باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکێکی (تۆزوبا)

Sunday, 19/09/2021, 20:03

7254 بینراوە


ئەم سیفەتی ( تۆزوبا) یە لەدوای راپەڕینەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ەوە سەری هەڵداو ئەخرایە پاڵ ئەو کەسانەی کە بەبێ هیچ بنەمایەکی ئەکادیمی و تەنانەت شارەزایی هاکەزاییش پلەو پۆستی باڵایان لەحکومەتە تازەکەی هەرێم پێدەدرا کە تاکو ئەمڕۆش ئاسەواری ئەم دیاردەیە زۆر بەروونی بەسەر کایەکانی دەسەڵاتەوە دیارە .
راستەوخۆ دوای راپەڕین حزبەکانی دەسەڵات لەبەر هەژاری و نەبوونی کەسانی ئەکادیمی لەرێزەکانیان و بەحوکمی ئەوەی کەوا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیان کەوتە دەستەوە ، پرۆسەیەکی زۆر نامۆ بە هونەری ئیدارەو سیاسەتی تەندروست بەڕێوە برد . کەسانێک کرانە وەزیرو پەرلەمانتار کە هیچ پاشخانێکی زانستی وئەکادیمیان نەبوو ، تەنها بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە پۆستی باڵایان وەرگرت ، کەسی وایان تێدابوو کە تەنانەت دەرگای قوتابخانەشی نەبینیبوو .
ئەم دیاردە نامۆیە هەر تەنها ئەو کەسانەی نەگرتەوە کە وەکو دەڵێن ( شەرعییەتی شۆڕشگێڕیان ) هەبوو ، بەڵگو دواتر شۆڕبووەوە بۆ ئاستی خوارەوەترو خزم وکەس و مەحسوبانی دەسەڵاتدارانیشی گرتەوە . بۆ ئەوەی حزبەکانیش خەڵکی زیاتر بۆ لای خۆیان رابکێشن کەسانی تریشیان بەگەلدان ، ئیدی نائیب عەریفی پۆلیس کرایە زابتی پلە رائید ، شوفێری تەکسی کرایە نەقیب ، مولازمەکانیش کرانە عەمیدو لیوا . خەڵکیش بۆ گاڵتەپێکردن بەم پرۆسەیە ناویان لەمانە نابوو ( تۆزوبا ) ، بۆ ئەوەی جیایان بکەنەوە لە ئەفسەرو پلەدارەکانی مەسلەکی ناو سوپا وپۆلیس .
ئەم دیاردەیە ئێستاش بەردەوامی هەیە و بە شێوەیەک لەشێوەکان تەعبیر لەخۆی ئەکات بەتایبەتیش لەپلەدارەکانی ناو سوپای پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکاندا ، ئەبینین دەیان وسەدان کەسانی بنەماڵە پلەی لیواو فەریقیان پێدراوە لەکاتێکدا یەک رۆژ لەئەکادیمیایەکی عەسکەریدا نەیانخوێندووە . هەر بۆیەشە لەبچووکترین شەڕدا ئەبینین هەموویان لەبەرەکاندا ڕا ئەکەن و کوڕی خەڵکیتر ئەیەن بەکوشتن .
ئەم دیاردەیە تەنها سلکی عەسکەری وهێزە ئەمنیەکانی نەگرتۆتەوە ، بەڵکو پلەو پۆستە ئیداریەکانیشی گرتەوە ، ئەبینین دەیان مامۆستای زانکۆ بە شەهادەی تەزویرەوە ئەبنە راگری کۆلیژەکان ، دەیان پلەی ماجستێرو دکتوراش ئەدرێتە کەسانێک کە نازانن ناوی خۆشیان بنووسن ، تەنها لەبەر ئەوەی دڵسۆزی حزبەکانن ئەم پلەو پۆستانە وەرئەگرن .
باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی چاوەڕێکراوی یەکێتیش ئەچێتە ئەم خانەی تۆزوبایەوە ، چونکە ئەویش رۆژێک لەرۆژان لەکایەی سیاسیدا بوونی نەبووە ، رۆژێک نە خەباتی شاخی کردووە ، نە لەکاری ئیدارەداندا حزووری هەبووە . تەنها لەبەر ئەوەی عەزەڵاتی هەیە و وەرزش ئەکات و کەسانێکی وەکو خۆی بوودەڵە لەسەرکردە عەسکەرییەکانی لەپشتەو ، هەندێ مشەخۆرو ماستاوچی لەهێزە ئەمنیەکان هاوکاری ئەکەن ، بەشێک لەسەرکردە ترسنۆکەکانی یەکێتیش پشتگییری ئەکەن ، کودەتای لەناو یەکێتیدا کردووەو خۆی بە سەرۆکی یەکێتی ئەناسێنێ .
چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لەکوردستان بەگشتی و ، چارەنووسی یەکێتی بەتایبەتی لەژێر سێبەری کەسایەتیەکی کاڵفام وهەرزەکاری سیاسی وەکو باڤڵ تاڵەبانی چارەنووسێکی رەشو تاریکە ، هەر لەئێستاوە نیشانەکانی بەدیکتاتۆربوونی سەرکردایەتی بەکێتی بەدەر کەوتووە ، ئەو هەڵمەتی پاکتاوکردنەی نەیارەکانی ماوەیەکە باڤڵ دەستی پێکردووەو ئێستا بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە تۆزێک خاو بۆتەوەو ، دوای هەڵبژاردنیش زۆر بەتووندی دەست پێئەکاتەوە ، سروشتی دیکتاتۆرییانەی باڤل دەرئەخات .
پاکتاوی نەیاران ، هەنگاوێکە هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان لەدەستپێکی کودەتایەکانەوە دەستی بۆ ئەبەن ، بۆ ئەوەی رێگە لەبەردەم دەسەڵاتەکانیان خۆشتر بکەن ، پێش هەموو شتێک نەیارەکانیان لەناو ئەبەن ، تەجرەبەی حوکمی حزبی بەعس لەعیراق لەکودەتاکەی ساڵی ١٩٦٣ کە بەهەڵمەتی لەناوبردنی شیوعیەکان و، تەجرەبەری سەدام حوسێن لە ٢٢ تەموزی ١٩٧٩ کە ٢٢ ئەندامی باڵای حزبی بەعسی لەناوبرد ، ئەمان  نموونەن بۆ رەفتاری دیکتاتۆرەکان دوای سەرکەوتنی کودەتاکانیان . باڤڵ تاڵەبانیش بەدەر نیە لەم بیرکردنەوەیە ، بەتایبەتیش ئێستا بەچاوی خۆمان هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم پاکتاو کردنەی ئەبینین .
هیچ گومانێک نیە ، کەوا باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی چاوەڕوانکراوی یەکێتی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیشی لەناو یەکێتیدا پێویستی بەهاوکاری پارتی ئەبێت کە ئێستا بەحوکمی بچووکبوونەوەی یەکێتی ولاوازبوونی حزبەکانیتر بووەتە حیزبی قائید ، هەڵبەت ئەم هاوکارییەی پارتیش بۆ پاراستنی پێگەی باڤڵ بێ بەرامبەرو بێ سازشی گەورە نابێت ، بۆیە چاوەڕوان ئەکرێ یەکێتی لەژێر حوکمی سەرۆکایەتی باڤڵدا تەواوی ئیرادەی خۆی تەسلیم بە پارتی بکات ، بەمەش پارتی ئەبێ بە حەزیایەکی حەوت سەرە بۆ گیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، ئەمەش مەترسییە هەرە گەورەکەیە .
یەکێتی بەرەو دارووخان و بچووکبوونەوە ئەچێت ، هێدی هێدی دەسەڵات وئیرادەی بێهێزتر ئەبێ ، لەبەرامبەریشدا پارتی دیکتاتۆر بەهێزتر ئەبێ و، میللەتیش لەسایەی ئەمدوو حزبە دیکتاتۆرەوە رۆژ بەرۆژ بێئومێدتر ئەبێ ..
ئەم واقیعە تاڵەی میللەتەکەمان یان بە راپەڕینێکی سەرتاسەری تازە ئەگۆڕێ ، یان لانیکەم حزبە کوردستانیەکانی دەرەوەی پارتی ویەکێتی بەرەیەکی نیشتمانی کوردستانی نوێ دامەزرێنن و لەرێگەی سندوقی دەنگدانەوە واقیعەکە بگۆڕن .
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاکە فرسەتێکە لەبەردەم گەلی کوردستان بۆ ئەوەی بەکارتی دەنگدان ئەم دیکتاتۆرانە ڕابماڵێ . دەبا جارێک ، تەنها یەکجار میللەت ئیرادەی خۆی بسەلمێنێ ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە