جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


ئۆباڵی ئاستەنگییەکانی بەردەم سەرکەوتنی گەلی کورد لە گەردنی بنەماڵەی بارزانییە

Wednesday, 15/09/2021, 16:51

7042 بینراوە


پێم وابێ لە ئێستادا ئیتر هەمووان ئاگادارن کە شەڕی سێهەمی جیهانی لە ئارادایە. کوردستانیش لە چەقی ئەم شەڕەدا هەڵکەوتووە. ئاگاداریشن کە پەیمانی لۆزان خەریکە بەرەو کۆتایی دەڕوات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین دەکرێتەوە. ئەم دۆخە هەم دەرفەتی بۆ گەلی کورد خولقاندوە و هەمیش مەترسی. درگای مەترسییەکان و دەرفەتەکانیش کراوەن. کورد بە یەکگرتوویی و بە پلانێکی کوردستانی، دەتوانێ مەترسییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت. 
باوەڕیشم وایە ئیتر قۆناخی ئەوەش بەسەر چووە کە هەر کوردێکی وڵاتپارێز و ئازاد هەست بە گرنگی ئەم یەکگرتووییە نەکات. ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوە نییە کە یەکگرتوویی گرنگە یان نا؟ پرسیارەکە ئەوەیە کە کام لایەن بەناوی کوردەوە کۆسپی سەرەکی سەررێی یەکگرتووییە؟! پرسیار لەوە گرنگتریش ئەمەیە کە لە ئێستادا کام لایەن کەوتۆتە خزمەت ئەجنداکانی داگیرکەرانەوە؟ 
لە ئێستادا و لەم قۆناخە چارەنووسسازەدا بنەماڵەی بارزانی هاوتەریب لەگەڵ هەرچوار داگیرکەرەکە پیلانەکانیان جێبەجێ دەکەن! هەندێ قەڵەمفرۆش و زۆڕناژەنی بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی رۆژهەڵاتییەکان تا دوێنێ وایان نیشان دەدا کە بنەماڵەی بارزانی کێشەی لەگەڵ ئێران و بەغدا هەیە و لەگەڵ تورکیاش پەیوەندییەکانیان ئاساییە! کەچی رەوتی رووداوەکان و ئێعترافەکانی ئەو بنەماڵەی رووی ئەوانیشی رەش کرد (قسەکانی نێچیر و ڤیدیۆی چاوپێکەوتنی قاسم سڵێمانی و مەسعود و ...). بنەماڵەی بارزانی لە ئێستادا گەورە و بچووکیان دەوری حەسەن خەیرە دەبینن. زلهێزەکان کە هاوشێوەی سەدەی رابردوو و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان دەیانەوێ جارێکی دیکە کوردستان بەداگیرکراوی و لە بن کۆنترۆڵی داگیرکەراندا بمێنێتەوە، ئەو بنەماڵە بەناوی کوردەوە رەوایی بۆ ئەو پرۆژە نگریسە دەستەبەر دەکەن.
پەیوەندی ئەو بنەماڵە لەگەڵ داگیرکەران بەگشتی و ئێران و تورکیا بەتایبەت، پەیوەندییەکی کۆیلە و کۆیلەدارە و سایکۆلۆژی و منتالیتەی ئەو بنەماڵە سایکۆلۆژی کۆیلەیە و هێچ کات خۆی لەگەڵ داگیرکەراندا هاوتەراز نابینێت! هەر بۆیە داگیرکەران خاڵی لاوازی گەلی کوردیان بینیوەتەوە و توانیویانە لەو رێگەوە پیلانەکانیان جێبەجێ بکەن. 
- سێ-چوار مانگە شەڕێکی گران و چارەنووس ساز لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە نێوان هەپەگە و ئەرتەشی داگیرکەری تورک لە ئارادایە. لەو شەڕە نابەرابەرەدا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نەیتوانیوە کەمترین سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لەو شوێنانە کە پێشڕەوی کردوە، یەک هۆکاری هەیە و ئەویش خەتی خەیانەت و چەکداریان پارتی پێشیان کەوتوون. ئەمە جگە لەوە کە میدیاکانی زۆنی زەرد کە بە قوتی دزراوی گەلی باشووری کار دەکەن، بە هەموو توانایانەوە کەوتونەتە خزمەتی ئەئامانجەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و سەرباری ئەوە کە کاربەدەستە جۆربەجۆرەکانی تورکیا بەئاشکرا دەڵێن کە ئەوان دەیانەوێ میساقی میللی زیندوو بکەنەوە، ئەوان پەکەکە بەهۆکاری لەشکر کێشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ناودەبەن! با درێژەی پێنەدەم و پێم وایە ئەوەی ویژدانی بێت ئەم راستییانە دەزانێت. لە بەرامبەردا سەرەڕای شەهید کردنی چەند گەریلای هەپەگە لە لایەن چەکدارانی پارتییەوە، پەکەکە بەردەوام داوای یەکڕیزی دەکات و هەموو داو و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سەر بە کەجەکەی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوە شەڕ روو نەدات و یەکڕیزی گەلی کورد تێکنەچێت.
- پارتە رۆژهەڵاتییە پرۆ بارزانییەکان کە لە ئێستادا یارمەتی لە پارتی وەردەگرن، پێشتر کە زۆرتر لە لایەن یەکێتییەوە یارمەتی دەدران، لە باشوور خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون و لە حاڵی خۆشیان مەمنوون بوون، بەڵام دوای ئەوە کە یەکێتی کەوتە ئەو دۆخە، پارتی کە لە بنەڕەتدا گرێدراوی ئێرانە، ئەم هەلەی لەبار زانی و ئەو پارتانەی کردە کارتێک بۆ ئیمتیاز وەرگرتن و نزیکی زیاتر لە ئێران. چوونی پێشمەرگەکانی ئەو پارتانە بۆ سەرسنوور و هێنان و بردنیان و ... هەمووی پەیوەندی بەم سات و سەودایەوە هەیە و سەرەنجام پارتی خەریکی بەئامانجەکانی خۆی دەگات. پێش هاوئاهەنگی نێوانی کازمی و ئێران، نێچیرڤان بارزانی و بەر لەوەش وەڤدی نهێنی پارتی لە ئێران لەسەر شێوازی مانەوەی پارتە کلاسیکە رۆژهەڵاتییەکان رێککەوتوون. پارتی هاوکات لەگەڵ ئێران لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران رێککەوتووە. ئەو عێراقە کە لە گاڵتەجاڕی بەناو رێفراندۆمەدا تەڵاقیان دەدات، لە ئێستادا لە هەر کات زیاتر پاراستنی بە ئەرکی خۆیان دەزانن و بە گەرم و گوڕی خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنن! سێ لایەن لەسەر ئەو پارتانە رێککەوتوون، ئێران، عێراق و بنەماڵەی بارزانی. بێ گومان هۆکارە سەرەکییەکە بنەماڵەی بارزانییە. 
- رۆژئاوای کوردستانیش لە دۆخێکی زۆر هەستیار و چارەنوسساز دایە. لەوێش بنەماڵەی بارزانی بەهائاهەنگی لەگەڵ تورکیا و لە رێگەی ساز کردنی ئەنەکەسە و چەتەکانی بەناو پێشمەرگەی رۆژەوە، بوونەتە خۆرەی گیانی شۆڕشی رۆژئاوا و لە بەرنامەیاندایە ئەوەی کە بە خوێنی دەیان هەزار شەهید و بریندار بەدەست هاتوە، لە ناوی بەرن!
- گەلی دۆست و برا، هیچ هونەرێکی تێدایە کە تۆ باسی مەترسییەکان بکەیت و داوای یەکڕیزی بکەیت. کاتی ئەوەیە قامک بکەیتە چاوی ئەو لایەنە کە هۆکاری سەرنەگرتنی یەکڕیزییە. سەردەم سەردەم هەڵوێستی یەکێک لە ناڵ بدە و یەکێک لە بزمار بدە نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە