دەنگ مەدەن زیندانەکە بشکێنن!

Wednesday, 15/09/2021, 18:12

6810 بینراوە


هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد زەمینەسازی ئەوێ. ئەوەی لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەگووزەرێ، هیچ بنەما و زەمینەسازییەکی تەندروست و گونجاوی تێدا نیە بۆ هەڵبژاردن. دوو حزبی چەکداری خاوەن هیز و پارەی لە ئەندێشە بە دەر، بە لەشکرێک میدیا و سۆشیال میدیاوە، کە دەیان جار هەڵبژێردراون و تاقی کراونەتەوە، لایەکی دیمەنەکەن. لە دیمەنێکی دیکەدا هەمان دوو حزبی گەندەڵی دۆڕاوی حوکمڕانی و دەسەڵات لە گەڵ حزبێکی دیسان دۆڕاوی نێو ململانێی ئەو دووە، کە لە هەوڵی خۆ ناشرین کردنی خۆیەتی، وەکو سێکوچکەی دەسەڵات دیارن لە گۆڕەپانەکەدا. لە دەرەوەی ئەمانە سێ حزبی ئیسلامی  ناکاریگەر، کە ئەگەر پێکەوە و کاریگەریش بن لە بەرەیەکدا، وەک ئیسلامی، نە تینوێتی کۆمەڵگای ڕەنگاڵەیی کوردی دەشکێنن و نە چەترێکن کە بتوانن هەمووان لە سایەی خۆیاندا کۆبکەنەوە. هەر بۆیە دەنگی زیاتر لە دەرەوەی ژینگە ئیسلامییەکە نابەن و تەنها ئاڵوگۆڕ بە ژمارەکان لە نێوان خۆیاندا دەکەن. نەوەی نوێی تاقی نەکراوەی بارگاوی و گوماناویش، دوای چەند جارێک خۆدان لە قەرەی هەڵبژاردن، هەر نەبوون بە ژمارەیەکی کاریگەر و بە تایبەتیش، لە دوای ئەو سکانداڵانەی له سەرەتاوە تووشیان هات و پەرت و لەتی کردن. بۆ ئەمیش ڕوون دیارە کە جەماوەر بە وریاییەوە مامەڵەیان لە گەڵ ئەکات، خۆ ئەگەر هیچ هۆکارێکی ئاشکراش نەبێت، تێکەڵ کردنی بازرگان و سیاسی لە نێو یەک جەستەدا ترسناکە. جەماوەر لە نێو یەکێتی و پارتیدا، سیاسیان بینی کە بوون بە بازرگان، بۆیە ناوێرن بازرگان تاقی بکەنەوە کە ببێت بە سیاسی. جگە لەمەش تا ئێستا شاسوار وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە (من این لك هذا؟) کە بێ گومان بە لێدانی شیش کەباب ئەکوادۆری چاڤی لاند و باڵەخانەی نیشتەجێ بوون و کەناڵی ئاسمانی پەیدا نابن. ئەمەش لایەکی دیکەی هاوکێشەکەیە. دوا لای دیمەنەکەش هەندێک حزبۆکەی بچووک و ناکاریگەر و دەستکەلا هەن لە گەڵ هەندێ حزبی کارتۆنی دروست کراو، کە هەرگیز نابن بە جێگرەوە. هەر بۆیە ڕام وایە کە لە کۆی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە ئاسنی سارد کوتانی جەماوەر بەو لاوە شتێکی  دیکە نابینم. ئەمانە هەموویان نە مایەی خێڕن و نە شایەنی هەڵبژاردنن. نە دەشتوانن ببنە جێگرەوەی یەکتری. ئەگەر من لە جیاتی جەماوەری دەنگدەر بڕیار بدەم، مێزی ئەم پرۆسەیە بە سەر هەموویاندا قڵپ ئەکەمەوە لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی هەرێم. بۆ ئەو ناوچانەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمیش هەر دەنگێک بڕوا بۆ کاندیدی هەر حزبێکی کوردی خێرە. چونکە تا ئێستا هیچ حزبێکی عەرەبی و تورکمانی پێشکەوتنخوازی دوور لە بیری شۆڤێنی و ئیتنی نابینم کە بتوانن کورد لەو ناوچانە وەکو مرۆڤی خاوەن ماف ببینن. جگە لەمەش لە نێو کەرکووکی و خەڵکانی تری ئەو ناوچانە حزبێکی کوردی جێگرەوە بۆ حزبەکانی هەرێم دانەمەزراوە. بۆیە هەرچیم ووت بۆ ناوچەکانی هەرێمە و ڕاست نین بەلامەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و خۆم لە قەرەی ئەوە نادەم. با کەرکووکی و ئەوانی دیکە بۆخۆیان بڕیار بدەن.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەی خەڵکی هەرێم دەنگ نەدەن چی بکەن؟ ئەگەر کۆنکریتی وەڵام بدەمەوە و لە بنی هەمانەکە بدەم، ئەوا ئەڵێم لە جێی دەنگدان بەم حزبانە، خەڵکی هەرێم دەبێت ڕاپەڕن. گەر بۆ ئەرگومێنت و بیانووش بگەڕێم، ئەوا دۆزینەوەیان، لە خۆی ئاسانتر نیە. لەوانەش:-
-کێ لە هەرێم هەناسەی پاک هەڵئەمژێت ئەمڕۆ؟ هۆکارەکەی چیە و کێیە؟ کێ قازانج لەمە ئەکات و کێش زیان؟ ئاشکرایە کەس هەناسەی پاک هەڵنامژێت.
-کام لە ئێوە قووتی ڕۆژانەی بە سانایی و لە ڕێگەی ئەو مووچە و پاداشتەی کار و کارکردن و کاسبییەوە دەست دەکەوێت، لە سایەی ئەم حزبانە؟ ئاشکرایە کەس.
-کێ لە ئێوە ئاوی خواردنەوەی پاکژ و تەندروستی دەگاتێ بە بێ کەم و کورتی و بەبەردەوامی؟ ئاشکرایە کەس.
-کێ لە ئێوە ژیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و باری شارستانی لە کات و سات و دۆخی تەندروستدا بۆ دابین دەکرێت؟ ئاشکرایە کەس.
-کێ لە ئێوە شەو بە بێ خەم و بە ئارامی سەر دەخاتە سەر سەرین؟ ئاشکرایە کەس...هتد.
تا ئێرە ئاشکرایە کە کەس پێداویستییە ژیانیی و فسیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دابین نەکراوە و ناکرێت!
سەرباری ئەوەش ئاسایشی هەر کامێکتان لە مەترسیدایە. لای پارتی زیندانەکان پڕن لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بێ تاوان. لای یەکێتی نا ئارامی و تەق و تۆقی ڕۆژانە و فرە کوێخایی و فرە هێزی هەیە، کە لە هەر ساتێک ئەگەری پێوە بوونت هەیە.
دادگاکان لەو پەڕی نادادی بڕیار دەدەن، دزێ بچووک دەگرن و گەورە نابینن، تایەکانی تەرازووەکەی لارە و بوون بە دەزگایەک بۆ ستەم کردن، نەک نەهێشتنی. ئەوانەشی لە دەرەوەی ئەم نادادی و بێ مووچەیی و بێ خزمەتی و ستەمە ئەژین، ئەوانە پیاوانی حزب و دەسەڵاتن یاخود پەراوێزەکانیانن، کە ئەم کەمینەیە دەنگدەری ڕاستەقینەی حزبەکانن.
هەر بۆیە ئەو هۆکارانە، لەوە زیاترن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم حزبانە و شکاندنی بتەکان و دەرگای زیندانەکە و تەلیسمی ترس. خۆ ئەگەر لە ١٠/١٠ حزبەکان دەنگ بە دەست بێنن و خەڵکی چەندبارە، ئومێدیان پێ هەڵچنێ، ئەوا یان تەزویر وساختە، کاری خۆی کردووە، یاخو دەروونی خەڵکی هەرێمی کوردستان شێواوە و لە دەرەوەی تیۆری پلەبەندی (ماسلۆ)٭بۆ پێداویستییەکانی مرۆڤ، کار دەکەن. دەنا دۆخی ئەمڕۆی تاکەکانی هەرێم لە خواری خوارەوەی هەڕەمەکەی ماسلۆ ئەخولێتەوە، چ جای ئەوەی بگاتە لوتکەی هەڕەمەکە بەوەی هەست بە بوون و هەیبەت و شوێنی خۆی بکات، تا ببێ بە خاوەنی بڕیاری ڕاست و هەڵبژێرێت!! هەر بۆیە بەر لەوەی هەڵبژێرن، زیندانەکانتان بشکێنن، تا وەکو زیندانیانی بادینانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی خاوەن ئیرادە بن و بگەنە لوتکەی هەڕەمەکەی ماسلۆ جا با ئازاد نەبن و زیندانیش بن.
٭تێبینی/تیوری ماسلۆ تیۆریەکی دەروونیە کە گەورە زانا ئەبراهام ماسلۆ لە دووتوێی لێکۆڵینەوەیەکدا لە ١٩٤٣دا، دیاری کردووە، لە ژێر ناوی (تیۆری پاڵنەرە مرۆییەکان).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە