سێ کیلۆ جۆ لە بایەعی ئەم مانگە

Sunday, 26/09/2021, 21:37

3442 بینراوە


بەڕێوەبەرایەتی خوێندن لە سلێمانی پێشنیاری بۆ خوێندگاکان کردوە، کە وەك سیستمی لەندەن بۆ ماوەی هەفتەیەك مامۆستایان خۆراك بۆ خوێندکارەکانیان ، دابین بکەن.
 نازانین ئایا بە ڕاستی شتی وا هەیە لە لەندەن مامۆستایان لەسەر بودجەی خۆیان بۆ ماوەی هەفتەیەك هەرچیەك خوێندکارەکانیان ئارەزووی لێ بوو و یان حەز بکەن بیخۆن، ببێ بە فەرمان و لەلایەن مامۆستایانەوە جێ بەجێ بکرێ.
پێشەکی ئەبێ پرسیار بکەین بزانین ئایا ئەم شتە لە لەندەن بوونی هەیە، یان نا، ئەگەر بوونی هەیە بۆ ئەبێ لە سلێمانی بکرێ؟ ئەگەر کرا بە فرمان و لەلایەن پەروەردەوە داوایان لە مامۆستایان کرد، ئایا خودی پەروەردە ڕۆڵیان چیە لەو کارەدا؟  ئایا هەڵئەستن بە جۆرێك لە بەشداری کردن وەك بەرپرسیاری هەڵگرتن گەر کارێکی نەخوازراو، یان نەخۆشیەك ڕووبدا لەئەنجامی ئەو کارەدا؟
بێگومان مامۆستایان تەنها وانە ووتنەوە و  فێرکردنی خوێندکاران بنەمای کارەکانیان نیە، بەڵکو لەتەك ئەوەشدا ئەکرێ چەندین وانەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خاك و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە بکەن بە هەوێنی وانەکانیان و ڕۆژانە لانیکەم چەند خولەکێك  تەرخان بکەن بۆ ئەو مەبەستە. ئەڵبەت هەندێ جاری تریش مامۆستایان ئەتوانن هەستن بە چەندین کاری خۆبەخش و دروستکردنی هەندێ ئاهەنگ و چوونە دەرەوەی خوێندگاکان و سەردانی کردنی هەندێ شوێن بۆ مەبەستی فێربوون و ڕەنگە کاری نواندن و مویزێك و دروست کردنی خواردنیش شتێکی جوان و شیاو بێ.
 دیارە کاتی خۆی زۆربەمان ئەو شتانەمان لە مامۆستاکانمان بینیوە و کەڵکمان لێ وەرگرتوون، لەهەمان کاتیشدا چێژێکی باشی پێ بەخشیوین، لێ ئەم کارانە وەك ووتمان کاری خۆبەخش بوون و نەکەوتبوونە ئەوەی وەك فەرمانی پەروەردە و بەڕێوەبەری هەندێ لە خوێندگاکان بوبێ.
بەڕاستی لەم کاتەدا مامۆستا موچەیەکی وای نییە کەبتوانێ لێی زیاد بێ و بتوانێ بۆ ماوەی هەفتەیەك خواردن بۆ پۆلێکی 20 تا 30 خوێندکاری ئامادە بکا و بودجەی ئەوەی هەبێ بەم کارە هەستێ، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەگەر یەکێکیان تووشی نەخۆشی و مردن بوون، ئەوا مامۆستاکە ڕەنگە تووشی لێپرسینەوە و دوژمنایەتیش بێتەوە. 
هەندێ مامۆستا پێشنیاریان کردوە کە لە بایەعی ئەم مانگە هەر مامۆستایەك لەگەڵ بایەعیەك خۆی، سێ  کیلۆ جۆشیان بدەنێ چونکە پەروەردە وا ئەزانن مامۆستایان گوێدرێژن . ئەمە پێشنیاری مامۆستایەکی سلێمانیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە