هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


شوێنی داڵدەدانی تاوانبارانی چەکی کیماوی و ئەنفالچیەکان

Sunday, 09.26.2021, 10:35

199 بینراوە


بەگوێرەی دوا دان پێدانانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی (کاکەمین نەجاڕ)

دیارە ھەموو ئەو تاوانبارانەی جینوسایدی کورد لە کیمیا باران کردنی ھەڵەبجە و گۆپتەپە و عەسکەر و بالیسان و شێخ وەسان و ھەر ھەشت پڕۆسەکەی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨.
ئێستا خۆیان یان کەس و کاری بەشێکیان لەھەولێرن و بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی دەسەڵاتی کوردی سەردانی دەکرێن.
ھەرچەندە چەند جارێکی تر ناڕاستەوخۆ لەدەمی ھەریەک لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی پەیوەندی خێزانی و خزمایەتیان لەگەڵ سەرانی سەرەکی بەعس نەشاردۆتەوە.
لێرە ھەموو ئەو دوژمنە تاوانبارانە ئەو دڵ فراوانیەی کورد بەھەند وەردەگرن و پەشیمان بوونەوەی خۆیانیان پێ گەیاندون کە تاوانبارن لە کوشتنی ھەشت ھەزار بارزانی لەساڵی ١٩٨٣/٧/٣١ و پێنج ھەزار کەسی ھەڵەبجە لە ١٩٨٨/٣/١٦و سەد و ھەشتاو دوو ھەزار کەسی ئەنفالیش.
ھەر چەندە بەگوێرەی ھەندێک ھەواڵ. ھەریەکە لەکوڕەکانی تاوانکار سوڵتان ھاشم وەزیری دیفاعی عێراقی دەمی صەدام لەکۆڵانی دووەمی گەڕەکی باجگری شاری ھەولێرن، کەبائاشکرا دوو کوڕی لە سەر قەڵاتێ وێنەی سێڵڤیان گرت.
 خوشکێکی فەریقی یەکەمی ڕوکن حوسێن ڕەشید التكريتي دامەزرێنەری یەکەمی حەرەسی جمھوری صەدامی لەگەڕەکی منارە دووی شاری ھەولێرە.
کەس و کاری فەریقی یەکەم عەبد حەمودی سکرتێری یەکەمی صەدامیش لەگەڕەکی ئاشتی دووی ڕێگەی کەسنەزانن.
وەک لەقسەکانی حەسەن عەلەوی بەدیارکەوت عیزەت دووریش بەپاسەوانیەکی توند و نھێنی ھەر لەھەولێر بووە تامردنی.
پێدەچێت ئەو تاوانکارە گەورانە ژێر دەسەڵاتی کوردیان پێ زۆر باشتر و تەئمین تر بێ نەوەک لە ئوردن و سوریاو کەنداو بن لە قەتەر و ئیمارات. تا ڕۆژێک لەوێ نەکەونە بەر لێپرسینەوەی عەدالەتی نێو دەوڵەتی. 
کاتی خۆشی جەلال تاڵەبانی فڕۆکەوانەکەی بۆردومانی ھەڵەبجەی ئازاد کرد لەڕێگای مامۆستا سەیفەدین مودیر ئاسایشی ئەودەمی شاری سلێمانی و دوا وێنەیان لەگەڵ گرت.
لێرە دیارە کەس و كاری صەدام و عەلی کیماوی دەبێ لەشاری وەزیران شویێنی تری نھێنی و بەیاساوڵی تایبەت بن.

بۆیە لێرە بەلۆژیکی (دەستێ نەوێرین بیگەزین با ماچی بکەین) داوا لەدەسەڵاتی سیاسی کوردی و پەرلەمان دەکەین وەک لێبوردنە گشتیە بێ مەرجەکەی موستەشارە ئەنفالچیەکان ئەوانەش ھەموو بەر عافوات بکەون و لاپەڕەیەکی دی لەدڵفراوانی و لێبوردەیی گەلەکەمان پیشاندەین دژ بەو دوژمنانەی لەھەوڵی سڕینەوەی تەواومان بوون.