هەلبژاردن چی لە بابەتەکە دەگۆڕێ؟

Wednesday, 15/09/2021, 18:25

4113 بینراوە


زۆرینەى خەڵک بەگلەیین،  گازە دەگرنو قسەیان لەسەر ئەو بارودۆخە هەیە کە ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان پێیدا گوزەر دەکات لەڕووى بێ بازاڕی، گرانی و قات و قڕی و نەبوونى هەلی کارو بێ ئاوى و بێ کارەبایی و ...هتد.
سەیر لێرەدا ئەوەیە لەگەڵ هەڵمەتەکانى هەڵبژاردندا کە خەریکە گەرم و گوڕی بەخۆوە دەبینێ و ئەوانەى تا هەفتەیەک، مانگێک، ساڵێک لەمەوبەر بەتووڕەییەوە زمانیان دەگەڕاند کە ئەوە کەى حکومەتە؟ حکومەتى وا خوا بیبرێ؟ زۆر عەیبە مرۆڤ بۆئەو زاڵمانە هەڵپەڕێ و شەڕە پەڕۆیان بۆ بکات، پیاو تۆزێ شەڕەف و کەڕامەتى هەبێت پەنجەى تێ نانێت و دەیەها قسەى زۆر لەوە گەورەتر.
زۆربەى کورد لەسەر ژێی سۆزو عاتیفە ڕێ دەکات بێ ئەوەى بیر لەداهاتووى هەنگاوەکانى بکاتەوە، ئەوەش کارەساتێکە جێی داخ و ئەسەفە، بەکڵۆجێ وەک تێبینى ئەو چەند ڕۆژەى دوایی دەدەم، هەر ئەو خەڵکە بێ نانکردنیان بیرچۆوە، بێ ئاو و کارەباییان لە مێشکدا سڕایەوە، ئەو زوڵم و ستەمەیان لەیاد کرد کە تا دوێنێ تەڵاقیان فڕێ دەدا کە دەنگ بە گەندەڵکاران نەدەن یان بچنە سەر سندوق  و کاغەزیان بە سپێتى بخەنە سندوقەوە، وەلێ ئێستا وەک نە بایان دیبێ نە بۆران، وەها مشەوەش بوونەو وەها کەوتوونەتە خۆ کە ئەگەرئەوان خەمخۆریئەو پرۆسەیە نەبن، ئەوە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە بەر شاڵاوى ئەنفال و جینۆسایدو لەناوچوون.. مرۆڤی مەرد خەم لەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە دەخوات کە دینارێ لەباخەڵی نیەو بە یەک زووڕنا دەکەونە هەلەکە سەماو دەکەونە تەپڵکوتان.
هەڵبژاردن چەقی گۆڕانکارییە، هەموو کەس دەتوانێ قسەى زل بکات، بەڵام کردار شەرتە بۆئەوانەى چاویان لە گۆڕانکاریە، نەخاسمە ئەوانەى مافیان دەخورێ، ژیانیان لێ زەوت دەکرێ.
قسەیەک بۆ ڕەوینەوەى دەنگدەران ئەوەیە: ئایا ئێمە چیمان پێ دەکرێ؟ دەنگ بدەین و نەدەین هەر ئەوان دەردەچن، تەزویراتیان پێش وەختە ئامادەیە، ئەو بۆچوونە دەنگ و دۆو واتە واتى ئەو کەسانەیە تا خەڵک لەو پرۆسەیە سارد بکەنەوە، بۆئەوەى قورسایی خۆت بسەلمێنی، بچووە دەنگدان و مەهێڵە دەنگەکەت بسووتێ یا کەسێکى تر لەجیاتى تۆ دەنگ بدات.
ئەگەر ڕێژەى بەشداری هاونیشتمانیان لەسەدا هەشتا بێت، ئەوە بواری تەزویرکردن تەنها لەسەدا بیست دەبێ و بەنەهاتنى نیوەى خەڵکى، نیوەى دەنگەکان تەزویر دەکرێ، هەرچەند بۆ هەڵبژاردنى ئەم جارە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر خەتە کە دەبێ هەڵبژاردنەکانى ئەم جارەى عێراق دووربێ لە دەست وەردان و ساختەکاری، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمریکاو ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان چیان پێ دەکرێ ئەگەر ئەو هەڵبژاردنەش وەکو هەڵبژاردنەکانى تر بەڕێوە چوو؟ ئەوە پرسیارێکەو وەڵامەکەى دوای ڕۆژانى ١٠ی١٠ وەردەگرینەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە