فرۆکەی سیخۆڕی و تیرۆری شۆکری سەرحەد!

Sunday, 19/09/2021, 20:58

5053 بینراوە


نزیکەی مانگێک دەبێت بەدیاری کراوی، واتا لەرۆژ هێرشی فرۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر دەڤەری شارباژێر و پێنجوێن. بەبەردەوامی فرۆکەی چاودێری"فرۆکەی بێ فرۆکەوان"،"سیخۆڕی"بەسەر ئاسمانی پارێزگای سلێمانیەوە دەسۆڕێتەوە و جێگە لەهەندێ کات بەبەردەوامی بست بەبستی شارەکە و دەشت و پێ دەشت و چیا و دۆڵی ئەم پارێزگایە لەژێر چاودێریەکی چڕدایە، هەرچەندە چەندین جاریش ئەم دیاردە نامۆیە کرایە هەواڵ و لەراگەیاندنەکانیش بڵاوکرایەوە، بەڵام کەس یا کەسانێک لەدەزگا ئەمنی و ئاسایشیەکانی شارەکە بەوتەیەکیش چییە، باسیان لەوە نەکرد کە ئاخۆ ئەم فرۆکانەی بەئاسمانی شارەکەمانەوە دەسۆڕنەوە هی کێن و ئامانجیان چییە دەگەڕن. گەڕان و سۆڕانەوەی ئەم فرۆکانە بەنیسبەت منەوە کە بەهەر شتێک حەساسم و گۆمان لەهەموو شتێک دەکەم بووەتە جێ مەراقم و رۆژانەش بۆ بینی ئەو فرۆکانە بەئاسمانی شارەکەمەوە چەند کاتژمێرێک خۆمی پێوە سەرقاڵ دەکەم. 
دوێنێ کە دەکاتە بەرواری 17/9/2021 نزیکەی کاتژمێری هەشتی سەرلەبەیانی بوو کە جارێکی تر دەنگی ئەو فرۆکانم بەگوێدا هات. بەڵام هەم دەنگەکەی و هەمیش بازنەی گەڕانەکەی بەپێ ئەوەی رۆژانە چاودێریان دەکەم، جیاواز بوو. بەدیاری کراوی بازنەی فڕینی ئەو فڕۆکە سیخۆڕیە و تەرکیزی لەسەر چوارچێوەی شاری سلێمانی بوو، نەک دەوروبەر. بازنەی سۆڕانەوەکەی زۆر تەنگ بوو و مەودای فڕینەکەشی بەنزمی بەسەر ئاسمانی شاردا دەسۆڕایەوە و زۆر هەوڵمدا بەچاو فرۆکەکە ببینمەوە نەمتوانی، هەرچەندەش بەچاو نەمبینی، بەڵام دەنگەکەی زۆر بەئاسانی دەبیسترا و لەو قەناعەتەشدام کە زۆرینەی خەڵکی شارەکە گوێیان لەدەنگی ئەو فرۆکە سیخۆڕییە بووە. نزیکەی کاتژمێر 9 بوو، ئێدی ماندووبووم لەوەی کە ئەوەندە تەماشای ئاسمانم کرد، چوومە ژوورەکەی خۆمەوە و دەستم بەخوێندنی هەواڵەکانی رۆژ کرد، هەڵەنەبم تەقریبەن 9:15 دەبوو بینیم کە ماڵپەڕی ئین ئار تی هەواڵێکی بەسەردێری لەچوارچرا تەقە لەهاوڵاتیەکی باکوری کوردستان کراوە و چوارفیشەکی بەرکەوتووە و کۆژراوە، بڵاوکردبوویەوە. پشتی خوێندنەوەی ئەو هەواڵە یەکسەر زیهنم بۆ لای رووداوەکەی رۆژی پێش چوو کە 16/9 بوو و لەئەنجامی ئەو رووداوەش گەنجێکی تری وڵاتپارێزی باکوری کوردستان تەقەی لێکرابوو و بەبرینداری گەیندرابووە نەخۆشخانە. و لەهەمانکاتدا جارێکی تر گوێم بۆ دەنگی ئەو فرۆکە سیخۆڕیە ڕادێرا بۆ ئەوەی بزانم هەر لەئاسمانەوەیە، چەندە هەوڵمدا دەنگەکەیم نەبیست و وا دیار بوو کە فرۆکەکە چووبوو و لەسەرشار نەمابوو. 
پشتی کاتژمێرێک هەواڵی تیرۆرکردنی شەهید شۆکری"یاسین بولوت"م پێ ڕاگەیندرا. هەڤاڵ شۆکری لەگەڕەکی چوارچرا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لەپشتەوە تەقەی لێکرابوو و بەچوارفیشەک شەهید کرابوو. بەقەناعەتی شەخسی خۆم. تیرۆرکردنی شەهید شۆکری و هەوڵدانی تیرۆکردنی فەرهاد بارش و فڕینی ئەو فرۆکەکە بەو مەودا کەمەوە لەئاسمانەوە و لەو کات و ساتەدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و تەوقیتێکی دیاریکراو بووە. واتا بۆ شەهیدخستی شەهید شۆکری"یاسین بولوت"، فرۆکەی سیخۆڕی بەکارهاتووە و راستەڕاست ئەو فرۆکەیە پاش تیرۆرکردنە و هەڵهاتنی تاوانبارەکە، لەئاسمانی شاردا وون بوو و دوورکەوتەوە و ئێدی دەنگی نەبیسترا. 
دوو ساڵ پێش لەسەر چیای ئەزمەر جارێکی تر دوو کادری پەکەکە کە بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی لەسلێمانی بوو بەرێگەی ئەو فرۆکە سیخۆڕیانە کرانە ئامانج و شەهید کران. بەڵام کەس ئەو کاتەش زۆر قسەیان لەسەر نەکرد و تەنیا رایانگەیاند کە فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە. باشە مەگەر ئەم وڵاتە ئەوەندە بێ خاوەنە کە بەوشێوەیە و بەو ساناییە بەشەو و رۆژ فرۆکەی سیخۆری بەئاسمانەکەتەوە بفڕێت. ئایا دام و ودەزگا ئاسایشی و ئەمنی و ئیداریەکانی ئەم شارە بۆ وا بێدەنگیان هەڵبژاردووە. ئەم هەواڵدانانە زۆر مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان. هەرچەندە لەو باوەڕەشدام کە فڕینی ئەو فرۆکانە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ئەمریکاوە لەسەر هەرێمی کوردستان و شار و شارۆچکە و دەشت و دەری ئەم وڵاتە پێکنەهاتووە و پێکیش نایەت. بۆیەش وای دەبینم هاوئاهەنگێکی زمنی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەندی و ئەمریکادا هەبێت بۆ لێدان لەکادێر و خەباتکاری بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان. 
بەڵام دەبێت تیرۆرکردنی شەهید شۆکری سەرحەد و هەوڵدانی تیرۆری فەرهاد بارش ئەمجارە تەوقیەتەکەی وا دیاری کراوە کە بەدەرجەی یەکەم، قۆباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئیدارەی شاری سلێمانی بەدەرجەی دووهەم دەکەونە ژێر گۆمانەوە و وەهاش بەئاسانی ناتوانن بەلای ئەم رووداوەدا دەربازببن و خۆیانی لێبشارنەوە. لەئێستادا گۆمانەکان و چاوەکان هەمووی لەسەر ئەم کەسایەتیانەیە کە ئاخۆ لەم کاتەدا کێ لەپشت ئەم تیرۆر و هەوڵدانی شەهیدخستنی کادێر و خەباتکاری تەڤگەری ئازادییەوەن. 
لەهەرێمی باشوری کوردستان، تیرۆری فکری، تیرۆری رێکخراویی، تیرۆری کەسایەتی بەشێوەیەکی بەرێکخستنکراو پێکدێن و رۆژانەش گەل و دام و دەزگا هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان چاودێری ئەم رووداوانە لەهەرێمی کوردستان دەکەن. لەئێستاشدا دەبێت ئەوەش بڵێیم کە دۆزینەوەی کەسەکەش بەتەنیا بەس نییە، دەبێت ئامانجی تیرۆرکردن و ئەو دەستانەی لەپشت ئەم تیرۆرکردنەوانەوە دەبێت ئاشکرا بکرێن. ئەگەر نا تیرۆرکردنی کەسایەتی و رۆشنبیر و رۆژنامەوانان لەبادینانەوە بگرە هەتا گەرمیان و سلێمانی بەتایبەت دەخرێتە ئەستۆی ئەم کەسایەتی و ئیدارەیەی ئێستاکەوە.
جا گرنگە بەپەلە هێزە ئەمنیەکان بەتایبەتی هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای سلێمانی ئەو کەس و کەسانە ئاشکرا بکەن بۆ رای گشتی و فڕینی ئەو فرۆکانەشی بەئاسمانی شارەکەمانەوە راوەستێنن، وەگەر نا گۆمانەکانمان دەبنە راستی و هەموو لایەک زەرەرمەند دەبین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە