چۆن بنەماڵەی بارزانی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بونە ئاغای باشوری کوردستان؟

Wednesday, 29/09/2021, 18:42

6803 بینراوە


مێژوو نیشانی داوە: بە پێچەوانەی ڕوانگەی خۆشبینانەی زۆربەی حیزب، جەماوەر و تەنانەت ڕووناکبیرانی کوردستان، هاوکاری بنەماڵی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان بە هیچ جۆرێک تاکتیکی و کورت ماوە نەبوە، نیە و نابێ. بەڵکە یەک ئیستڕاتژی نەگۆڕە.
ڕازی سەرکەوتنی بارزانی بۆ قۆرغ کردنی دەسەڵات، لە ئیستڕاتژی بنەماڵە دایە.
مێژووی پارتی دێموکڕاتی بارزانی، پێمان دەڵێ کە ئەم هێزە یەک ئیستراتژی نەگۆڕی پەیڕەو کردوە:
 «دابین کردنی بەرژوەندی داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو ئاغایەتی بە سەر باشوری کوردستان دا»
بنەماڵەی بارزانی زیندوبونەوە و درێژەی ئاغایەتی ئیمارەتە کوردیەکانی دەورەی ئیمپراتوری عوسمانی و ئێرانیە کە تا نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە درێژەی هەبوە.
 هەرچەند کە دەورەی هاوژیانی ئیمارەتە کوردیەکان لە گەڵ دەوڵەتانی عوسمانی و ئێران لە سەدەی ١٩ کۆتایی پێ‌هات؛ بەڵام لە ٦٠ ساڵی ڕابردوو بە شکڵێکی نوێ لە ژێر ناوی کوردایەتی بە ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی زیندو بۆتەوە. دەکرێ بە سیستمی «نوێ‌میرنشینی» یان «دەوڵەت-قەبیلە»ی بارزانی ناوزەد بکرێ. 
دەوری بارزانی لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشوری کوردستان 
سەردار ئیرەج مەسجیدی(سەرۆکی بنکەی ڕەمەزانی سپای پاسدارانی ئێران) ئەندازیاری ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشوری کوردستان بوو.
 لە گەڵ شکستی ئێراق لە کوەیت، شێعەکانی باشوری ئێراق دژی سەدام ڕاپەڕین. ئێران بۆ پێشگیری لە سەرکوتی شیعەکان و دروست کردنی بەرەی دوهەمی شەڕ، پلانی ڕاپەڕینی کوردەکانی باشوری کوردستانی بە سەردار مەسجیدی سپارد.  
سەردار ئیرەج مەسجێدی، ئەندازیاری ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشوری کوردستان

لەو زەمانە دا پارتی دێموکڕاتی بارزانی هێزی چەکداری کەم بو. بەڵام لە گەڵ جاش و مستەشارەکان پێوەندی هەبو. ڕاپەڕین لە غەیابی پارتی دا و لە سەر دەستی جەماوەری لایەنگری یەکیەتی نیشتمانی لە ڕانیە و بە پێشەنگی عەلی نەبی و مام جوتیار دەستی پێکرد(دوایە هەردوکیان بە دەستی چەکدارانی پارتی شەهید کران(١٩٩٤).
کڕۆنۆلۆژی(خەتی زەمان) ئازاد کرانی شارەکان نیشان دەدات کە بنەماڵەی بارزانی دەورێکی زۆر کەمیان لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ دا هەبوە. بارزانی لەم زەمانە دا تەنیا لە دهۆک و بە ڕادەیێکی کەمتر لە هەولێر پێگەی جەماوەری هەبو. لە پارێزگای سلێمانی پێگەی جەماوەری لە کەمترین ئاست دا بوو.  
خشتەی زەمانی ئازاد کرانی شارەکانی باشور لە ڕاپەڕینی ١٩٩١:
شاری ئازادکراو سەردەم
1- ڕانیە    05-03-1991
2- سلێمانی 07-03-1991
3- هەولێر 11/03/1991
4- دهۆک 14/03/1991
دەبینین کە دهۆک نۆ ڕۆژ دوای ڕانیە و حەوت ڕۆژ دوای سلێمانی ئازاد کراوە.  
تەنانەت لە ئازاد کرانی دهۆکیش دا، ڕۆڵی یەکیەتی، شیوعی و حسک سەرجەم لە پێشمەرگەی پارتی زیاتر بوو. 
دەبێ ئەواش لە بەر چاو بگرین کە دوای وەدەرنانی سپای ئێراق لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ورەی هێزەکانی بەعس ڕووخابو. باقی ناوچە کوردنشینەکان دۆمینەوار دەڕوخان و دەکەوتنە دەست کوردەکان.  
بەم جۆرە بنەماڵەی بارزانی کە ساڵی ١٩٧٥ ئاشبەتاڵیان کردبو، بێ هیچ زەحمەتێک دوای ١٦ساڵ لە کەرەج، زێوە، دزە و ڕاژانی ورمێ ڕا گەڕانەوە باشور و هاتنە سەر خوانی ئامادە. 

ڕۆڵی "ئیستڕاتژی بارزانی" لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١

دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ پێگەی جەماوەری پارتی دێموکڕاتی بارزانی نەدەگەییشتە یەک لە سەر چواری جەماوەری باشور. بەڵام خەونی بارزانی ویلایەتی موتڵەق بە سەر باشوری کوردستان بوو.
 لەو زەمانە دا، ئیستڕاتژی بارزانی ڕۆڵی سەرکەوتوانەی خۆی نیشان دا. «دابین کردنی بەرژوەندی داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو ئاغایەتی بە سەر باشوری کوردستان دا»
 بارزانی بە نۆکەرایەتی ئێران، تورکیا وئێراق خۆی دەوڵەمەند کرد. بە ڕاکێشانی جاشەکانی پێشو و کڕینی سەرۆک عەشیرە، ئاغاوات، قەڵەم فرۆش،گەل فرۆش و مێژوو فرۆش و... پێگەی جەماوەری خۆی بەهێز کرد. 
بە دەستوری داگیرکەران شەڕی کوردکوژیان بە سەر پ.ک.ک و یەکیەتی نیشتمانی دا سەپاند. ئەم بنەماڵەیە یەک ڕۆژیش بێ پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان شەڕی حیزبە کوردیەکانیان نەکردوە.  
بۆ نمونە یەکیەتی نیشتمانی لە شەڕی چوار ساڵەی ناوخۆیی(١٩٩٨-١٩٩٤) دا توشی شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران، تورکیا و ئێراق بو. 
ساڵی یەکەم ئێران و ئیسلامیەکان پشتیوانی بارزانیان کرد(١٩٩٤) لە کۆتایی ئەم ساڵە دا یەکیەتی بە ناچاری ویستەکانی ئێرانی بۆ داخستنی ڕادیۆی حیزبی دێموکڕات و کەمپنشین کردنی ئەم حیزبەی قەبوڵ کرد. لە بەرانبەر ئەم تەنازولە دا، ئێران یارمەتی پارتی و ئیسلامیەکانی بۆ لێدانی یەکیەتی لە سەر سنورەکانی خانێ، سەردەشت، بانێ، مەریوان و هەورامان ڕاوەستاند.
 دوای ڕاوەستانی یارمەتیەکانی ئێران، بارزانی بە پشتیوانی ڕاستوخۆی ئێراق و تورکیا درێژەی بە شەڕ دا. لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ سەدام هەولێری بۆ پارتی داگیر کرد. تورکیا بە تانک و پایگا و هێزی ئاسمانی پشتیوانی بارزانی کرد. لە ئاکام دا پارتی براوەی شەڕ دەرچو. 
بنەماڵەی بارزانی لە ئاکامی ئەم ئیستڕاتژیە، تا ساڵی ١٩٩٨ بوون بە هێزی یەکەمی باشور و ٨٠٪ی پارە و دەسەڵاتی ئەم دەڤەرەیان بۆ خۆیان قۆرغ کرد.
جەلال تاڵەبانی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ پێشگیری لە دوپات بونەوەی شەڕی ناوخۆ، بە پۆستی کارتۆنی سەرۆک کۆماری کارتۆنی ئێراق ڕازی بوو و ویلایەتی موتڵەقەی بنەماڵی بارزانی بە سەر باشوری کوردستان قەبوڵ کرد. 
تاڵەبانی بەم کارە توشی گەورەترین هەڵەی ئیستڕاتژیکی سیاسی بوو. لەبیری چۆبۆوە کە "دۆستایەتی بنەماڵی بارزانی کوشندەترە لە دۆشمنایەتیان"   
دوای ئەم سەودایە، بنەماڵەی تاڵەبانی و ڕێبەرانی یەکیەتی وەک سەرانی پارتی دێموکڕاتی بارزانی چونە ناو زەلکاوی گەندەڵی و خیانەت. یەکیەتی لەو کاتەوە لە پوکانەوە و داڕمانی بەردەوام دا بوە. 
ئێستا یەکیەتی نیشتمانی لە قەوارەی حیزب دەرچوە و وەک بەرەیێکی ناکۆکی ئابوری و پیسخۆری گوێ لەمستی بارزانی لێهاتوە. تەنیا کەسێکی کە گریمانە دەکرا بتوانێ یەکیەتی نیشتمانی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ زیندوو بکاتەوە، لاهور شێج جەنگی بو. بۆیە بوو بە ئامانجی پیلانەکانی میت و پاراستنی بارزانی.   
یەکیەتی لە دوای کۆنگرەی ٢٠١٩ کەوتبۆ سەر دەورێک کە گریمانە دەکرا پانیکەکان(پارتی ناو یەکیەتی) پاکسازی بکرێن و لە پاشکۆیەتی پارتی بێتە دەر.
پاراستنی بارزانی ویستی لاهور شێخ جەنگی تیرۆر بکات. بەڵام لەم کارە ناکام مایەوە. هەر بۆیە مەسعود بارزانی کوڕەکانی جەلال تالەبانیی ناچار کرد لە مانگی حەوتی ٢٠٢١ دژی ئامۆزاکەیان(لاهور) کودتا بکەن. 
ئەگەر پیلانی دەرکردنی لاهور لە یەکیەتی سەر بگرێ، خەونی شەست ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بۆ قۆرغکردنی تەواوی دەسەڵات و ئاغایەتی بە سەر خەڵکی باشور وەدی دێ. 
کرۆنۆلۆژی(خەتی زەمان) هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان
بە پێچەوانەی ڕوانگەی خۆشبینانەی زۆربەی حیزب، جەماوەر و تەنانەت ڕووناکبیرانی کوردستان، هاوکاری بنەماڵی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان بە هیچ جۆرێک تاکتیکی و کورت ماوە نەبوە، نیە و نابێ. بەڵکە ئیستڕاتژیەکی نەگۆڕە.
"مێژوو گەورەترین مامۆستای مرۆڤ و کۆمەڵگایە. گەلێک مێژوو نەخوێنێتەوە یان لەبیر خۆی بەرێتەوە، ناچارە هەڵەکانی پێشینیانی دوپات بکاتەوە"
بنەماڵەی بارزانی لە مێژووی شێست ساڵی ڕابردو دا، بێ چەتری یەک یان دوو داگیرکەری کوردستان، یەک ڕۆژیش ژیانیان تێنەپەڕاندوە. کرۆنۆلۆژی هاوژیانی  بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان:
خشتەی هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان و...
ساڵەکان دەوڵەتی پشتیوانی بارزانی ئامانجی دەوڵەتی پشتیوان ئاکامەکان
١٩٧٩-١٩٦١ محەمەد ڕەزاشای ئێران ڕووخاندنی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم- سەرکوتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران(حیزی دێموکڕات) عەبدولکەریم قاسم لە کوردستان مەشغوڵی شەڕی مەلا مستەفا و ساواک بو، کە قەومی و بەعسیەکان هەلەکەیان قۆستەوە و دەوڵەتی قاسمیان ڕوخاند. + لە لایەن مەلا مستەفا سەدیق ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، خەلیل شەوباش و مەلاڕەحیمی وەرتێ، قادر شەریف، دڵشاد ڕەسوڵی لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە شێوازی جۆراوخۆر وەک تیرۆر و ئیعدام قوڕبانی کران؛ و ٥٥ شۆڕشگێڕی دیکە بە زیندویی ڕادەستی ساواکی ئێران کرانەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران
١٩٧٩ تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران پاکسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆمەڵە و دێموکڕات. پاکسازی ڕۆژهەڵات بە کوژرانی ٦٠٠ چەکداری قیادە موەقەت لە ماوەی شەش ساڵ(تا ١٩٨٥) بە ئاکام گەییشت. ئێستاش دێموکڕات و کۆمەڵە لە باشور کەمپ نشین کراون و  لە ژێر کۆنتڕۆڵی بارزانی دان. 
١٩٦١ تا ٢٠٠٢ تورکیای سێکۆلار هاوکاری بۆ بنبڕکردنی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا+  شەڕ دژی پ ک ک کوشتنی هەر دوو ڕێبەری پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا(سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان١٩٧٢) بە کوشت¬دانی ٣٠٠٠ پێشمەرگە لە شەڕێ هاوبەش تورکیا دژی پ ک ک + کۆمەڵکوژی ٨٠ گریلای بریندار و هەڵسوڕاوی سیاسی و کادری دەرمانی و ڕۆژنامەوانی پ ک ک لە هەولێر(١٩٩٧) 
٢٠٠٢ تا ئێستا تورکیای ئیسلامی ئەردۆغان هاوکاری سەربازی، ئیستخباراتی ئەرتەش و میتی تورکیا بۆ لێدانی پ ک ک ، دوشمنایەتی کوردانی ڕۆژئاوا. پەلکێشی سپای تورکیا بۆ زۆنی زەرد و دانانی ٨٠ پایگا. هاوکاری ئیستخباراتی بۆ تیرۆری ڕێبەرانی پ ک ک بە دانانی جی پی ئیس،جاسوسی و هاوکاری ئاشکرا و نادیاری سەربازی تا ئێستا درێژەی هەیە.
١٩٧٨ تا ئێستا دەوڵەتەکانی ئێراق هاوکاری لە کوشتار و سەرکوتی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی دیکەی باشور. کوشتاری ٧٥٠ پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی لە ١٩٧٨+ داسەپاندنی شەڕی ناوخۆیی دژی یەکیەتی. کارەساتی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ + پیلانی هاوبەش لە گەڵ دەوڵەتی کازمی دژی خۆبەڕێوەبەری شەنگالیەکان(٢٠٢٠) 
١٩٦١ تا ئێستا دەوڵەتی ئیسڕائیل هەڵگیرسانی شەڕ دژی عەبدولکەریم قاسم و درێژەدانی شەڕ لە دژی حاکمانی دژە ئیسڕائیلی  دوای قاسم ڕوخانی دەوڵەتی قاسم +  مەشغوڵ بونی دەوڵەتانی دژی ئیسڕائیلی ئێراق بە شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆ. 
٢٠١٤ داعش هاوکاری داعش بۆ داگیرکردنی پارێزگای موسڵ هاوکاری تیجاڕی و لۆجستیکی و سەربازی و ڕادەست کردنی شەنگال، زومار، ڕەبیعە بە داعش(٢٠١٤) 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

[1] - لە 05-03-1991 شاری ڕانییە ئازاد کرا. بە یەکەم تەقەی شەهید عەلی نەبی دەستی پێکرد. ڕانیە ئازاد کرا. لە ڕۆژی 07-03-1991 لە شاری سلێمانی و ڕۆژی 11/3/1991 لە شاری هەولێر ڕژێم بەدەرنرا لە کوردستان. بۆ یەکەم جار لە ڕێکەوتی 2021/3/1991 شاری کەرکووک ڕزگار کرا... 
کوردیپێدیا - ڕاپەڕینی ساڵی 1991

[1] هۆکار و ڕێکارەکانی دوشمنایەتی بنەماڵەی بارزانی و لاهور شێخ خەنگی | 

[1] - هاوژیانی، لە تەبیعەت دا سێ جۆر هاوژیانی هەیە     

1- هاویاری- کە هەر دو لایەن قازانج دەکەن (وەک مێرولە و شەتە)
2- ئەنگەلی-  کە لایەک قازانج دەکات و لایەک زەرەر  (وەک مرۆڤ و مێشولە یان مرۆڤ و کرمی ئاسکاریس)
3- هاوسفرە بون-  لایەک قازانج ئەکات ولایەکیش نە قازانج ئەکات و نە زەرەر.  ( وەک داڵاش و شێر). کە شێر ڕاو دەکات و تێر دەخوات و دوایەش بەرماوەکەی داڵاش دەیخوات


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە