حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە نەخۆشیی لە دایک بووە!

Thursday, 16/09/2021, 12:20

5967 بینراوە


ژنێکی دووگیان تا کاتێک منداڵەکەی دێنێتە سەردونیاپێویستە لە ژێر چاوەدێری پزیشکدا ژیان تێپەرێنێ.
ژنی دووگیان دەبێ بە باشی ئاگای لە هەڵسوکەوتی خۆی بێ تا ئەو منداڵەی کە دێتە دونیا بە نەخۆشیی لە دایک نەبێ. حیزبیش هەر بەم جۆرەیە. حیزبێک کە بۆ رزگاریی دۆزێکی رەوای نەتەوەیەک لە سکی نەتەوەیەکدا دێتە دەرێ و دەست بەژیانی سیاسیی وکۆمەڵایەتی و ئابووری دەکا، دەبێ رێکارێکی سەردەمیانە لە سەرویست و داخوازیی گەلەکەی رەچاو بکا. منداڵ ئەگەرلە منداڵدانی دایکیدا نەخۆش کەوت، کە هاتە سەر دونیاش هەر بەنەخۆشیی درێژە بەژیان ئەدا. ئەو منداڵە ئازارەکانی تەنیا بۆ خۆی نییە، دەوروبەریشیی تووشی دەرد و ئازار ئەکات.
حیزبیش هەر ئاوایە، حیزبێک کە لە سەر خاکی وڵات وبە هزریی کۆمەڵگاوبە بێ ئیرادەی بەرپرسان وگەلەکەی لە دایک بووە، ئەوحیزبە تووشی ئازاریی لێكترازان ودووبەرەکی ولاوازی وشکست لە سەر شکست ئەبێتەوە. زۆری وکەمیی تەمەنی حیزبیی ئەوەندە چارەنووسسازنییە، ئەزمون وخەباتی بێوچان ولێهاتوویی ولێزانیی وهوشیاریی بەرێوەبەرانی ئەوحیزبە وکۆمەڵگایە ئاستی خەباتی هەر حیزبێک دەنرخێنێ. پێشینەی هەر حیزبێک گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، بە مەرجێک دەرس لە هەڵەکانی ئەو حیزبە وەرگێرێ. دووپات کردنەوەی هەڵەکان حیزبەکان بەرەو لاوازیی ئەبا ولە ویستوئاواتەکانی گەل دووریان ئەکاتەوە.
بەڵگەش بۆ ئەو بۆچوونە دیموکراتەکان و کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات کوردستانن کە لە ناو کەمپەکانی کۆی سەنجەق وزڕگوێزەڵەن لە باشووری کوردستان بە ناچاری لە خەبات وتێکۆشان وەستێندراون! لێڕەدا زیاترقسە لە سەر حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێرانە بەهەردووک باڵیەوە کە هەرکامیان پێداگرن لە سەر ئەوەی ٧٥ ساڵ تەمەنیی حیزبیان تێپەڕاندوە! دووحیزب بە پێشینەیەکی هاوبەش وناوێکی هاوبەش! وێنەی کایەی منداڵان ئەچێ کە جار جار شەڕی لە سەرئەکەن. ئەولێکترازان ودووبەرەیەکیەش هەر جارێ یەکەم نییە. تا ئەوسەردەمە چەند جاڕێک دووپات بۆتەوە. ئەدی حیزبیی نەخۆش ئاوە نەبێ چۆنە؟
لە سەفەری دووهەمی رەوانشاد قازی محەممەدا بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت کاتێک گەڕایەوە شاری مهاباد بە ڕاشکاوی بە خەڵكی وت:نە سۆڤیەت نە تورکیە ونە ئێران ونە ئامریکا رازی بە تێکۆشانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد نین، بۆیە بە ئێمەیان وتووە بڕۆن حیزبی دیموکراتی کوردستان دابەمەزڕێنن ولە چوار چێوەی ئێراندا داوای خودموختاری لە دەسەڵاتی ناوەندیی بکەن! نە ئەو حیزبە، نە ناوی ئەوحیزبە لە ناو سکی دایکی نیشتمان و کۆمەڵانی خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک نەبووە. بۆیە بە نەخۆشیی بە بێ ئیرادەی گەل هاتۆتە سەر دونیا!

بارودۆخێکی هەستیار!

لە چەند رۆژی رابوروودالە عەرزوئاسمان هێڕشیان لە سەرە! ، هەڕەشەی وەدەرنان لە کەمپەکاندا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێ، جگە لە کاردانەوەی کڕووزانەوەی حیزبیی هیچمان لە کۆمەڵەکان ودیموکراتەکان نەدیت! لە وەها بارودۆخێکی گران و هەستیارا دەبوایە پرسی دووبەرەکی و لێکترازان و ناکۆکیی درێژخایەنیان وەلانابایەوە رێگاچارەیەکی کوردخوازانەیان بۆ پرسە هەڵاوەسراکانی ناوخۆیی خۆیان کردبایە. هەر حیزبێک خاوەنی بڕیاروئیرادەی سەربەخۆی خۆی نەبێ بەوشێوەیە بێ دەنگیی هەڵدەبژێرێ کە ئەوانە هەڵیان بژاردوە! هەر دەڵێی لە سەر میراتی باوکیان تووشی لێکترازان بون! ئەگەر ڕێچارێکی گونجاو بۆ ئەو رۆژە تاڵانە نەدۆزنەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا گرفتی مەزن دێنە پێشێ.
دواررووخاندنی کۆماری مهاباد ولە سێدارەدانی خەباتکارانی ئەو کۆمارە، پرسی دامەزراندنی کۆمار کۆتایی هات! یەکەم سکرتێری ئەو حیزبەش کە قازی محەممەد بێ ژیانی خۆی لە دەستداونەیتوانی بەشداریی کەنگرەی دووی ئەو حیزبە بێ دوای نەمانی کۆمار. ئەوکەسانەش کە توانیان دەرباز بن خۆیان گەیاندە باشووری کوردستان وحەولی بووژاندنەوەی حیزبیان گرتە ئەستۆی خۆیان. یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کە بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی وبە دەستی چەکدارەکانی ئەو بنەماڵەی لە شاری سلێمانی تڕۆرکرا شەهید سەیدرەسوڵی بابی گەورەبووە.
ئەو شەهیدە بارودۆخیی ئەوکاتی حیزبی دیموکرات بەم جۆرە ئەنووسێتەوە لە سەردەمی هاتنی خۆی بۆ باشووری کوردستان، من دەقی بۆ چوونەکەی لێرەوە وەک خۆی ئەنووسمەوە، تا بزانین ئەو حیزبە چۆن گیرۆدەی نەخۆشیی دەسەڵات و کورسی ولێکترازان ودابەش دابەش کردن بووە!

سەرچاوە:

کتێبی، گێڕانەوەی بە سەرهاتی بێ سەروشووێنکراوێکی بێ گڵکۆ ومەزار، سەدیق ئەنجیری ئازەر.
لاپەڕەی ٥٢
لە نووسینی: بەڕێز دوکتوریاسین سەردەشتی.

لە ساڵی: ٢٠١٥ شەهید سەید رەسوڵی بابی گەورە ئاوای نووسیوە.

سەید رەسوڵی بابی گەورە(سەید رەسووڵی دێهقان) ئەندامێکی کومیتە ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.بەناحەق لە حیزب دەریانکرد. هاتە شاری سلێمانی تا لەوێ بژی. بنەماڵەی بارزانی وایاندەزانی ئەو کەسە گۆڕەکەی مەلامستەفای لە شاری شنۆ هەڵداوەتەوە. بۆیە زۆر ناپیاوانە لە سلێمانی چوونە بەردەگای ماڵەکەی تیرۆریان کرد.
من لە چ کاتێکدا هاتم بۆ باشوری کوردستان کە وەزعی نێوخۆی حیزب چ بوووچۆن بووکۆنگرەی ٢ی گیرا؟دەفتەری سیاسی وکومیتە ناوەندی هەڵبژێردرابون. کومیتەی چاوەدێریی بەرزیش هەڵبژێردرابوو. لە وێڕا بێ ئەوەی من بۆ خۆم بەشداربم بۆ چاوەدێریی بەرز هەڵبژێردرابوم. بە خەیاڵ کومیتەیەک هەیە ودەفتەری سیاسیەک هەیە ورێگاو شوێنێک هەیە! کە بەداخەوە بێجگە لە / ناکۆکی / ودووبەرەکی وهەر کەس هەرکەسیی، شتێك بە ناوی حیزبەوە نەماوە!
هەربرادەریش وەک بەرپرس دەگەڵ دەستەیەک لە دژی دەستەیەک ئەوی دیکەی تاوانباردەکرد وناوی نرابوو کاری حیزبیی! ماوەی دوو ساڵ دەگەڵ ئەو وەزعە پەڕێشانە هەر چۆنێک بوو رامان بوارد. بەڵام تاڵ بوو! ناخۆش بوو! کەس کەسیی قەبوڵ نەبوو! هەرکام بۆ لایەکی رادەکێشا.
ئەحمەد تۆفیق، سکرتێری حیزب بوو، زۆرتربە هۆمێدی بارزانی بوو کە بە راست کاریشی بۆ دەکرد. تێکەوتبو بە داخەوە وەزعێک هاتبووە پێشێ کە بارزانی دەگەڵ ئێران دۆست بوو، هەرلەوکاتەدا ئەحمەد تۆفیق لە گەڵ سەدیق ئەنجیری وسلێمان موعینی ناڕێک بوو، هەرچەند دەستەیەک دەیان ویست کە سدیق ئەنجیری دەبەرانبەر ئەحمەددا تۆفیق پشتی یەک بگرن ووەک هێزیی موخالیف راستی کەنەوە وکەڵکی لێ وەربگرن. بەڵام زۆربەداخەوە کاک سددیق ئەنجیری دەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر با سەوادبوو، کوڕی ئەو مەیدانە نەبووودە دونیای خەیاڵاتدا دەژیا.

قسەیەکی کورت

لەدوای هەر شکستێک ئەزموونێکی بەرچاوخۆی نیشان دەدا. هەر کەس یان حیزبێک ئەم ئەزموونە نەکاتە دەرسێکی مێژوویی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بەسەردێ. لەو کاتەوە ئەم حیزبە بۆتە خاوەن ناوکارو خەبات، داییم لە قەیران ودووبەرەکی وترازاندا ژیاوە. وێنەی مرۆڤێکی نەخۆش کە نەخۆشیی درێژمەودای تووش بووە. نەئەوەی بمرێ، ئەوەی چاک بێتەوە. لەو سەردەمەشدا کە هەڕەشەکان لە عەرز وئاسماندا بەسەریاندا دەبارێ دەست لە خۆفرێدان وخەڵك فریودان هەڵناگرن. ئەو حیزبە بە کاری چارەسەریی نایە بۆ داهاتووی کورستانی ئێران.

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کرتە لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە بکە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە