆیی نەبێ گەر بڵێین ، بوونی یەکێتی لەسەر ساحەی کوردستان تا حەدێک باڵانسی هێزی لەکوردستان راگرتبوو بەرامبەر بە هەژموونو دەسەڵاتی رەهای پارتی ، ئێستا ئاماژەکان بەرەو ئەوەمان ئەبات کەوا قۆناغی داهاتوو هەم یەکێتی ئەو هێزەى جارانی نامێنی ململانێی پارتی بکات ، هەمیش سەرکردە تازەکەی ئەو ئەزموونە سیاسییەی نیە بتوانێ مامەڵەیەکی هاوسەنگی لەگەڵ پارتیدا بکات ، هیچ بەدووریشی نازانم یەکێتی بەتەواوی تەسلیم بەپارتی بکرێ ، بەمەش کوردستان بەگشتی ئەکەوێتە ژێر مەترسییەکی زۆر گەورە بەهۆی تاکڕەوی پارتی و خۆ سەپاندنی بەسەر هەرێمدا .
ئاماژەکان زۆر بە وازحی دیارن ، ئەوەتا پارتی دەستی بۆ قووتی ئەو سەرکردانەی یەکێتیش بردووە کە ساڵانێک لەناو یەکێتیدا کاریان کردووە . دووریش نیە بەیانی ئەگەر پارتی دەست بۆ تەسفییەی ئەندام وکادیرانی یەکێتیش ببات ، رەنگە سەرکردایەتی یەکێتی لەوەشدا بێدەنگی بنوێنێ وپشتیان تێبکات .
لەکۆتاییدا دووبارەی ئەکەمەوە کەوا ئاییندەیەکی زۆر ترسناک چاوەڕێی میللەتەکەمان ئەکات ، بە دیکتاتۆر بوونی باڤل تاڵەبانی و بێهەڵوێستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیش ئاماژەن بۆ ئەم مەترسییە . چونکە کوردستان ساڵانێکە و تاکو ئەمڕۆش بەدەست دیکتاتۆرییەتی مەسعود بارزانییەوە دەناڵێنێ ، ئێستا ئەوەتا بافڵ تاڵەبانیشی هاتە سەر .
یەکێتی لەژێر سێبەری دیکتاتۆرێکی تازەوە ئەوەندەیتر بچووک ئەبێتەوە مەگەر پارتی وەکو حزبەکەی مونا قاوەچی لەرێگەی زێرەڤانییەوە چەندە کورسییەکی پەرلەمانی بەخێر بداتێ ئەویش تەنها بۆ جوانکردنی سیما ڕەشەکەی حوکمە تاکڕەوییەکەی لەکوردستاندا ..