ئەرسەلان بایز لە کۆڵەپشتەکەی ژمارە (91-93)دا چی داگرت!؟

Wednesday, 29/09/2021, 17:04

5614 بینراوە


ئەرسەلان بایز لەو دوو کۆڵەپشتەدا لە ماڵپەڕی خەندانی بەرهەم ساڵحدا، خۆی هەڵدەکێشێت و  باسی خۆی و جەلال تاڵەبانی دەکات،  کۆمەڵێک بوختان بەخۆی دەکات و دەڵێت:
"من و مام جەلال کاری زۆر سەختمان پێکەوە کردووە، دەربارەی کێشەکان بە یەکەوە گفتوگۆمان دەکرد، کێشەکانی ناوەخۆ، کێشەکانی وڵاتانی دەوروبەر". 
زۆربەی یەکێتییەکان ئەو زانیارییانەیان هەیە، کە پەیوەندیی ئەرسەلان لەگەڵ جەلال تاڵەبانی تەنیا لە ڕێگەی هێرۆ و یوسف زۆزانی بوو. ئەرسەلان بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، هەمیشە دەبوایە بۆ هێرۆ و یوسف زۆزانی دەست لەسەر سنگ ڕابەوەستێت، خزمەتیان بکات، بەگوێرەی دڵی ئەوان قسە بکات و بە دۆڵی ئەوان هەڵپەڕێت. ئەرسەلان ئەگەر ئەوەی نەکردبا بۆ یەک جاریش نەیدەتوانی جەلال تاڵەبانی ببینێت. ئەو دووانە پەیوەندییەکی نابەرابەریان لە نێواندا  هەبوو، واتە جەلال تاڵەبانی ئاغا و ئەرسەلان بایز خزمەتکاری بوو و هێرۆش ڕێگەخۆشکەر بوو.
ئەرسەلان لە  ٧/٧/٢٠٢١دا لە چاوپێکەوتنێکی کە لە  ماڵپەڕی شەن بڵاوبۆتەوە دەڵێت:
"پێشتر پەیوەندیی زۆر بەهێزم لەگەڵ هێرۆدا هەبوو، بەڵام کاتێک خوشکەکانی هاتنەوە بۆ کوردستان، بوونە هۆی تێکدانی پەیوەندیی نێوان من و هێرۆ، ئۆمێد دەکەم ئەو خوشکانەی لە ژیانیاندا خۆشی لەخۆیان نەبینن کە پەیوەندیی من و هێرۆیان تێکدا". 
ئاشکرایە کە بەدرێژایی مێژووی یەکێتی ڕۆژێک نەمان بیستووە کە ئەرسەلان و جەلال تاڵەبانی بەیەکەوە ڕەبیەکی سەربازییان گرتبێت، یان دژی سوپای عیراقی و هێزی جاش بەشداریی یەک شەڕیان کردبێت، ئیتر دەبێت ئەو کارە سەختانە چی بووبێت ئەو دووانە پێکەوە کردوویانە؟ لەوە بترازێت کە ئەرسەلان دەبوایە بە پارەی دزراوی شۆڕش و حزب، مەڕێک بکرێت و بۆ جەلال تاڵەبانی و هێرۆ و یوسف زۆزانی و جەمال ئاغا لە شیشی بدات، خوانی چەوریان بۆ ئامادە بکات.
هەموو ئەوانەی لەسەرەتای  دروست بوونی یەکەتیەوە تا ئەمڕۆ، گوێیان لە ڕادیۆی یەکێتی گرتبێت یان نووسراوەکانی ئەرسەلان بایزیان خوێندبێتەوە، ڕوونە لایان، کە ئەرسەلان کابرایەکی بە توانا و ڕۆشەنبیر نەبووە و نییە، بەدەلیلی ئەوی  بەدرێژای هەموو ئەو ساڵانەی ئەرسەلان پێنووس بەدەست بووە، توانای ئەوەی نەبووە، ڕۆژێک وتارێک لەسەر کێشەی ناوەخۆ یان دەوڵەتانی ئیقلیم یان زلهێزەکانی دنیا بنوسێت، یان لێکدانەوەیەک یان خوێندنەوەیەکی پێشوەختی هەبووبێت بۆ ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکان، ئیتر ئەو دەبێت لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا باسی کێشەی ناوەخۆی و دەرکیی چی کردبێت؟ کە ئەو تا ئێستا خاوەن تەنیا وتارێکی پڕناوەڕۆکی گرنگ نەبووبێت؟ دواتر پێشمەرگەی یەکێتی زانیاریی ئەوەیان هەیە، کە کێشەی ناوخۆ و دەرەکییەکان تەنیا لەنێوان نەوشێروان مستەفا و جەلال تاڵەبانیدا تاوتوێ دەکران، ئەرسەلان بەهیچ جۆرێک سفری دوای فاریزەش نەبووە، بەڵام سوودمەندی چاک بووە، هەمیشە گیرفان پڕ، تێروپڕ بووە، لە کۆڵەپشتی ژمارە ٩٣دا ئەرسەلان بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بکات کە دزی لە سامانی گشتی نەکردوە دەڵێت "ئێستاش ئەوەى هەمە هەمووى لەلایەن حیزبەکەمەوە بۆم دابین کراوە"، لێرەدا ئەرسەلان نەک تەنیا خۆی بەڵکو حزبەکەشی لەنێو خەڵکدا شەرمەزار دەکات، ئاخر ئەو حزبە ئەگەر هەر ئەندامێکی وەک ئەرسەلان بایز بکات بە میلیۆنێر، ئەی خەڵک ناپرسێت ئەرێ یەکێتی فەرموو ڕوونی بکەرەوە کە ئەو دەرامەتەت لە کوێ هێناوە ئەرسەلانت کردوە بە میلیۆنێر؟ لەو وڵاتانەی کە یاسا سەروەرە، ئەندامی هەر حزبێک ئەو بڵێت، ڕۆژی دوای میدیای دنیای لێ کۆدەبێتەوە و دەیدەن بە دادگا، ئەگەر یاسا لە هەرێم هەبێت، ئەرسەلان بایز نەک تەنیا دەبێت لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی بکرێت، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەوەشی لەگەڵدا بکرێت، کە بۆ ساڵانێکی درێژە ئەو مووچەی خانەنشینی سەڕۆکی پەرلەمان و مووچەی زیندانی سیاسی چۆن لە یەک کاتدا وەردەگرێت؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە