کاتێ نێچیر خۆی ئەبێت بە تەڵە!

Thursday, 23/09/2021, 2:39

4459 بینراوە


هەموومان ئەزانین تەڵە یان داو چییە!؟ تەڵە ئەگەر چی ئەو جێگەیەیە کە خواردنێک یان چەند دەنکە گەنمێکی ئامادەی تیایە، بەڵام دواجار نرخی بە دەست هێنانی خوێن و گۆشتی نێچیرەکەیە. کۆی پرۆسەکەش هەمیشە بە قازانج بۆ ڕاوچی ئەگەڕێتەوە. هەتا ئەو شوێنەی تەڵە بەشێک بێ لە ڕاوچی و نێچیریش جاروبار پێوە بێت، مرۆڤ تێگەیشتنێکی هەیە. بەڵام ئەوەی مرۆڤ تێی ناگات و سەری لێ دەرناکات ئەوەیە، کاتێک نێچیر خۆی دەبێت بە تەڵە و ڕاوی نێچیری برای خۆی بۆ ڕاوچی ئەکات.

ئایا کەس هەیە نەزانێت کە کوردی باشور و باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش چ جیاوازییەکی نیە بۆ ڕژێمەکانی تورک و فارس و عەرەب!؟ کەچی هەمیشە باشور تەڵە و داوە بۆ باڵندە و ماسی و پڵنگەکانی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای خۆی. جا نە هەموویانم لە بیرە و نە جێگەیان لە درێژترین لیستدا دەبێتەوە، تا ناو و مێژووی تیرۆرکردنی ئەو هەموو پڵنگ و بەورانەی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە تەڵەی باشوردا بنووسمەوە. یاخود ناوی ئەو هەموو شینە شاهۆ و هەڵۆ و تەوارانەیان کە لە مەرزەکانی باشورەوە، بە داو و تۆڕەکانی باشور خۆیانەوە، ڕادەستی ڕاوچییەکانی باکور و ڕۆژهەڵات کرانەوە. تا ڕاوچییە تورک و عەجەمەکان، بە کام چەقۆی کولە، بەوە سەریان ببڕن.

چالاکوانێکی سیاسی باکور یان ڕۆژئاوا یاخود ڕۆژهەڵات، کاتێ ڕوو ئەکاتە باشور، بە پەناگایەکی ئەمینی ئەزانێت، نەک تەڵە و داو و تۆڕ و کەمین. بەڵام لێرە بە دواوە ئەو باشورە نەک تەڵەی ئەو دەنگ و ڕەنگە ئازادانە نییە، بگرە بووە بە دۆزەخێک بۆ دەنگی ئازادی ناوخۆی خۆیشی. ئەگەر هەرێم تەنها تەڵە بێت بۆ برا و خوشکە میوانەکان، ئێستا هیچ کونجێکی ئەم هەرێمە بۆ خۆدی‌ خەڵکی هەرێمیش ئەمین نیە. خەڵکی یان دبێت بێدەنگ و یان هاوئاوازی دەسەڵات و یاخود دەنگی ئازادی نێو زیندانەکانی هەرێم بن. بۆیە دەڵێم کوردانی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هیچ پەناگایەکی ئارام نەماوە لە باشور بۆ ئێوە، جا باشترین شتێک کە بیکەن ئەوەیە، کە بگەڕێنەوە لای دۆستی دێرینە، کە چیاکانن، مەگەر تەنها ئەوان، ڕاستگۆ بن و خەبەر لە هیچ بەردێکی خۆیان نەدەن. یان هەر نەبێ هەموو دوژمنەکان وەک یەک ئەناسن و نابنە تەڵە و داو بۆ ئەوان و فێری خیانەت نابن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە