خی جینپین(xi jinping) و سەندرۆمی ستۆکهۆڵم

Wednesday, 15/09/2021, 15:55

4644 بینراوە


ناکۆکی نێوان (سارتەر) و (میشل فوکۆ) ئەوەبوو، کە (سارتەر) باوەڕی وەهابوو مرۆڤ مێژوو دروست دەکات، (فۆکۆ)ش دەیوت: مێژوو مرۆڤ دروست دەکات. ئەمە وەک ئەوە وایە، کە بڵێین: مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکە.


لە ئەزمونی سەرۆکی چینەوە وەک ئەزمونی هەموو دیکتاتۆرەکان، تێدەگەین، کە مرۆڤ و مێژوو لە یەکتری جودا ناکرێنەوە، مێژوو و زەمەن، مرۆڤ دروست دەکەن و مرۆڤیش کاردانوەی لەسەر مێژوو هەیە. 

خی جین پین کێیە ؟

باوکی (خی جین پین) یەکێک بوو لە دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیست لەگەڵ ماوتسی تونگ، بۆیە خێزانەکەی لە چینی بالای پارتی کۆمنیست بوو، (خی) لە خوێندنگای بەناوبانگی چینی هەڵبژێراوی پارتی کۆمۆنیست دەیخوێند، بەڵام بەهۆی ئەوەی (ماوتسی تونگ)، وەک زۆر لە دیکتاتۆرەکانی جیهان، بۆ مانەوەی تەنها خۆیان و لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆن، لەسەردەمێکی دەسەڵاتیاندا بە ناوی ڕیفۆرم و خیانەتی نیشتمانی هەموو دەنگە ناڕەزییەکان دەخەنە بەندیخانە، یان دەیان کوژن.
باوکی (خی) یەکێک بوو لەو بەندکراوانە لەگەڵ زۆر لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست وەک کەسانی کۆمپلۆتیست دژی سیستەم، ئیتر خۆی و خێزانەکەی وەک کەسانی خیانەتکار دەبینران. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە باری ژیانی دەگۆڕێت و ناتوانێت لە خوێندن بەردەوام بێت.
لە تەمەنی نۆ سالیدا دەیبەن بۆ پەرەوەردەکردنی بە ئەشکەنجەدانێکی زۆر و لەبەرکردن و وتنەوەی ڕستەکانی (ماوتسی تونگ) بە درێژایی ڕۆژانە لە بەندیخانەی پەروەردەدا بە مێتۆدێکی زۆر توندوتیژ. چەند جارێک خۆی بینیوەتەوە لە بەردەم مردندا، بەڵام دواجار نایکوژن. 
(خی) بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەو کەسێکی خیانەتکار نییە، لە برادەر و دەوروبەری زیاتر توانای دەخستە گەڕ و هەوڵی ئەدا، هەموو وتار و قسەکانی (ماوتسی تونگ)ی لەبەرکردن وەک خۆی و زیاتریش، لە هەمانکاتدا باوکیشی وەک باوک رەتدەکاتەوە هەتاوەکو بیسەلمێنێت کە ئەو هاوسۆزی باوکی نییە و نەیکوژن.
بۆ سزادانی لە تەمەنی پانزە ساڵیدا دەینێرن بۆ دێهاتەکان لەگەڵ جوتیاراندا ، بۆ ماوەی سیازدە ساڵ ژیانێکی کولەمەرگی دەژی، هەندێک لە هاوەڵەکانی لەبەر سەختی ژیانیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، بەڵام ئەم بەردەوام دەبێت. لە بیست و دوو ساڵیدا دەگەرێتەوە بۆ لای خێزانەکەی لە پەکین. نۆ جار هەوڵ ئەدات کارتی پارتی کۆمۆنیست وەرگرێت بەڵام پێی نادرێت لەبەر ئەوەی باوکی خیانەتکار بوو، دواجار بەهۆی یارمەتی برادەرێکییەوە ئەتوانێت ڕابردووی بسڕێتەوە و کارتی پارتی کۆمۆنیستی وەدەست دەخات.
ساڵی 1979 بە بڕیاری سەرۆکی نوێی چین ( Deng Xiaoping) باوکی ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی. (خین) کاری سکرتێری گشتی وەزیری بەرگری پێ دەسپێردرێت. بەڵام ئەو کەسایەتیانەی لای چینیەکان گرنگن و ڕەوایان هەیە، ئەوانەن کە لە نزمترین پلەوە دەست پێدەکەن،  بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلە، لەبری ئەوەی بەهۆی توانای خێزانییەوە بگەنە دەسەلات، بۆیە (خین چین پین) بڕیار ئەدات لە سەرەتاوە دەست پێبکاتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لادێ و لەگەڵ جوتیاراندا دەست دەکاتەوە بەکار وەک ئەندمێکی پلە یەکی پارتی کۆمۆنیست و پلە بە پلە بەرز دەبێتەوە. پاشان لەگەڵ کچە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی سوپای بەناوبانگی چیندا خێزان پێک دەهێنێت و بەو بۆنەیەوە زیاتر دەناسرێت، ژنەکەی دەبێتە یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی لە بواری کۆمۆنیکاسیۆندا و فێری دەکات چۆن هەڵسوکەوت بکات لەبەردەم کامێرا و کۆمەڵگەدا.

ساڵی 2012 دەبێتە سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین و پاشان سەرۆکی چین.

(خی جین پین) لە بری ئەوەی تۆڵە بسێنێتەوە لەو سیستەمەی، کە باوکە بێ تاوانەکەی خستە زیندانەوە و خۆشی خستە بەندیخانەی پەروەرەدە بە ئەشکەنجەدانی و دەرکرنیان لە کۆمەڵگە، بە پێچەوانەوە وەک سەندرۆمی ستۆکهۆلم سیاسەتی دوژمنەکانی دەگرێتە بەر بەوپەڕی توندڕەوییەوە؛ بە ناوی کۆمپلۆتیست و گەندەڵییەوە (خی جینپین) هەمان کاری (ماوتسی تونگ) و دیکتاتوەرکانی جیهان دووبارە دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەلاتی تاکڕەوی. هەموو کەسانی ئۆپۆزیسۆنی دەروبەری دەخاتە بەندیخانەوە ، 170 وەزیر و چوار هەزار پلەداری سوپا و سەدەها ژەنەراڵ، نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەسی چواردەوری خۆی دەخاتە بەندیخانەی پەروەردە، وەک (ماوتسی تونگ) زیاتر توندڕەوتر لە سیاسەتی تاکڕەوانەی ئەو، هەمان ئەو سیاسەتە دەگرێتەبەر کە لە بەرامبەریدا کرابوو لە ئەشکەنجەدانی  خەستەخانەی پەروەردەدا، ئەویش بە کردنەوەی سەنتەری پەروەردە و سەرپەرشتیکردنی دانیشتوان بە تەکنەلۆژی مۆدێرن.
ئێستاکە (خی) دەیەوێت جیهان داگیر بکات و سیستەمی چینی وەک مۆدێلێک بسەپێنێت بە سەر هەموو مرۆڤایەتیدا وەک خەونی زۆر لە دیکتاتۆرەکان. دژی دیموکراسی و ئازادیی تاک و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و گشت بەها ئونیڤێرسێلەکان بەتایبەتی دیموکراسی ئەوروپی دەوەستێتەوە.
***

هەندێک لە زانیارییەکان لە دۆکیومەتەری تەلەفزوێنی فەرەنسی ؛ Art ێوە وەرگیراوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە