كۆچ و دروشمەكان

Thursday, 23/09/2021, 2:35

3058 بینراوە


ھیچ شتێك ھێندەی كۆچی گەنجان كارەساتاوی و تراژیدی نیە

ماوەی ساڵێكە كۆچی بە لێشاوی گەنجانی كورد لە ھەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لوتكە ، لە ناو فڕۆكە خانەكان و تەرمیناڵی ئوتوبوسەكانەوەدایكان باوكان نۆرەیا بۆ ماڵئاوایی لە جگەر گۆشەكانیان گرتوە, ئەوان خۆیان ڕادەستی قەدەرێكی نادیار و شەپۆلە بێ ڕەحمەكانی دەریا وسنورە پان و بەرینەكان دەكەن .
ھەموان ھەر لە سەرۆكایەتی ھەرێمەوە بگرە تا بە ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانیش بێ باكانە و شەرمنانە ھیچ ھەڵوێستێكیان نیە ، ھەزارانگەنج و منداڵ لە دەریای ئیجە دەدەن و دەپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا یان یۆنان ، ھەزارانیش ڕێگای بەلا ڕوسیایان گرتۆتە بەر ئەوەتا جەنگەڵی دانكیخلە فەڕەنسا شاھیدی ھاتنی ھەزاران گەنجە تەنھا لەم ھاوینەدا ڕۆژانە دەیان گەنج دەپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا ، لە بەرامبەردا ئەو جەنگەڵە جمەیدێت نەك پەنابەری كوردی لێ كەم نابێتەوە بگرە زیاتر دەبێت .
ئەوەی پرسیارە گەورەكەیە خۆ سەرانی دەسەڵات دروشمەكانی ھەڵبژاردنیان گەنجانە ، ئەی ئەو گەنجانە لەكێ ھەڵدێن ؟ چی وایكردووەھەڵبێن ؟ 
من دەمەوێت قسەی ئەو گەنجانە بگەیەنم ئەوان لە ئێوەو بەڵێنەكانتان ، لە سەرانی چەكدارە بێ ناسنامەكانتان ، لە بێ كاری و بێ موچەیی ونادیاری داھاتوویان  ، لە نەبونی ھەلی كار و لە نا سەربەخۆیی سیستەمی داد و لە نەبونی خزمەتگوزاری ئاو ، كارەبا ، نەوت ھەڵدێن .
ئەوان دەڵێن ئێمە لە سیستەمی حوكمڕانی ئێوە ھەڵدێین ، پاش ٣٠ ساڵ لە حوكمڕانی ئێوە گەر خاوەن تەسكیەی حەزبی نەبن دانامەزرێن ،لە پێناو دەرگاو پەنجەرە و دیواری بارەگاكانتان خوێنی دەیان گەنجتان كردە كاسەوە ، لەسەرداواكاری ئازادی دەیان گەنجتان لە سوچیزیندانەكان خزاندووە و تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ دروست دەكەن ، ئێستا دەھۆڵی ھەڵبژاردن دەكوتن .
لە ھەموو جیھان گەنج بەسەرمایەی ووڵات دادەنرێت و دەبنە سەرمایەی نیشتمان بۆ داھاتویەكی گەشتر ، لەو ھەرێمە تەنھا گەنجانیبنەماڵەی دەسەڵات داھاتویان دیارە ئەویش جێگرەوەی باوانیانن ،  بێ باكانە ھەموان لە دورەوە وەك فیلمێكی تراژیدی دەڕوانینە تەرمیگەنجانی نقومبوی دەریاكان و ڕەقبونەوەیان لەسەر سنورەكان  ، بێ باك لە داھاتوو بێ باك لەو سەرمایەی نیشتمان ، سەرگەردانی وپەرتەوازەیی ئەوان سەرگەردانی گەل و كۆمەڵگایەكە كە لە داھاتودا باجەكەی دەدەن .
كۆچی بەلێشاوی گەنجان لە داھاتودا قەیرانی نەبونی دەستی كار ، زیاد بونی ڕێژەی ژنان لە كۆمەڵگا ، كۆمەڵگایەكی پیر و بێ ھێز ،قەیرانی مرۆیی و ئەخلاقی و چەند ققەیرانێكی تر بەدوای خۆیدا دێنێت .
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھیچ گەرەنتیەك نیە بۆ ئەو كۆچبەرانەی دێنە دەرەوە ببنە خاوەن مافی مانەوە ، لەكاتێكدا شاھیدی دەیان چیرۆكیكارەساتبارین لە شەقامەكانی ئەوروپادا كە چۆن قەدەری ئەو گەنجەی ڕەنگە ڕۆژێك خەونی گەورە و خەیاڵی ناوازەی ھەبوبێت لەبەر بێجوابی لە شەقامەكاندا تەنانەت ھۆشیش لە دەستدەدات .
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای لوتكە لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا بە ئێستا تەنھا لە عێراق و ھەرێمی كوردستانەوە ٦٣٣ ھەزارو ٢٧٣ كەس كۆچیان كردووەكە تەنھا لەمساڵدا ٣٧ ھەزار كەس كۆچیان كردووە بۆ ئەوروپا ، لە سەدا ٧٠ ی ئەو ژمارەیە لە ھەرێمی كوردستانەوە بووە ،  بەگشتیش ٤٤٦كەسیش بونەتە قوربانی و گیانیان لە دەستداوە . 

تكایە با ھەموان لە غەمی ئەو سەرمایەی نیشتیماندا بین 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە