پاییزی ساڵی ١٩٨٦ دائیرەی ئەمنی ھەولێر

Friday, 09.17.2021, 19:57

1444 بینراوە


(کۆمەڵکوژی گوندی مەچلوبەی گوێڕی) لەشەوی١٩٨٨/٣/٢٨ بەدەستی پێشمەرگەکانی یەکێتی. ئەودەمەی عەفلەقیە بەعسیەکان لەکوێستانێ لەھەڵەبجەی جینۆسایدیان کردن ئەوان لەتۆڵەی وان لەو گۆڕەساتەی دەشتێ قەتل و عامی تەواوی ئەوانیان کردوە.

ھەوڵدان لۆ تەقاندنەوەی مەعمەل کبریتی شەرگاتی گوندی ئیبراھیم خەلیلی نێزیک مەچلەبوی لەتۆڵەی ھەڵەبجە. ھەتا موسڵ بەر غازی ژەھری کبریت بکەوی.
چایەخانەی باییزی، دائیرەی ئەمن...
زۆرن ئەوانەی بەیانیە بەرچاییەک یان دەستە دۆمینەیەکی ئێوارەیان لەچایەخانەی باییزی بەردەرکی دائیرەی ئەمن نەکردبێ ئەوانەش کەم نەبوون کەبەچاوی بەستراو و دەستی لەپشتەوە گرێدراو بەقونی سندوقی سوپەرەکەی مفەوەز وادی و سەرپێ شۆڕکردنیان لە کورسی دواوەی لەندکرۆزە بێ ڕەقەمەکان یان ھی المنظمات نەگەنە ئەودیوی شوورە بڵندە بەدەرگا ئاسنینە پڕ یاساوڵەکانی دائیرەی ئەمن.
ھەر لەوێش دەیان مەفرەزە خاسە و موختار و ژنە موعتەمەدەکانی بەعس بەسەربەستی یان دەچوونە ژوورێ یان لێی دەھاتنە دەرێ.
لەکوڕە زیتە چاونەترسەکانی شار بپرسن لەو قوتابیانەی لەڕێکخستنە نھێنیەکان بوون.
بزانن زللە فلاشەکەی ڕائید عەبدولسەلام و شووتی نینۆکە تیژەکانی پەنجە درێژ و پێیە پانەکانی مفەوەز وادی چەند بەئازار بوون.
لەوێ دەتوان لە ھانکە ھانکی ئەیادی سایەقی ئەمنی کوڕی موختاری گەڕەکی عارەبانیش بپرسن کەجغارەی بەجغارەی پێدەکردەوە کوو ئەو قژە درێژانە ڕادەکێشا کەڕۆژانێک ھی ئیشارەت و لەخۆ خەفتنی کیژی گەڕەکێ بوون.

مفەوەز وادی...
عارەبێکی کەڵەگەتی چوار شانەی دەست و پێ و پلەکانی زیاتر لە غۆرێللایەک دەچوو. تەنگەتاو دەبوو بەسوپەرە شینە ڕەقەم بەغداییەکەی ڕۆنگ ساید بووایە یان نا لۆوی ھیچ نەبوو لەپێش ئەسواق سیروان و کن باتای. ھەتا ئەو عەسرەی بەزۆر پیلی ... ژنە جوانەکەی موعتەمەدەی گەڕەکی سێتاقانی گرت و لەپێش دووکانی مەکینەی دورومانەکانی دیواری مزگەفتی گەورەی بازاڕی خستیە کوشینەکەی دواوەی سوپەرەکەی و قەپاندی.
ئەو دەم پاییزی ساڵی ١٩٨٦ بوو زیندانیەکانی دائیرەی ئەمن زیاتر ھی شەقڵاوەو کاولۆک و تەیراوە و سێتاقان بوون.
کۆمەڵە لەھەموو ژوورەکان دا ھەبوون حسک و شیوعی و یەک دوو مێرد منداڵی پارتیش ھی تەیراوەی بوون.
مامۆستا جەلال و برایم عەلی بابەکری تەقتەق و قاسم ئەبوزێدی موزەمید و برزۆ و زیاد شێروان چاو شینی ئاڵای شۆڕش و شۆڕش عەزیزی قسمی فیزیای زانکۆی سەلاحەدین و زۆری دیش. ھەبوو تێک چووبوو ھەر لەدەوری خۆی دەسووڕایەوە. ھەبوو ئایەتەکانی قورئانی لەبیر چۆبۆوە بە غەڵەتی دەنووسی ھەبوو لە زەبری تەعزیبەکە و خۆڕاگری نەدرکاندنی ھیچ نھێنیەکی بەزۆری، بەتەوسیەی گوایە لەکەسانی لەخۆی ھوشیار تر پەنجەکانی ھەموو ھەڵوەری بوون بەڵام بێ ڕەچاوی ھیچ دەرفەتێکی چاوەڕوانی بەتەنیا لەئیعدام بپارێزرێ قەت ھیچی نەدەگۆت نەلەسەر خۆی و نەھاوڕێکانی.
لەدیوارەکەی دی 
کۆپلەیەکی لێبوو ھی ڕۆژانی زووی نەشرەی دیواری مەکتەبێی بیر دەھێناینەوە:-
مرۆڤ کەلەدایک دەبێ
بۆی نیە بچێتەوە سکی دایکی
دەبێ بمرێ 
دە کەوابێ با بەسەر بەرزی بمرێت
(دلەی مەلا حەمەمەین)ی قەشقەی لەبن نووسرابوو.
ئەو بەیانیە زووە بوو کە دوو ئەمنەکە بێ دەمانچەی بەر پشتیان ئیعاشە بوون دوو سەتڵە نیسکەکە و گونیە سپیە سەموونە حەجەریەکەیان فڕێ دا ژوورێ.
لەگەڵ یەکەم ئەسکووی بنی سەتڵەکە ھەمووی قۆدی ڕۆژێ زووتری پەنیری کرافت و پارچە ھێسک و قونکە جغارە و پارچە موقەبا و داوی گوشەکان و زبڵو خۆڵی چلو حەفت گیراوی سیاسی یەک ژووری چار بە پێنج بوو. گۆتمان ناخۆین کردمانە ھەرا. مفەوەز وادی ھات تۆزێک عارەبیمان دەزانی. توومەز کەتەواو دەبووین پاشماوەی خواردنەکانیشمان دەکردەوە ناو سەتڵی خواردنەکان ئەو بەیانیە ئەمنەکە نیسکەکەی لەسەر کردبۆوە ھیچی نەڕێژتبوو.
ئەبوو موحەمەد عارەب بوو نازانم لۆ لەناومان بوو! دەیگۆت پارەی بەرتیلم خواردیە لەعەنکاوەی دەستگیریان کردیمە. بەس بەردەوام دەیگۆت فد نفس نفس بەھەرکەسێ جغارەی شک ببردبوایە، ھەتا وای لێھات کارتۆنی بنەخۆیان دەسووتان ئەو لێوارەی سیکۆتینی پێوە بوو وەک دووکەڵی جغارە قومی لێدەدا.
مفەوەز وادی تۆزێک تێڕاما دوایی سەتڵەکانی بردە دەرێ نەھاتەوە. گۆتمان پیاوەکی باشە.
بەیانیەکەی دی بوو، برزۆو مامۆستا جەلال لەداڵانەکەی پیاسەیان دەکرد. مفەوەز وادی لەکونالکەی دەرکەی بینیبوون. ھاتە ژوورێ گۆتی (ھا شتسوون)؟ بیرمە مامۆستا جەلال گۆتی دەرسی دینیم پێ دەڵێتەوە.
گۆتی: هاي گواد مالتنا!
ئیتر دڵی یەکمان بەوە ناخۆش دەکرد کێ ھیچی لەسەر نیە.
برزۆ بێ منەت ببوو دەیگۆت ئەمن موعتەمەدم ئێواران دەعوەتی یەکین لەسەر یەک مێزی!
ھەستمان دەکرد لەوێش لەدەست ھەندێک کەس ھەر ئازاد نین. ھەبوو دەوری موختاری دەبینی ھەرچی بەزاری داھاتبوو ھەڵی ڕشتبوو، زۆری بێ گوناحی بەگرتن دابوو. ھەر ئەوەندە زەحمەت بوو بچیە ژۆرێ دەرھاتنت لەمەحاڵی نێزیکتر دەبۆوە.
ئەو ئێوارەیە ساردەی دوا ڕۆژەکانی پاییزێ بوو دەنگی پێکەنینمان دەھات. پاشەوەی زووتر دەنگی چەند سەلیەک کلاشنکۆفی ھات.
گوێمان لە پەلەپەلی ئەمنەکان بوو بەخێرایی دەھاتن و دەچوون سلفی سەیارەکان دەنگیان دەھات و بەردەوام سەیارەکان لەحەرەکەدا بوون.
مەفەوەز وادی لەگەڵ مفەوەز سەیدی ھاتنەوە ژوورێ ئەویان تورکمانەکەکی کەرکوکێ بوو لەگەڵ ئەیادی ھی ھەولێرێ بوو بەتورکمانی قسەیان دەکرد.
دەوام نەمابوو ئەوان خەفەر بوون وادی دشداشەی لەبەر بوو نەعلی لەپێ بوو.
 ئێمەش لەو چل و حەفت کەسە نیوەی دەنوستین دوای ئەوەی لەتەنیشت یەک لەسەر کەلەکە سەفت دەبوون.
ئەوەی دی حەرەکەی بەپێیەکانی دەکرد ھەتا گۆد نەبی. 
ئەو دەم گەنجێکی زۆر جوان لەتاو سڕبوونی زۆر دانیشتن پشتی بەدیوارەکەی وەنابوو. پێیەکانی خستبووە سەر یەک.
بنی پی ڕووە و دەرگاکەی بوو. وادی کە دیتی شێت بوو بەسەر ھەموو زیندانیەکان کەت و بازی دا. لەگەڵ یەکەم نووکە شەقی پێی بەیەک شاپ تەواوی کەپووی ھەڵزڕاند خوێنە سوورە گەشەکە فیچقەی کرد بەھیچ لۆمان نەدەوەستا. پێش ئەوەی بچیتە دەرێ ھەموومانی بەر تفان دا. گۆتی هذا المكان مو مالمواطن شريف!
وادی خەڵکی مەچلوبەی گوێڕی بوو لەسەرەتای حەفتایەکان لەدەمی شورتەی لاخەبەر لەحەسارەکەی سەربەستی کەندەپیسی بوو لەگەڕەکی عارەبانی پشت مزگەفتی شێخی چۆلی. فلکەی بەتەمای خوای ھەوکە.
وەک و مە کوردیان دەزانی بەعەقلی شۆڤێنی حەرەس قەومی عەبدولسەلام عارفی گۆش ببوب لۆ دژایەتی کورد بەتایبەت ھی قەراج و کەندێناوەی ھاوتخووبیان.
لەتۆڵەی بۆمبابارانی کیمیاوی شاری ھەڵەبجە. ھێزێکی پێشمەرگەی یەکێتی بەفەرماندەی ئەندامی فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شەھید عەبدولڕەزاق و مام غەفور و شەھید ڕێباز (ڕەفعەت عەبدوڵا) دەیان پێشمەرگەی دی. ھەموو تیپەکانی ٨٧ی قەرەچوغ و ٨٦ی دەشتی ھەولێر و ٨٥ی بەڕانەتی.
مەچلوبە ناوێک بوو. دەکرێ پاشەبەرەی ھەموو ئەو نەبەردیانەی وەک شەڕی بالیسانی ساڵی١٩٨٣ و شەری پۆڕیجە و شەری مەلەک ئاغا ١٣ /١٤ی١٢ ی ١٩٨٣ و لێدانی هیران و پاکردنەوەی ڕێگای هەولێر و کۆیە و داستانی ئازیانە و شەری کەلکە سماق پایزی ١٩٨٦ گرتنی رەبیەکانی ڕێگای کۆیە و تەقتەق و گرتنی (٣)دەبابەی فەوجی ڕەواندز و لەوێوەش لە دەشتی هەولێرێ وە بەرەو داستانی ڕزگاری و ئیلنجاغ و تێکشکانی گرتنی ناحیەی تەق تەق و دێگەڵە شۆڕش و چالاکییەکانی جادەی کۆیە  هەولێر و گرتنی قاطعی جەیشی شەعبی ئەبوجەعفەری مەنسور و داستانی سەری ڕەش و ھەموو چالاکیەکانی ناو شاری ھەولێرێ لۆ تەمبێ کردنی تاوانباران و داستانی ترپە سپیانی زەحمەتکێش و پارتی لە ٢٣ی مانگی ١٠ی ساڵی١٩٨٦.
لەشەوێکی تنۆک لە ١٩٨٨/٣/٢٨ بەکەمتر لەدوو حەفتە لەتۆڵەی پێنج ھەزار شەھیدی بێ تاوانی کوردی ھەڵەبجە لەژن و منداڵ. تاوی گوندی مەچلوبەیان دا جەیشی شەعبی و خۆیان چەکدار بوون گوندەکەیان دەپاراست. گچکەو گەورەیان لێ کوشتن بەسەدان مەزەندە دەکرێت. تەنانەت منداڵی ناو لانکێشیان لێ دەرباز نەبوو. ئەتک کردنی ژنانیشی لێکرابوو.
 ڕێباز دەگێڕێتەوە دەڵێ ھەندێک لەپێشمەرگەکان ھەندە ڕق ئەستوور و بێ ویژدان بوون. لەتاریکی شەو منداڵە ولەکە عارەبێکی گچکەی دشداشە لەبەر بەپێ خواسی لەناو تەقەی ھانای لۆ ھینام باوەشی پێدا کردم نەیکوژن!
تەواوی کەس و کاری مفەوەز وادی بەر تۆڵەی ڕقی پیرۆزی پێشمەرگە کەوتن.
ئەحمەد گەمبۆڵ لۆ ڕۆژی دوایی لەجەریدەی ڕەسمی عێراق تەواوی ئەو بەناو تاوانانەی خستبووە ئەستۆی شەھیدی نەمری ئازاد کردنی شاری کەرکوک عەبدولڕەزاق.
سەرنج:-
دوای ڕاپەڕین مفەوەز وادی لەزیندانی پارتی دا بوو لەھەولێر. دواتر ھیچ ھەواڵێکی تری لێنەبیسترا.

تێکھەڵکێشی یادەوەریەکانە، یوسف