بە عەرەب مەڵێ مەرحەبا، هەم دەخوات و هەم دەبا!

Saturday, 25/09/2021, 17:12

3069 بینراوە


ئەو چەند دێرە دوورە لەبیری ڕەگەز پەرستی چونکە کورد لەسەرتاپای دونیایێ پەرش و بڵاوی ناو میللەتان بووە. بەڵام بۆ ئێمەی بێ وڵات لێرە جیایە ھەر تێکەڵبوونێکی نەتەوەکانی تر بەزەرەر و لەدەستدانی خاک کۆتایی ھاتووە.

تێبینی:-

بەڤدیۆ ھەیە، تەھا یاسین ڕەمەزانی نائیبی صەدام حوسێنی لەپێشوازی بەرپرسەکانی کەنداوە لەودەمەی کورد ئەنفال دەکرا بەدەسیسەی مەلیکی ئوردن و سەرۆکی میسر فەلەستینیەکانی لۆ ئیسرائیل و خۆیان بوەینە سەرئێشە بیان ھێننە کوردستان نیشتەجێیان بکەن و لەئاییندەش لەدژی بوونی ھەر جوڵانەوەیەکی ڕزگاری خوازی کوردی بەکاریان بێنن و ئەرکی تەرخان کردنی پارەی دروست کردنی ھەموو ئەو ئۆردوگایانەش بە ئیمارات ڕاسپێردرابوو. لح گۆڕینی تەواوی دیمۆگرافیای باشور کەزوو لەزیھنی بەعس جێی خۆی گرتبوو.
لەدێرزەمانەوە لەگەڵ بوونی ھەموو ئەوکێشە سیاسیە دروست کراوانە بەڵام کورد و عارەب ھەر پێکەوە ژیانە و تا ئاستی تێکەڵبوونی خزمایەتی و ژن و ژن خوازیش.
لەناو ھەولێرێ لەسەیداوە و سایلۆی عارەبی نیشتەجێی ئێرەی لێبووە. دواتر لەدەمی عەبدولسەلام عارف و ھاتنی حەرەس قەومی لە ساڵی ١٩٦٣ دیسان عارەب لێرە لەحەسارەکەی سەربەستی کەندەپیسی پشت شێخی چۆلی و ئەو چەند گەڕەکەی عارەبان و تەعجیل و سەعدوناوە و نێزیک مەوقیعی مەعەسکەری ھەولێرێ عارەبی دی لێ نیشتەجێ بوونە ھەیان بوو ھی شەرگات و گەیارە  و گوێڕی بوو.
لەساڵی ١٩٦٨ زۆران ئەوانەی ئەمن نەبوون بوونە شورتەی لاخەبەر. کەتڤەنگی سەمینۆفیان وەرگرتبوو، لەو دەمەی بوو کە فاضل عواد گۆرانی (لاخبر لا حامض حلو لا شربت) ی لەڕادیۆ دەگۆت، لەوێش چەند حالەتێکی دانانەوەی ئەلغامیان ھەبوو لەسەر ڕێی ئەوگوندە کوردانەی نێزیک گوندی عارەبان بوون لەقەراج و کەندێناوەی.
دواتر لەلێشاوی دووساڵی دوایی مفاوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ عارەبێکی زۆری تر ھاتنە نێزیک چایەخانەی باییزی و دەرورو بەری مەحەتەی ئەوانە ھەموو ئەمن بوون. دەستیان ھەبوو لەیەک دوو کاری تێکدەرانە و حالەتی تێرۆر کردنی موحەمەد حاجی مەنتکی کادیری پارتی لەقوڕنەی مەحکەمەی بەرامبەر قەڵاتێ  لەساڵی ١٩٧٢ و دانانەوەی قومبەلە لەکەباب خانەکەی سەیدی تەنیشت قاوەخانەی عەبۆ و نێزیک مەچکۆی لەچێشتانگاوە زستانەکەی بووە شەھید بوون و بریندار بوونی کۆمەڵێک کەسی بێتاوان.
دەوامی ھەموو ئەو ئەمنانە لەدائیرەی ئەمن و ئەمنی بەلدەو ھەندێکیان زابت ئەمن و بەرپرسیاری ئەمنی دائیرەکان بوون. جلکی سەفاریان لەبەر بوو نامۆ بوون بەخەڵکی ھەولێرێ.
ھاتنی لێشاوی دی ئەودەمەی بوو. لەھەر گەڕەکێکی ھەولێرێ تازە دادەدەبڕا وەک حەی زوبات و حەی عەسکەری و صەدام و جەیشی شەعبیش بەتایبەت بەشێکیان دەدرا عارەبەکان بەو مەرجەی لێی نیشتەجێ بن و پلانێک بوو لەبۆ دەستپێکردنی ڕۆژاوای ھەولێرێ نێزیک لەمەعەسکەر و دائیرەی ئەمن و سەرە ڕێی موسڵ و گوێڕ و مەخموری.
ھەندێک لەوانە لەو چەند خانیەی ئیدارەی مەحەلی پشت مەکتەبی ئەربیل ئولا و سانەوی ڕزگاری ھەوکە بوون. لەئینتیفازەی ھەموو ھەڵاتن.
لەدوای ڕاپەڕین دیارەدەی بوون و بەرچاو کەتنی عارەبی نەما. ھەتا ساڵی ٢٠٠٣ و کەتنی صەدام حوسێن و پاشا گەردانی شاری بەغدا کەلەو شارە زۆر فراوانانەی دونیایێیە کە ئاسۆیی گەشەی کردیە نەک لە شێوەی بوونی باڵەخانەی ستوونی نیشتەجێ بوون. کەلۆ ئەمێریکاش ئاسان نەبوو کۆنترۆل کردنی.
لەوێوە جارێکی دی ھەموو ئەو عارەبە موتەمەکینە دەوڵەمەندانەی نەگەیشتنە دەوڵەتەکانی کەنداوی وەک ئیمارات ئوردن و سوریا ئەوا ھەموو ڕوویان کردە کوردستان. ھی شاری زیاتر چوونە شاری دھۆک و فایدە و دەورو بەری. ھی بەغدایێ کەمەکی لۆ شاری سلێمانی و بەشە زۆرەکەشی ھاتنە شاری ھەولێرێ. زوو دەستیان بەکار و دانانی چێشتخانە و زێڕنگری و دانانی دەیان  مونەفیذی پارە تەحویل کردن و حەواڵە لەھەر ھەموو شویێنێکی شاری ھەولێرێ لەگەڕەکی ھەڤاڵان و منارە و عەنکاوە و جادەی شۆڕش و بەشی زۆری وانیش لەبازاری نیشتمان لەشێخەڵان.
زۆریان مولک و خانی و دوکانیان کڕیەو لەزۆر شاری وەک شەقڵاوە و کۆیەش لەتێکھەڵکێشێکی تاڕادەیەک سروشتیدا ھەن.
ئەوانە ھەموو ئیقامەیان لەلایەن ئاسایش لەبۆ کرایە و ھەشیانە بەتەواوی ڕاژەی خزمەتی وەزیفیان گواستیتەوە کوردستان لەدائیرەکان وەک خۆمان دەوام دەکەن.
بەشێکی زۆریشیان مووچەی ئەستووری خانەنشینیان لەعێراق ھەیە و ھەشیانە وەک خۆیان دەڵێن مونتەسیبن واتە لە جەیشن بەس ماڵیان لێرەیە.
عارەبەکان زیاتر سوننەکان ھی شاری موصڵ وڕومادی و شیعەش ھی بەغدا و کەمێکیشیان ھی جنوبیشن. لێرە ووردە ووردە بەتەمەنەکانیان دەمرن و لایەکی قەبرستانێکی وەک کەسنەزانیان کردیتە ھی خۆیان. بەدڵنیایەوە لەئاییندەیەکی نێزیک دەبێتە بەڵگەنەویستێک لۆ بوونیعارەب لەسەر ئەو خاکە وەک و تورکمانیش کەشارێکی دێرینی وەک کەرکوک بەھی خۆیان دەزانن.
لەو تێڕوانیە پڕ ھەڵەیەی سیاسەتی کوردی لەبۆ ماف دانە بێگانەی بێ مەرج لەخاکەکەی نیشتەجێ بێ. گومانی فرۆشتنی خاکیان لێ دەکرێ لەپێناو مانەوە و بەردەوامی دەسەڵاتیان. چونکە شتێکی سروشتیە ھەر کەسێک لەشوێنی ڕاستەقینەی خۆی ھەڵقەندرا ئینتمایەکانیشی کاڵ دەبنەوە ئەو دەم ئاسانە بەوێنەی فەلەستینیەکان بەدرێژایی حەفتا ساڵی ڕابردوو بە ئیسرائیلەوە بووینە کرێ گرتەی ھەموو وڵاتانی عارەبەوە بەتورکیاشڕا.
لێرە ئەو عارەبانەش لەپێناو پێدانی ئیقامەو خۆ پاراستنی خۆیان لەجەھەنەمی عێراق ئامادەن ھەموو پارسەنگی ھاوکێشە سیاسیەکان بەلای تەرازووی دەسەڵات دا ببەن و سەر لەوانە تێک بدەن کەدڵسۆزی وڵاتن و دەیانەوێ گۆڕانکاری تێدا بکەن.
ئەویش ئەو گەمە ترسناکەی پارتی و یەکێتیە کە کەکەرکویان بەکەمترین نرخ تێدا ھەراج کردە عارەبی سەربە حەشد و داعش و ئەو تورکمانانەی داھاتووی نەوەکانیان لەسەر خەونی کەمالیستەکان بونیات نایە.
ھەوکە مەترسیەکان بەتایبەت لەسەرشارەکانی دی وەک و ھەولێریش ھەیە کەلەداھاتوو لەسەرژمێرێکی گشتی کەلەخەوی خۆشی غەفڵەت ڕادەپەڕی دەبینی لەو گۆڕەی برابەشی بەدۆکێۆمێنت و بەڵگەت لەسەر خاکی خۆت لۆ پەیدا بووە و وەک شاری موسڵ و کەرکوک بویە مێوانی سەر خاکی خۆت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە