خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێڕان بەکار ناهێنین!

Thursday, 09/09/2021, 20:33

2970 بینراوە


بیست و یەک ساڵ لە دەستپێکی هەزارەی سێ تێپەڕیوە! لەوەها سەردەمێکدا دەژین کە رەخنە گرتن و شڕۆڤەکردن و دەست بردن بۆ خەسارنایی لە ئاست بەشێک لە مێژووی کورد و سەرکردەی کورد و حیزبیی کوردیی هێشتا هەروەک کفرکردن چاولێدەکرێ! نەهامەتیەکانی دوژمن لە جێی خۆی بوەستێ، ئەوەی کە ناخی مرۆڤ ئازار دەدا چین و توێژێکن لە کۆمەڵگا کە ناوی نووسەر و شاعیر و روناکبیر و… لە خۆیان ناوە. ئەو چین و توێژە وێنەی خۆرە ئەچن کە هێدی هێدی تان و پۆی کۆمەڵگا دادەوەشێنن ولە ناوی ئەبەن. لە دوای هەر شکستێکیش کە بەسەر گەلەکەماندا دێ بەدەستی حیزبی داڕوخاو و سەرکردەی خاین و  لەرزۆک و ترسنۆک، وەک کارگە گولە سەر دەردێننەوە و خۆیان دەخەنە پاڵ شکستێکی دیکە! ئەو چین وتوێژە زۆر لە داگیرکار مەترسیدارترن، پێنووسی ئەوان لە برینی فیشەکی دووژمن بە ژانترە.
یەکەم سکرتێری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران ) لە شاری مهاباد قازی محەممەد بووە. کە لە بەستنی کۆنگرەی یەکەمی ئەو حیزبەدا ئەو بەرپرسایەتیەی پێدراوە. لەم کورتە وتارەدا ناکرێ بە وردیی بچینە ناو قوڵایی رووداوەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و پرسی کۆمار و دروستکردنی حیزبی دێمۆکڕات لەو سەردەمەدا.
ئەوەی کە دەبێ بایەخی پێبدرێ مێژووی ئەو حیزبەیە دوای کۆنگرەی یەکەمی ئەو حیزبە. قازی محەممەد وەک هەر مرۆڤێک لایەنی کەسایەتی وئەرێنی ونەرێنی هەبووە. سەرکردەیەک کە دەبێتە خاوەنی پێگەیەک گرینگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستە زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی بکا. تا ئەوڕۆش خۆبەدەستەوەدان و خۆ تەسلیمکردنی قازی بە ئەڕتەشی ئێران و چل و پێنج کیلۆمتر چون بەرەو پیلی فەرماندەیەکی نیزامی ئەوکات بە دەگمەن لەلایەن کەسانی شارەزای مێژو و خەسارناسیی بۆ کراوە. بۆیە تا ئەو سەردەمەش وەک قارەمان و کەسایەتیەکی کاریزماتیک سەیری دەکرێ! لە ناوکەم نەتەوەدا بابەتی بەو جۆرە وەک مێژوو هەڵدەسەنگێندرێ!ئەتوانین بڵێن تائەو کاتەش خۆبەدەستەوەدان لە ناو ریزەکانی ئەو حیزبە بۆتە نەریتیکی دوور لە ئەقڵی ستڕاتیژیکیی . مانەوەی نزیک چواردەیە لە کەمپەکانی کۆیسەنجەق لە باشووری کوردستان بەڵگەیە بۆ ئەو بارودۆخە.
گووتنی سەرووی ئەو بابەتە لە فەرمایشتەکانی خالید عەزیزیە کە خۆی وەک کەسی یەکەمی لایەنێکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەناسێنێ. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگای خەواڵووئەوەیە کە بۆ دیتنەوەی جوابی پرسە گرینگەکان نە پرسیار دەکا،نە دەکۆلێتەوە ،نە دەخوێنێتەوە!حیزبێکی ٧٥ ساڵ تەمەن کە خۆیان بەخاوەنی کۆمار دەزانن، ئاکارەکانیان بۆتە هۆی ئەوەی کە دووژمن دڵی پێی خۆشبێ.
ئەو ڕۆژانە ئاڵوگۆڕیی خێرا و مەزن لە سکی گەردوون دێنە دەرێ، پرسی ئەفغانستان و هەرەشەی کەشانەوەی ئامریکا لە عێڕاق و ناوچەکە و مەترسی گەورە لە باشووری کوردستان وداگیرکاریی تورکیا ودەیان بابەتی دیکە بۆتە جێگای نیگەرانی بۆ کۆماری ئیسلامی.راگەیاندنەکانی ترساندنی سپای پاسدارانی سەر بەئێڕان بۆ دانیشوانی کەمپەکانی کۆیسەنجەق و زڕگوێزە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەندکراون، فەزایەکی پاڕانەوە و کڕووزانەوەی بۆ کۆمەڵەکان ودێمۆکڕاتەکان پێکهێناوە کە بەرپرسانی هەرێمیش ناچار بکا، هۆشداریی بدەنە ئەو حیزبانە.
خالید عەزیزی ، شێوەی ئاخاوتنەکەی وانیشان دەدا کە هەر کەس وادەزانێ  هێرشکردنە سەر ئێڕان بۆ ئەوان زۆر هاسان بووە لە رابوردودا. بۆیە ئێستێ دەڵێ خاکی هەرێم بۆ هێڕشکردنە سەر ئێران بەکار ناهێنین! ئەوەیە چارەنووسی سیاسیی حیزبێک کە لە ناوخۆیدا تەبایی بە خۆیەوە رەوانابینێ و لە خۆبەزلزانیی زیاتر هیچیان دەمێشکدانییە.
هەڕەشەکان بە کردوە کران!
لە دوێننێوە تۆپبارانی ئەو شووێنانە لە باشووری کوردستان دەستی پێکردوە کە بنکە و بارەگای بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە. بە پێی هەواڵگەریی BBC گۆیا ١٥ کەس لە ئەندامان وبەرپرسانی باڵا / ئەڕشەد/ لەو تۆپبارانەدا گیانی خۆیان لە دەستداوە.
ساڵهایە داواتان لێدەکەن بەشداری پێكهێنانی کۆنفڕانسیی نەتەوەیی کورد / ک،ن،ک/ ببن. خۆمەزن دیتن رێگای پێنەداون لە سواری فیل دابەزن و بەشداریی لە چەتڕێکی نەتەوەیی بکەن بۆ تەواوی کوردستان، تا لە رۆژیی تەنگانەدا پشتیوانی جەماوەرلە هەر چواربەشی وڵات بۆ لای خۆتان ڕاکێشن. ئەوەندەی باوەڕتان بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کرد با نێو ئەوەندەتان دۆستایەتی دەگەڵ باکور و رۆژئاوا نەکردبایە. چون خاوەنی هیچ ئیرادەیەکی سیاسی نەبون. هۆیەکەش روونە. هۆی سەرەکەش خۆبەدەستەوەدان بووە بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە