سەبارەت بە پێشێلکاری ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەنوسی و ئازاد کردنی دەسبەجێی دەسگیرکراوەکان

Sunday, 19/09/2021, 20:07

3326 بینراوە


نامەی کراوەی ھاوپشتی ناوەندی قەڵەمی سدنی / ئوسترالیا
بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پێشێلکاری ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەنوسی و ئازاد کردنی دەسبەجێی دەسگیرکراوەکان ..
سدنی ١٨ئەیلولی ٢٠٢١


ئەم نامەیە ئاراستەی ئەم لایەنانە کراوە:
- حکومەتی ھەرێمی کوردستان - سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لە ھەرێمی کوردستان - ناوەندی قەڵەمی نێو دەوڵەتی - ناوەندنی قەڵەم لە شاری ماڵبۆرن و پێرس لە ئوسترالیا- ناوەندی قەڵەم لە ئەمریکا - ڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی - ڕۆژنامەنوسانی بێ سنور - یەکێتی ڕۆژنامەنوسانی نێو دەوڵەتی .
‎ناوەندنی قەڵەمی سدنی / ئوسترالیا بە حکومەتی ھەرێم ڕادەگەیەنێت کە ھەمو ڕۆژنامە نوس و ھەڵسوڕاوە سیاسی یە دەسگیرکراوەکان دەسبەجێ ئازاد بکات.ناوەندی قەڵەم کاردەکات لەسەر ئەو ڕاپۆرتە مەترسیدارانەی کە لە کوردستانی عێراقەوە پێمان دەگەن.بە تایبەتی سەبارەت بە ٨١ ڕۆژنامەنوس و ھەڵسوڕاوی سیاسی دەسگیرکراو کە ھەستاون بە مانگرتن لە خواردن لە بەرامبەر ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێمەوە لەگەڵیان دەکرێت. وە زۆر 
‎ڕێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسی و ڕاگەیاندن بەم زۆر پێشێلکاریانە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق نیگەرانن.
‎ سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ھەواڵی ١٣٨ پێشێلکاری مافی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسی ڕاگەیاندوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ لە ھەرێم لەوانەش زیندانی کردنی بەزۆرو ئازاردانی جەستەییش.
‎ڕۆژنامەنوسی زیندانی شێروان شێروانی بە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی نالیا- ئێن ئار تی - ڕاگەیاندوە کە ھەمو ئەو ڕۆژنامەنوسانە کە لە ساڵی پارەوە زیندانی کراون لە شاری دھۆك و ژمارەیان ٨١ کەسە ئێستا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندوە.
‎یەکێك لە کەس و کاری زیندانی یە سیاسی یەکان بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وتوە ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە سیاسیانەی کە مانیان گرتوە لە خواردن لە رێکەوتی ٦ ئەیلولەوە لە ھەمو مافێکی بنەمایی زیندانیش بێبەش کراون و ھەندێکیان باری تەندروستیان زۆر خراپە.
‎لەم بارەیەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی قسەی کردوە لەسەر ھەرەسی باری ئاساییش لە ھەرێمی کوردستان. لین مەعلوف جێگری بەڕێوەبەری لێبوردنی نێو دەوڵەتی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا وتی دەسەڵاتدارانی ھەرێم کوردستان ھەڵمەتێکی سەرکوتی ترسناکیان دەست پێکردوە بە مەبەستی بێدەنگ کردنی ڕەخنەگران لە دەسەڵاتەکەیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوەوە. وە چەندین چالاکوان و ڕۆژنامەنوسیان دەسگیر کردەوە بە تۆمەتی ھەڵبەستراو دادگایی سەرکوتگەرو ھەڕەشەو گوڕەشە لە کەس و کاری ئەو گیراوانە کە ویستوتانە وەزعی دەسگیرکراوە ئازیزەکانیان بزانن.
‎سەرنج دەدەین کە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان شیروان شیروانی ، گۆھدار زێباری ، ھەروان عیسا، ئەیاز کەرەم و شڤان سەعیدلە دادگای تێھەڵچونەوەش دۆڕاندویانە کە پێشتر بڕیاری زیندانی شەش ساڵیان بەسەردا سەپاندبو لە دادگای ھەولێر لە ٢٨ نیسانی ڕابردو. ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو پێنچ چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە کراون گوایە جاسوسیان بۆ بەرژەوەندی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو کردوەو زانیاری ھەستیاریان داوە بە ھەندێك لایەنی بێگانەو ھەروەھا یارمەتی پەکەکەیان داوە .
‎بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە ٢٢ نیسان/ئەپریل ٢٠٢١ بڕیارەکەی بە شورەیی وەسف کردوە. لەو بارەیەوە بەڵقیس والی کە یەکەم لێکۆڵەرەوەیەکە لبواری قەیرانەکان و ململانێکان لەو ڕێکخراوەیەدا کار دەکات و دەڵێت : شانازی کردن بە سادەترین باوەڕی دادپەروەری یەوە بۆ سزادانی کەسانێك بە ھۆی پلان داڕشتنیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەم گرتن دادپەروەریە. وە حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی کە ، ئەم سەرکۆنانەی دوایی دژی ئەم پێشێلکاریانە ناوناوبانگی حکومەتی ھەرێم خراپتر دەکات و لەوانەیە خەڵك توشی دادگای تاوانی نادادپەروەرانە بکات تەنھا بەھۆی ئەوەی ڕەخنە لە سیاسەت حکومەت دەگرن کە ناڕەزایەتیان ھەیە بەرامبەری ومەترسیان ھەیە لە دەسەڵاتدارانی سیاسی.
‎ھەروەھا ڕۆژنامەنوسانی بێ سنور دڵەڕاوکێی زۆریان ھەیە لەبارەی ئەو حوکمە سەختانەو داوای بەردانی دەسبەجێی ڕۆژنامەنوسە دەسگیرکراوەکانیان کردوە کە تۆمەتبار کراون بە ؛ لێدانی ئاساییشی نەتەوەیی؛ ئەوەش تۆمەتێکە ڕەنگە سزای ھەتاھەتاێیی بسەپێنێت.
‎بە گوێرەی ڕۆژنامەنوسانی بێ سنور شێروان شێروانی وتوێتی؛ زێباری و کەرەم لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەسگیرکراو بەھۆی بڵاوکردنەوەی داواوشکایەتی خەڵکی ناڕازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکان بە تایبەت لەبارەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و گەندەڵی. 
‎ھەروەھا وتوێتی دوو ڕۆژنامەنوسی تر لە ھەرێم دەسگیرکراون ئەوانیش ئومێد بەروشکی لە ١٨-٨-٢٠٢١ و قارەمان شوکری لە ماڵەکەی لە ٢٧-٢-٢٠٢١ بەھۆی ئەوەی ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتوە لە ئەنتەرنێت لەبارەی سەرکوتی سیاسی یەوە کە دەسەڵات پیادەی دەکات. قارەمان شوکری کوری شوکری زەینەدین ڕۆژنامە نوسە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لە دۆخێکی نادیاردا مردوە. کوڕەکەشی سورە لەسەر ئەوەی قوربانی کوشتنی سیاسی یە.
‎ئەوەش یەکەم جار نی یە کە ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکرێن لە ھەرێمی کوردستان. بەڵکو زۆر جاری تر ڕۆژنامەنوسان و ھەڵسوڕاوانی سیاسی تیرۆرکراون لەوانە سەردەشت عوسمانی ڕاگەیاندنکار لە ٢٠١٠ ڕفێنراو تیرۆرکرا. سۆرانی مامە حەمە کە لە گۆڤاری لیڤین کاری دەکرد لە ٢٠٠٨ تیرۆرکرا
‎کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوس لە پێش دایکی لە ٢٠١٦ تیرۆر کرا. وەداد حوسێنیش کە پەیامنێری ڕۆژ نیوس بو لە ٢٠١٦ تیرۆر کرا، ھەموشیان پێش وەخت ھەڕەشەیان لێکرا بو.
‎لە تەموزی ٢٠٢١ ئەمینداری گشتی یەکێتی نێو دەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان، ئەنتۆنی بیلاژێر، بە توندی سەرکۆنەی گرتن و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانی لە کوردستان کردبو ،وە ئەو کردەوانەی بە پێشێلکردنێک دانابو کە نایەنەوە لەگەڵ ئازادی و دیموکراسی.وە بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی وتبو کە ڕۆڵی ڕۆژنامەنوسان ئاگادارکردنەوەی جەماوەرو ھۆشداری بە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقە تا پابەند بن؛ لە کاتی پەتادا نابێت ڕۆژامەنوسان دەستیان بگیرێت بۆ گەییشتن بە زانیاری. جەماوەر مافی بنە ڕەتی ھەیە کە زانیاری ھەبێت و ھەر ھەوڵێکیش بۆ ڕێگا گرتن لە کاری ڕۆژنامەنوسان ئەو مافە پێشێل دەکات و پێویستە بە توندی سەرکۆنە بکرێت.
‎داوا لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدرال عێراق دەکەین کە ئازادی ڕاگەیاندن دابین بکات و ڕێگا بە ھاوەڵانمان بدات بە بێ ترس و دڵە ڕاوکێ کارەکانیان بکەن.
‎ناوەندی پێن لە سدنی بە توندی سەرکۆنەی سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەو فەرمانی توندو کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و ھەڵسوڕاوانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکات. ناوەندی پێنی سدنی پێی وایە ئەم کردەوانەی حکومەتی ھەرێم سەرکوتی ڕاستەوخۆی ئازادی ڕادەربڕین و سەپاندنی سانسۆرە بەسەر زانیاری و ھزر کە ڕۆژنامەنوسان بڵاوی دەکەنەوە. بۆیە داوا دەکەین بۆ ئازادکردنی دەسبەجێی و بە بێ مەرجی ھەمو ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی زیندانی کراو.
‎خەڵك لە ھەرێمی کوردستانی عێراق بێزاربونە لە گەندەڵی و نەدانی کرێ و نەبونی دەستپاکی دەسەڵاتداران.
‎ناوەندی پێنی سدنی ئەم نامەیەی ناردوە بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندنی عێراقی و نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئوسترالیاو جیھان . داوای پشتیوانیان لێ دەکەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە