یەکێ لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی_کوردستان، سنە

Wednesday, 22/09/2021, 22:06

4272 بینراوە


سنە (سنەدژ)، یان کورسان ناوەندی پارێزگای سنەی کوردستانە.
سنە ئێستا شارێکی گەورەیە و لە دەوروبەریشی چەند شار و شاروچکە لەوانە؛ نایسەر، حەسەن ئاوا، نەنەڵە، قار، ئاساوڵە و دووشان، پێیەوە چەسپێندراون کە ئەگەر بخرێتە سەر ئەو شارە، ئیدی ڕەنگە سنە وەکوو گەورە شار [ کلان شهر]، بوجەی تایبەتی بۆ دیاری و تەرخان بکرێت.
بە سەر ئەوانەش، هەر ئێستا سنە شارێکی گەورەیە و دەیان شارۆچکە و گەڕەکە گەورەی لە خۆوە گرتووەتەوە.
هەر وەها چەندین شارۆچکە و گەڕەکی دیاریکراوی تێدایە.
بۆ وێنە، جیا لە دەزگا دەوڵەتی و ئەمنییەکان و فەرمانبەرە هاوردەکان کە چەند شارۆچکە و گەڕەکی تایبەت بە خۆیان هەیە، 
لە نێو خەڵکانی خۆجێی و مەدەنیش جیاوازی چینایەتی و فێکری و ئایینی بە ڕاشکاوی دەبینرێت. لەوانەیە گەڕەک و شارۆچکەی دەوڵەمەند نشین و هەژار نشینەکان، یان گەڕەک و شارۆچکەی جیاواز و دیاریکراوی تایبەت بە هەندێ گروپی فێکری و مەسەبی، کە ئەوانیش جیاوازی خۆیان بە واتایەک بەو شێوەیە دەنوێنن.
٭٭٭
دابەش بوونی فەرمی نەتەوە و نیشتمانی_کورد، لە ڕەهەندی مێژوویی و بوارەکانی سیاسی و جێوگرافی هەر چەندە بژاردە و یان پەسەند کراوی خۆدی کورد نەبووە، بەڵام وەکوو دەستکردی کۆلۆنیالیزم، لە لایەن نەتەوە_یەکگرتووەکان [ نوێنەری دەوڵەتەکان ]، دانی پێنراوە.
بەڵام کورد نەک هەر دابەشە بەسەر ئەو چوار یان پێنج پارچەیە، بەڵکوو لە لایەن حوکوومەتەکان و هەروەها خۆدی کوردەوە بە سەدان فیرقە و دەستە و گروپی جۆراوجۆری فێکری، ئایینی، مەسەبی، سیاسی و ئایدۆڵۆژیایی دابەش کراوە و بەردەوام هاندراوە بە خۆ لەت و پەت کردن و یان هان دەدرێت بە پەرتەوازە بوون و نایەکگرتوو بوونی نەتەوەیی.
بۆ وێنە ئەگەر کورد لە سەردەمی خێڵیاتی و خێڵەکان، بە سەدان خێڵ و عەشیرە و تایفەی نەیار و دژە یەکتر دابەش کرابوو،
وە ئەگەر خێڵ و عەشیرەتەکان کە دژ به یەکتر دەوەستانەوە، وەکوو ئامرازێکی کونترۆڵکەرەوە لە خزمەتی حوکوومەتەکانەوە بۆ کونترۆڵ کردنەوەی خۆدی کورد بەکار دەهێنران، 
ئێستاش کورد هەر بە پلانی حوکوومەتەکان و بە هاوڕێی پاوانخوازان و بەرژەوەند پارێزانی فیرقەیی و هەر وەها بە کەمتر خەمی خۆدی کورد، دابەشە بە سەر سەدان دەستە و تاقم و گروپی سیاسی و نا سیاسی و ئایدولۆژیایی و ئایینی و مەسەبی نا تەبا. 
٭٭٭
ئەوەی کە میژوو سەلماندوویە جیاوازی، پرش و بڵاوی، پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی لە نێوان کۆڕ و کۆمەڵانی نەتەوە بن دەستەکان، دیاردەی هزر و بیر و ڕامانی کۆلۆنیالیزمە. بێ گومان جیاوازی و نا تەبایی و نا یەگرتوویی لە نێوان کۆڕ و کۆمەڵانی کوردیش هەر لە میراتخۆرانی کۆلۆنیالیزم هێڵی گرتووە و سەرچاوە دەگرێتەوە.
فیرقە ساز دان و پێکهێنانی دەستە و گروپ بە بیروکە و ئایدۆلۆژیای ئایینی و نا ئایینی تا ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی بۆ نەتەوەی_کورد نەبووە و ئەوەی بە گشتی بۆ خەڵکی کورد ڕوونە، هیچ فیرقە و گروپێکی لە شێوەیە هەنگاوێکی لە پێناو ماف و ڕزگاری_کورد هەڵنەگرتووە. هەنگاوێک کە لە بەرژەوەندی خەڵک و بە قازانجی ئەو نەتەوە و مافەکانی گەلی_کورد بووبێت و یان دەرئەنجام و دەستکەوتێکیان بۆ دواڕۆژ خولقاندبێت، نەک هەر هەڵنەگیراوە، بەڵکوو بە پێچەوانە، گەلی کورد لەم بوارە زور زەرەرمەند بووە و خەساری زوریشی پێی گەیشتووە.
٭٭٭
ئەگەر ئیزنی ئەوەمان پێ بدەن ناوێک لە هەرێم ببەین بەو مەرجەی هێرش نەکەنە سەرمان، وێنە بۆ ئاماژە زۆرە لە باشوور و هەرێمی_کوردستان.
ئێستا لە باشوور دەیان حیزب و ڕێکخراوە و دەستە و گروپ و تاقمی کارا، بوونیان هەیە بە بەرنامە و ساپۆرتی هەموو لایانە و پشتیوانی فێکری، ماڵی و بوجە و مووچەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، و چالاکانە لە پێناو خزمەتکردن بە ئامانج و ویستی نەیارانی_کورد کار دەکەن.
گۆڕینی فێکر و هزر و بیر و ڕای خەڵک بە تایبەت چینی نەدار و هەژار، گوڕینی داب و نەریتی ڕەسەنی کوردی، گۆڕینی پێناس و شۆناسی کورد بە گشتی و دوور خستنەوەی نەتەوەی کورد لە ئامانج و مافە سەرەکییەکانی، بەشێکە لە ویست و ئامانجی داگیرکەران و نەیارانی کورد. 
مادام ئەو فیرقە و گروپانە وەکوو دارە دەست لە خزمەتی داگیرکەران و دراوسێیەکان و وڵاتانی دەرەکی کاراییان هەیە و تا کاتێک لە بەرامبەری یەکخستنەوە و یەکگرتنەوە گەلی کورد ڕۆڵی لەمپەر و داهێنەری کوسپ و تەگەرەیان بە خۆوە گرتووە،
کورد نەک هەر لە پشت درگای بە سەر داخراوەی ڕزگاری دەمێنێتەوە، بەڵکوو بەردەوام دەبێت لە تواندنەوە و خۆ پاکتاو کردنەوەی خۆبەخشانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە