پێگە و مەکانەت بۆ کوردی دووز خوورماتوو بگەڕێننەوە

Sunday, 19/09/2021, 21:02

6166 بینراوە


دوز خورماتوو شارۆچکەیەکی کوردنشینە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای سەڵاحەدینە، ژمارەی دانیشتوانەکەی لەئێستادا نزیک بە (٢٢٠) هەزار کەسە، لەو ژمارەیە (٥٥٪) دانیشتوانەکەی کوردن، (٣٠٪) تورکمانی شیعە مەزهەبن، (١٥٪) عەرەبن. ئەم قەزایە پێشتر سەربە پارێزگای کەرکوک بووە، لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لەکەرکوک لەساڵی (١٩٧٦) خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین. لەدوای ڕووداوەکانی (١٦) ئوکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧)ەوە، تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان لەناویشیاندا دوز خورماتوو کەوتەبەر شاڵاوی سوپا و حەشدی شەعبی، تەنها لەڕۆژی داگیرکردنیدا (١١) هاوڵاتی و پێشمەرگە لەقەزاکەدا بەدەستی حەشدی شەعبی شەهید کراون، جگە لەوە (١١٤) کەس بریندارکراون، هەروەها تەواوی گەڕەکە کوردنشینەکان کەخۆی لە (١٥) هەزار خێزان دەدات، ناچار بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان کراون. بەداخەوە ڕۆژانی دوای داگیرکردنی دوز خورماتوو کارەساتبارتر بوون، حەشدی شەعبی بەهاوکاری تورکمان کەوتنە تاڵانکردن و سوتان و تەقاندنەوەی ماڵە کوردییەکان، لەو چوارچێوەیەدا (١٠٠) دوکان و (٢٥٠) ماڵ تاڵان کران، (٥٠) ماڵ سوتێنران، (٣٧) خانووش تەقێندرانەوە،  هەروەها (١٩) چێشتخانەی کوردی و (٥) کارگەی بلۆک و (٣٠) موەلیدەی ئەهلی تاڵانکران و سوتێنران، جگە لەوەی (١٥٦) ئۆتۆمبێلی تایبەت بەتاڵان بران.
لەساڵی (٢٠١٨) و پاش کشانەوەی حەشدی شەعبی لەگەڕەکە کوردنشینەکان و جێگیربوونی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای سوپای عێراق، جۆرێک لەئارامی هاتەکایەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، نزیک بە (٦٠٪) کۆی خێزانە ئاوارەکان گەڕانەوە سەر ماڵی سوتێنراو و خانووی کاولکراو. ئاوارە گەڕاوەکان کەوتنە دووبارە چاککردنەوەی خانووەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی گەڕەک و بازاڕەکانیان. لەئێستادا کورد لەقەزاکەدا تەواو  فەرامۆشکراوە و گەڕەکەکانیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئارامی و ئاسایشەوە دەناڵێنن، هیچ پێگە و مەکانەتێکیان لەشارەکەدا نەماوە، بێ کەسن و بەهاوڵاتی دەرەجە سێ و چوار سەیر دەکرێن، ئەمە لەکاتێکدایە گەڕەکە تورکمانی و عەرەبییەکان هەموو خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکرێت، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، چەندین حاڵەتی کوشتنی گەنجانی کورد ڕوویداوە، قایمقام و هێزە ئەمنییەکان لەئاست ئەو ڕووداوانە چاویان نووقاندووە و بێ دەنگییان لێکردووە.  بەڕاستی خەڵکی ئەم ناوچەیە جێی پێ لێژکراوە، بەهۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نابلیمەتەکانی دەسەڵاتی کوردی لەعەزاب و زەحمەتییەکی زۆردا دەژین، کوردی خورماتوو لەسەنگەری پێشەوەدان دژ بەپرۆسەی تەعریب و هێرش و پەلامارەکانی داعش ڕۆژانە قوربانی دەدەن، ژیان و سەروماڵیان لەژێر ڕەحمەتی گروپەکانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعشدایە.

کوردی دوز خورماتوو و هەڵبژاردن

لەهەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، بەهۆی پەرتەوازەیی و یەکنەگرتوویی حیزبە کوردییەکانەوە، کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی کورسییەکی پەرلەمان، لەکاتێکدا کورد خاوەنی (٣٧) هەزار دەنگ بووە. لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی (٢٠١٤) دا، کورد بەچەند کاندیدێک بەشداری کرد، مەلا کەریم شکور کە بەهێزترین کاندیدی کورد بوو (١٦٫٠٩٨) دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی سەربکەوێت بۆ پەرلەمان، هەروەها لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٨) دا، کورد بە (٦) کاندید بەشداری کرد لە لیستە عەرەبییەکاندا، هەر کاندیدە چەند هەزار دەنگێکیان بەدەستهێنا و نەبوونە خاوەنی کورسی پەرلەمان.
لەهەڵبژاردنی (١٠) ئوکتۆبەری ئەمساڵدا، کورد چاوی لەوەیە کورسییەکی پەرلەمان ببات، هاوپەیمانی کوردستان  (یەکێتی و گۆڕان) و پارتی دیموکراتی کوردستان، هەریەکە بەکاندێک بەشدارییان کردووە، هیوادارم پارتی دیموکرات و هاوپەیمانی کوردستان حیزبایەتی وەلابنێن لەسەر دەنگدان بەیەک کاندید ڕێکبکەون و لایەکیان کاندیدی خۆی بکێشێنێتەوە، بەڕای من مەلا کەریم شکور کاندیدێکی بەهێزە، لای خەڵکی دوز خورماتوو ناسراوە،  هیوادارم پارتی دیموکرات کاندیدەکەی خۆی بکشێنێتەوە و نەبێتە پواز بۆ زیاتر گەورەکردن و شەقبردنی ئەو درزە گەورەیەی کە کەوتووەتە جەستە و ڕووحی کوردی دوز خورماتووەوە، هەروەها هەموو حیزبە کوردییەکان بەتەواوی جوهدیانەوە کاربکەن و لایەنگرەکانیان ڕابسپێرن بۆ دەنگدان بەو تاکە کاندیدەی کورد، تاکو دەنگی کورد هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو پەرتەوازە نەبێ و نەفەوتێت، کورد ببێتە خاوەنی کورسییەک و جارێکی تر ڕووح بکرێتەوە بەبەری جەستە و ڕووحی کوردی خوورماتووەوە و پێگە و مەکانەتی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە