(نوێکراوەتەوە) ئەو کتێبەی ئێوەی تۆقاند و زمانتان لێدا، جارێکی دیکە لە ئەمەزۆن دانرایەوە

Wednesday, 29/09/2021, 8:33

9508 بینراوە


تێبینی کوردستانپۆست: پاش بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینەی ئاشتی خان و پەیوەندییکردنمان بە کۆمپانیاکەوە، پاش هەوڵدانێکی زۆر توانرا جارێکی دیکە، ئەو کتێبە لە ئەمەزۆن دابنرێتەوە. ئەوەی دەخوازێت کتێبەکە بکڕێت دەتوانێت لەو لینکانەی خوارەوە، کە دامانناوە کتێبەکە بەدەست بهێنێت.

https://www.amazon.com/Shadow-Mountain-Ashti-Braim-Afendy-


پەڕتووکی "لە سێبەری شاخ"، بە خەرجی خۆم، بە ماندوو بوون و شەونخونی خۆم هاتە بەرهەم. هەرگیز مەبەست بە کتێب کردنی بۆ پارە نەبوو. زۆر باش دەمزانی کە خوێنەری ئەو کتێبە بە زمانی کوردیی تەنیا لە کوردستانە، بەڵام بڕیاری بەکتێب کردنی لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوە بوو،  کە ئەو پەڕتووکە لە چاپخانەکانی ژێر دەسەڵاتدارانی هەرێم زەلیل نەبێت و بە کۆیلە نەکرێت، بە ئارەزووی دڵی ئەوان داڕشتنەکانی دەستکاری نەکرێت، ڕستە، وشە و تا دەگات بە پیتێکیش نەکەوێتە ژێر سانسۆری ئەوان. کتێبەکە خەرمانەیەکی پڕ بێت لە ڕاستی گوتن، زانیاریی کە بەبێ لایەنی، بێ سڵمینەو و ترس کۆکرابێتەوە و بە سەربڵندی سووچێک لە کتێبخانەی مێژوو پڕ بکاتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، بە سەلیقەوە دەرگەی کۆمپانیای چاپکردنی بیانی نەما من لێ نەدەم، شوێن نەما من سەری پێدا نەکەم و سوڕاخی بە چاپ گەیاندنی کتێبێک بە  زمانی کوردی نەکەم. لە کۆتاییدا توانیم وەک نووسەرانی بیانی، کتێبەکە لە چاپخانەیەکی بیانی چاپ بکەم، کە کێشەی زۆری هەبوو لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایە کەسیان نەبوو زمانی کوردیی بزانێت، واتە کارکردن لە کتێبەکە لەسەر شانی خۆم مایەوە. 
هەوڵم دا لە  ڕێگەی ماڵپەڕی ناسراو چی بە ڕێگەی دیجیتەل و چی بە ڕێگەی کلاسیک، خوێنەر لە ئینتەرنێتەوە دەستی بە کتێبەکە بگات، پێشم وابوو کە ئەمەزۆن یەکێکە لەو وێستگانەی کە هەموو خوێنەری دنیا دەیناسێت و ئاسانتر دەبێت بۆ خوێنەری کورد لەهەر سوچێکی دنیادا بیەوێت بە ئیبووک دەستی بکەوێت.
دیارە زمان لە کتێبکە دراوە، وتراوە کە " لە سێبەری شاخ" بەرهەمێکی دزراوە! ئەم کارە جگە لە بەدڕەوشتی بەولاوە هیچی دی نییە و ئاوێنەیەکە کە لوتکەی بێ مۆڕاڵی، بێ پرنسیپی و بێ بەهایی تێیدا بەدی دەکرێت. ئێستا ئەو کتێبە لە "ئەمەزۆن"  لابرا.  ئەم ئەنجامە تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوی کە هەندێک کەس و هەندێک لە حزبەکانی هەرێم خاوەن میدیای زەبەلاحن، بەڵام  کتێبی " لە سێبەری شاخ" کە لە دوورە وڵات بەرهەم هات، بەڵام  هەموویانی تۆقاند،  ئەوە مانای ئەوەیە کە کتێبی " لە سێبەری شاخ" سەرکەوتووانە و سەربەرزانە هەر وەک خۆم ویستم چووە دەلاقەی مێژوو، ئینجا زوو یان دەرەنگ بێت، لە کۆتاییدا نەوەی تازە و داهاتوو هەر دەستی پێ دەگات. 

تێبینی:

بەڵگەکان لەبەردەستن، بەڵام هەنووکە گونجاو نییە بۆ  بڵاوکردنەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت و هەلێک ڕێکدەکەوێت کە ئەو بەڵگانەش بڵاو دەکرێنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە