ھەڵبژاردن لەلای پارتی تەواو بووە و دیاریکراوە!

Thursday, 23/09/2021, 2:41

4339 بینراوە


ھەڵبژاردن لەیازدەی مانگێ لەلای پارتی تەواو بووە ژمارەی کورسیەکانی خۆشی بەتەواوی دیاری کردووە، ئەوانی دی تازە گەرم دەبن و بەدوای قەڵەباڵغی دەکەون...


• لەکۆی پازدە کورسی ھەولێرێ یازدەی دەینین( ئەحمەد کانی)
• لەدەھۆک لەیازدە کورسی نۆ کورسی دەینین( خەسرۆ گۆران)
• لەشنگالێ چوار کورسی دێنین(ڤیان دەخیل)

لە ڕۆژی ١١ی مانگێ لەھەولێر بەبەشداری مەسعود بارزانی و کوڕ و برازایەکەی خۆی. ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیان ڕاگەیاند. بەخۆی بەڕاستی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بوو ڕایان گەیاند.

بەپشت بەستن بەو ڕاستیانەی ھەموو خەڵک دەیزانێ:-

١• کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن لەنەزیھیان بەسەرۆکەوە پارتین و ئەوانەی دی کەسەر بەلایەنەکانی ترن لۆخۆیان ئاقڵن لەبنەوە لەقسەی پارتی دەرناچن.
٢• چاودێرە نێو دەوڵەتی و زۆربەی بەناو میدیا سەربەخۆکان بەدیوی پشتەوە پارتین و ئەوانەی لەدەرەوەش دێن چاودێری ئەو پڕۆسە دیموکراسیە دەگمەنە دەکەن پارەی پێشوەختی خۆیان وەرگرتووە.
٣• لەھەر شویێنێک بزانن لەبن دەسەڵاتی پارتی بەتایبەت لەھەولێرێ دەنگدەری دی لایەنەکان بەرچاون. ئەوە ئەو ئەرکە بە موختار و ڕێکخراوو بنکەی ئاسایشی ئەو گەڕەکانە کراوە ئەو ڕۆژی ئەگەر بەیانیەکەشی لۆیان نەکرا ئەوا ئێوارەکەی موعالەجەی بکەن.
٤• تیمی تەواو ڕاھێنراوی کارەبا کوژاندنەوەی کاتی فەرز کردنی دەنگ و گۆڕینی سندووقی لایەنەکانیان ھەیە.
٥• مردووە خوا لەخۆ کردووەکانی قەبرستانێ ئەوانەی ھێسکیشیان ڕزی بووە و لەبەھەشتێ بن یان جەھەنەمێ لەو ڕۆژەی ڕووحی خۆیان ئاسوودە دەکەن و دەنگی خۆیان دەدەنە پاڵ پارتی.
٦• دەنگدەری تاراوگەی دوورە وڵاتیش، دەمێکە ھەر کەسە مووچەیەکی (خوا نەیبڕێی بەلاشی) لۆ دەچێتە سەر کۆنتۆکەی دەنگی ئەویش لۆ پارتی مسۆگەرە.
٧• پێشمەرگەی ڕۆژ و عارەبە پارتیەکانی ئێرە و جەماعەتی حوسێن یەزدان پەناھی و بەنگڵادشیەکانیش کارتی دەنگدانیان لەداتابیسکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن تەواو بووە وەک ھەموو جارەکانی دی.
ھەموو ئەو کەسانەش دەنگ دێنن لەلایەنەکانی دی کەپارتی موسبەقەن دیاری کردوون. لۆ ئەوەی پەرلەمانێک بێ بە بەڕەنگی تەواوی زەرد و جوانکردنی بە تێکھەڵکێشی ھەندێک ڕەنگی کەمی کەسک و مۆر و سۆر و شینی حیزبە پاشکۆیەکان.

لێرە بەتەنیا ئاھەنگی سەرکەوتن مایە پارتی بیگێڕی، ئەویش لەئێستاوە تیمێک خەریکی ئامادەکارین بۆی.

سەرنج:-

ئەوڕۆژی پشووە، لۆخۆت ئاقڵ بەو تێر تێر لەماڵێ بنوو.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە