چ پێشبینیەك لە بادینان بکەین؟

Monday, 13/09/2021, 18:03

4775 بینراوە


هێزەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا نزیك بوونەتەوە لە ناوەندی شاری دهۆك و مەترسیەکانی زۆر زۆر لەوە مەزنترە کەوا گەلی ئێمە چاویان لە ئاستیدا نووقاندوە. 

ئەڵبەت جۆرێك لە ڕێکەوتن لە ئارادایە بەو پێیەی تورکیا هەنگاوی فراوانتری ناوە لە نێو قوڵایی باشوور و ڕۆژانە جگە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی قەندیل، زیاتر و زیاتر دێتە نێو خاکی باشوور و بنکەو سەربازگەی زیاتری ، لێ داناوە. وەك ئاشکرایە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕێگە خۆشکەر و هاوکاری هێزی دوژمنی داگیرکەری تورکیان و پەرە بە پەیوەندیەکانیان ئەدەن بۆ ئەوەی ڕۆژێ زووتر تورکیا جگە لە بادینان بتوانێ بگاتە سلێمانی و گەرمیان.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بینیمان ڕۆڵەکانمان لە بادینان چەندین چالاکیان دژ بە هێزەکانی داگیرکەری تورکیا نواند و توانیان سەربازگەیەکی تورکیا لەوێندەرێ، ئاگر تێبەر بدەن. لەبەرانبەر ئەوەدا وەك ئەوەی چاوەڕێ ئەکرا لە پارتی و بنەماڵە خاینەکەی مەسعود کەوتنە وێزەی ئەو خەڵکە ئازایە و چەندینیان لێ زیندانی کردن و دواتر بەمەوەشەوە نەوەستان و هەرچی دەنگێکی ناڕەزایی و دژ بە داگیرکەری تورکیایە، دژایەتیان کردن و بەو کۆمەڵە ڕۆژنامەنووسانە کۆتایی هات کەوا چەندین دەوڵەوت و ڕێکخراوی جیهانی و نەتەوە یەکگرتوەکان هاتنە سەر خەت و دوای ئازاد کردنیان دان، لێ ئەو داوایە جێ بەجێ نەکرا و ئێستاشی لەسەر بێ، وەك خۆی ماوە و بواری گرتن و ڕاونانی چەندینی تر بەردەوامی هەیە.
بواری داگیرکاری لەڕێگای سەربازیەوە جگە لەوەی ئەرکی تاك بە تاکی هاوڵاتی کوردستانە بەری پێبگرن، لەهەمان کاتدا پێوستە خەڵکی بادینان مافی بەرگری کردن لە خۆیان بکەنە ئەرکی سەرەکیان و گوێ بە دەسەڵاتەکەی پارتی نەدەن بەهەمان چاوی دوژمن و داگیرکەر لێیان ،بڕوانن. پێوستە لە ئێستاوە خەڵکی زاخۆ و دهۆك و شیلادزە و ناوچەکانی بادینان جۆرێك لە بەرخودان و ئەرکی نیشتمانی نیشانی ناوچەکانی تر بدەن و خۆیان بەدەستی خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن.. ناکرێ بە چەواشەکاری پارتی و حزبە ئیسلامیەکان هەڵبخەڵەتێن و پشت بکەنە دوژمن. بەڵکە، هەلێکی زێڕین هاتۆتە کایەوە بۆ ئەوەی ئەو فشارەی لەسەر قەندیلە، کەم بکرێتەوە بەوەی بادینان بکەونە خۆیان و گیانی بەرەنگاری بەرجەستە بکەن.
بەندە دڵنیام لەوەی خەڵکی بادینان دەستە وەستان نابن لەئاست ئەو داگیرکاریانە و وەك چۆن لە شیلادزە بینیمانن هەڵمەتیان بردە سەر جەندرمە و چەندین تانك و زریپۆشیان لێ سووتانن و دوژمنیان تێك شکاند، ئاوهاش بەهەمان گیانی گەریلاوە ئەمجارە دوژمن تێك و پێك ئەشکێنن و خەونە نەزۆك و پیلانە گڵاوەکەی ئەردۆگان و بارزانی، لەناو ئەبەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە