دیموکراتی تیۆری و دیموکراتی پراکتیکی و سوود و زیانەکانی

Sunday, 12/09/2021, 19:00

4889 بینراوە


سەرەتا دەمەوێت بەم پرسیارە دەست پێ بکەم (ئایا سیمپڵی دیموکراتی چارەسەرە)) ؟

پێناسەیکی کورت و گشتی :

دیموکراتی واتە گەل خۆی فەرمانڕەوا و خاوەن بڕیار بێت، هەر گەلیشە حکومەت و دەسەڵات هەڵدەبژێرێت، شێوە و سیستەم و بڕیاردان لە ڕێگەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی دیاری دەکات، هەر گەلیشە بناغەی حوکمە، سەرچاوەی ئەو یاسایانەیە کە دەوڵەتی لە ژێردا ملکەچ دەکات.

سوودی سیستەمی دیموکراتی تیۆری چییە ؟

لەوەیە ببێتە هۆکاری بەرقەراری سیاسی و بە یەکێک لە کەرەستە یاریدەدەرەکان دادەنرێت کە پاڵپشتی کەمکردنەوەی ڕێژەی گەندەڵی و کەرەستەی یاریدەدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و برسیەتی و هەروەها پاڵنەریشە بۆ گەشەسەندنی ئابوری و فاکتەرێکیشە بۆ فراوانبوونی چالاکیەکانی چاودێری و شەفافیەت... بەڵام خوودی باسەکە لەوەدایە بە درێژای مێژوو لەسەردەمی سەرهەڵدانی دیموکراتی تا ئێستا مقۆ مقۆ و ڕای جیاوازی لەسەر بووە لە لایەن دیموکرات خوازان و نووسەران و خوودی فەیلەسوفەکانیش، بە هۆکاری ئەوەی هەندێک دیموکراسی بە ڕووخسارێک دادەنێن بۆ شاردنەوەی کاروبارە پۆخڵەواتەکانی دەسەڵاتتداران کە لە دواتردا دێمە سەر باسکردنی ئێستا ئەوەی مەبەستمە لە دیموکراتی و سوود و زیانی دیموکراتی تیۆری تێبگەین...
وەک لە سەرەوەدا ڕوونمان کردەوە مانا گشتیەکەی دیموکراتی و سوودەکانی چین ئێستا دێینە سەر زیانەکانی دیموکراتی..

زیانەکانی دیموکراتی چییە ؟

پاڵنەری سیاسیەکانە تا دەنگدەری زیاتر بە دەست بهێنن بۆ بردنەوە بە بێ ڕەچاو کردنی ئامانجی سەرەکی کە ئەویش چاکسازیە.
وێنا کردن و نەخشە داڕشتنی سیاسەتی فەرمانڕەوای لە لایەن چینێکی کەمینەی دەوڵەمەندەکان و زیادبوونی بودجەی تەرخانکراوی هەڵبژاردن.
هەرگیز گەل ناتوانێت حوکمی خۆی بە خۆی بکات هەر لەبەر ئەوە مەوداکان فراوانتر دەبن بە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەر لە نێوان دیموکراتی تیۆری و دیموکراتی پراکتیکی.
سەرکردەکان بۆ بەڕێوە بردنی چەمکەکانی حوکم بە پێی توانا سازی دانانرێن بەڵکو بە پێوەری کارکردنیان و دڵسۆزیان بۆ حزب و هەبوونی ڕێژەی پێویستی پاڵپشت بۆ دانانیان لەو شوێنانە واتە کەسی نەشیاو بۆ شوێنی شیاو.
ڕێگا خۆشکردن بۆ کۆی گشتی خەڵک کە ئەمەش کردنەوەی دەرگایە بۆ کۆمەڵی گێرە شێوێنی نەزان بۆ هاتنە ناوەوەیان لە کاروباری دەوڵەت تا کاری قێزەونی تێدا ئەنجامدەن لە ژێر ناوی دیموکراتی.
کاڵبونەوەی پەیوەندی لە نێوان بەرپرس و هەڵبژێرەکانی بە بیانوی ئەو بەرپرسە وێنای بەرژەوەندیەکانی گەل دەکات لەو شوێنەدا.
زۆربوونی هەڵبژاردن و کەمبوونەوەی ماوەی فەرمان ڕەوای و خێرابوونی هەڵگەڕانەوە سیاسیەکان و نەمانی جێگری سیاسی.
نەهێشتنی ئازادی تاک لە ڕێگای لەناوبەری پەرلەمانی و زۆرینە لە ڕێژەی کورسی پەرلەمانی دەسەڵات دەبەن بەڕێوە.
بەنج کردنی گەل و بەستنەوەیان بە زنجیری ئاڵتوون.. لەبەر ئەوە هەست بەوە ناکات کە هەڵخەڵەتێنراوە یاخوود تاقیکاری لەناوبردنی لەسەر دەکرێت هەر بەو هۆکارە هەوڵ بۆ هەڵگەڕانەوە و شۆڕش نادات بە هۆکاری ئەوەی سیستمەکە ناوی دیموکراتیە.
زیادبوونی بەناو پارتە دژەکانی دەسەڵات ( معارضة )، کە ئالەتێکی لە ناوبردنی متمانە بە خۆبونی تاک و چاندنی ڕق و کینەیە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵ و هەر یەکەشیان داوای گۆڕێنی حوکم دەکات لە کاتێکدا سەرچاوەکەیان دەسەڵاتە یاخوود دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردن.
گرنگی نەدان بە دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا درووستبونی ئاشوب و قات و قڕی ڕاستگۆی و فەرمانداری ڕاستەقینەیە.
دیموکراتی نوێ :ئەوەی سوودی لێ دەبینێت گەل نیە بەڵکو ئەو لایەنانەن کە لە ژێر ناوی ریموکراتی کە هەڵخەڵەتاندن دەکەن لە دەنگداندا و دواتر بڕیارەکان تؿدەپەڕێنن بەبێ وەستان.
یموکراتی خواستی گەل نیە بەڵکو خواستی پیاوانی سیاسی و چینە دەوڵەمەندەکەیە کە یەکدەگرن دژی گەلان.
نەمانی پاکی و یاری کردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئامادەبوونی پۆخڵەواتەکانی کۆمەڵگا لە هەموو چەمکەکانی دەسەڵات و سەرلێشێواندنی گەلان و درۆ کردن لەگەڵیاندا.
زۆربوونی کۆمەڵێک لە بانگەشەی سەرنج ڕاکێش کە خواستی ڕاستەقینەی پێ هەڵدەخەڵەتێنرێت.
بەڵام وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێ کردووە نووسەران و فەیلەسوفەکان و ڕۆشنبیران ڕای جیاوازیان هەیە بۆ نموونە محمد ماغوط دەڵێت (خراپترین سیستمی دیموکراتی لە دنیادا لە ڕاستترین سیستمی دیکتاتۆری باشترە)،
جۆن گراهام سەبارەت بە دیموکراتی تیۆری دەڵێت ئەو بیرۆکەیەی ئەفڵاتۆن خستویەتیە ڕوو لەبارەی کەشتی گەمژەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە دیموکراتی کۆن و نوێ لە ناخونیدا پێکهاتەی کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراوی بێ چارەسەرە، تەنانەت هاوبەشی پێ کردنی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە ژیانی سیاسی بەو واتایە دێت کە هەموویان بەرجەستەی هەمان زیرەکی و تێگەیشتن و پسپۆڕین بە ڕێکاری پێرفێکت بۆ فەرمانڕەوای تەنانەت هەڵبژاردنیان بۆ بوارە جیاجیاکان وەک یەکە و وەک یەکیش بیر دەکەنەوە ئەمە سەرەڕای کۆکبونیان لە هەمان گرنگیدان بۆ بوارە سیاسیەکان لە هەر کاتێک دەنگی تؿدا بدەن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکە هەرگیز بە پراکتیکی بەدی ناکرێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانڕەوای و بڕیارە چارەنووس سازەکان بکەوێتە دەستی نەزان بێ ئاستەکان.
هەروەک'' نەوشیروان موستەفا '' سەرەڕای نووسینی چەندین کتێب و نامیلکە و بڵاوکراوەی ڕۆژنامەکان و شارەزا لە بوارەکانی جوگرافیا و مێژوو تەنانەت ڕامیاری و زانینی چەندین زمان کە خوودی خۆی لە لێدوانێکیدا دانی پێدا دەنێت بەو هەموو توانایەوە خۆی بە شایستەی بەڕێوبردنی شارێک نازانێت نەوەک بەڕێوبردنی هەموو ووڵات، سیاسەتی ئێستای کوردستان بوە بازاڕی عكاظ ی کۆن کە ساڵانە کاڵاکانی تێدا هەڕاج دەکرا، سیاسەتی بەناو دیموکراسی کوردستان هەمان بازاڕە لەسەردەمێکی جیاوازدا کە سیاسیەکان خۆیانی تێدا هەڕاج دەکەن و هەگبەکانیان دەکەنەوە و دەبێت گوؿ لە ووتە باق و بریقەکانیان بگریت باشیش دەزانین کە تەنها بەڵێنی پێش هەڵبژاردنە و هیچی تر
جۆرج برنارد شۆ دەڵێت:
(یەکێک لە کەم و کوڕییەکانی دیموکراتی ئەوەیە زۆرت لێ دەکات گوێ لە گەمژەکان بگریت))، ...
لە هەمان کات کۆمەڵێک خۆیان لە میدیاکانەوە نمایش دەکەن و دەست دەخەنە سەر کەم و کورتیەکان و دواتر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە خۆشیان لە بیر دەچیتەوە نەک بەڵێنە چاکسازیەکانیشیان هەموویان خاوەنی هەمان بیرۆکەن خاوەنی هەمان پلانن خاوەنی هەمان جێ بەجؿ کردنن تا پاڵپشتیەکان کۆدەکەنەوە چاو بەستنیان لەگەڵ دەکەن و هەڵیان دەخەڵەتێنن تا دەگەن بە دەسەڵات دواتر وەک ئەوەی نە ئەوان بوبن نە خاوەندارێتی بەڵێنەکانی پێشووشیانبن.
پاشان تاقیکاری هەموو سیستمێک هەر لە (دیموکراتی یاخوود دیکتاتۆری یاخوود پادشای...هتد) پێویستی بەگەلێکی زیندووە تا بتوانێت گۆڕانکاری تێدا بکات یاخوود تاقیکاری لەسەر بکات بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کورد تەنها سەد ساڵێک دەبێت ئاشنایەتی لەگەڵ سیاسەت پەیدا کردووە و جگە لەوەش هەردەم شوێنکەوتەی سیستمی فیوداڵی بووە، و نوێنەرانێکیان هەڵبژاردووە کە بەڕاستی شایستەی ئەوە نەبوون کەنەک نوێنەری گەلێک بن بەڵکو نوێنەری ماڵەکەشی بێت، ئەمانەو چەندین هۆکاری تر هەر لە ڕووی پەروەردەی و ئاشنا نەبوون بە هیچ سیستمێک و بێ ئاگابوونی کۆمەڵگەی کوردی لە مافی تاک و نەزانینی تواناکانی تاک هەر لەبەر ئەو هۆکارە جارێکی تر
برنارد شۆ دێتەوە گۆ و دەڵێت (دیموکراتی یا هەر سیستمێکی تر نەگونجاوە بۆ '' کۆمەڵگایەکی نەزان ''بە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی گەمژەکان چارەنووست دیاری دەکەن)
لە پەڕتووکی گەندەڵی و فەرمانڕەوای نووسەر  (سۆزان ئاکرمان)، کۆمەڵێک کەم وکورتی سیستمی دیموکراتی خستۆتە ڕوو کە دەڵێت دیموکراتی خۆی لە هێزی گەندەڵی دەبینێتەوه وەک لە درووستکردنی بەربەست بۆی، لەبەر ئەوەی هێزی دامەزراوە ئابوریەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە یاری کردن بە دەنگی هەڵبژێرەکان لە ڕێگای بەرتیلی هەڵبژاردن یاخوود سپۆنسەرکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی کەسەکان بۆ پێگە سیاسیە گرنگەکان.
زیندوو ترین نموونەش بۆ ئەم ووتانەی سۆزان هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئێستای عێڕاق کە نرخی هەر کورسیەک بۆ دەنگدان بەو کاندیدانە گەشتبووە سەرو ٢ ملیۆن دۆلار.
کۆتای ئەم بابەتە بە ووتەکانی کاڕڵ بۆبر دەهێنم کە دەڵێت : (ئەو دیموکراتیەی کە بڕوامان پێیەتی و هیوامان لەسەر هەڵچنیوە هەرگیز دەوڵەتێکی پێرفێکت دەستەبەر ناکان، ئێمە باش دەزانین کۆمەڵێک لەو شتانەی کە ڕوو دەدەن نە دەبوو ڕوو بدەن، کارێکی منداڵانەیە گەر بە دوای کەماڵدا بگەڕێین لە سیاسەتدا و وە هەر پیاوێکی ئەقڵ پێگەیشتووی ڕۆژئاوای ئەو ڕاستیە دەزانێت کە هەموو کردەوەیەکی سیاسی خۆی دەبینێتەوە لە هەڵبژارنی خراپەکارێکی کەمتر).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە