پارتی .. حیزبی قائد (فی المشمش)!!

Wednesday, 29/09/2021, 22:18

4772 بینراوە


میسرییەکان کاتێک بیانەوێ گاڵتە بەکەسێک بکەن کە ئاوات بەشتێکی وەهمی دەخوازێ ، پێی دەڵێن " فی المشمش " . واتە ئەمە خەونێکە قەت نایەتە دی .. پارتیش کاتێک ئاوات دەخوازێ ببێ بە حیزبی قائیدی ئومەتی کوردستان وتاکڕەوانە حوکمی خێلەکی وعەشایەری دواکەوتووی خۆی بەسەر میللەتدا بسەپێنێ ، هیچمان بۆی نیە تەنها بڵێن مەگەر ئەم خەونەی ئێوەش ( فی المشمش ) بێتەدی .
پارتی کە سەرۆکی هەرێمەکەی و جێگری سەرۆکی حیزبەکەی ئیدیعای ئەوە ئەکات گوایە پارتی تاکە حیزبە کە لایەنە عیراقی و کوردستانیەکان حیسابی بۆ ئەکەن ، بیری چۆتەوە کاندیدەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عیراق لەساڵی ٢٠١٨ تەنهاو تەنها ٢٠ دەنگی لایەنەکانی عیراقی لەپەرلەمان وەدەستهێنا لەبەرامبەر ٢٢٢ دەنگی بەرهەم صالح !.
پارتی بیری چۆتەوە ئەگەر لەهەڵبژاردنەکاندا تەزیروساختەچێتی نەکات ، هیچ گومان لەوەدا نیە کە تەنها بەقەدەر حزبێکی تورکمانی دەنگ دەهێنێ .
پارتی دیسان بیری چۆتەوە هەر لەم هەرێمەی کوردستانەدا دەیان حیزب لەسەر ئەساسی دژایەتی پارتی دروستبوون و ئێستا میللەتەکەشی هاتۆتە سەر کە لەسەرانسەری کوردستاندا نەفرەت لەم حزبە ئەکەن و بە نەیاری سەرسەختی خۆیانی ئەزانن ، تەنانەت ئێستا خەڵکێکی زۆری ناوچە ژێرنفووزەکەی لەبادینانیش کەوتونەتە خۆیان بۆ دژایەتی پارتی ورەتکردنەوەی حوکمڕانییە قەرەقۆشییەکەی کە ئەمەش تووشی هیستیریای کردوون .ئیتر کێ حیساب بۆ پارتی وحوکمەکەی ئەکات ؟؟!!  مەگەر تورکمانە شڕوشەقەکانی سەر بەتورکیاو ، کۆیلە وماستاوچییەکانی دەورەپشتی دەسەڵاتەکەیان و ، هەندێ گۆرانیبێژی هیچ و پووچی وەکو جەلال پەرێشان وخدر بێگەڵاسی و ، چەند نووسەرێکی قەڵەمفرۆش و ، چەند پەرلەمانتارێکی بەساختە هەڵبژێردراوو ، هەندێ سەرۆک جاش وکۆنە بەعسییەکانی ئەنفال وکیمیاباران کە ئێستا لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکانی هەولێردا ژیانێکی ئاسوودە بەڕێدەکەن .
پارتی لەوەتەی دامەزراندنیەوە لەسەر ئەساس وبیناغەی خیانەتی نیشتمانی ونەتەوەیی هاتۆتە سەر ساحەکە ، بۆیە تاکە لایەنێک کە حیسابی بۆ بکات دەوڵەتە داگییرکەرەکانی چوار پارچەکەی کوردستانن کە پارتی شەڕێ ئەوان بە وەکالەت لەدژی کورد ئەکات .
پارتی تەنها لەلایەن حزبو کەسایەتییە شۆفینیەکانی دژە کورد حیسابی بۆ ئەکرێ ، چونکە بارەگاکانی پارتی شوێنی حەوانەویانن .
پارتی لەلایەن دزو مافیاو قاچاخچیەکانەوە حیسابی بۆ ئەکرێ ، چونکە حکومەت ودەسەڵاتەکەی پارتی پارێزەری بەرژەوەندیەکانیانن .
پارتی تاکە حزبێکی کوردستانە کە هەموو خەڵکی کوردستان لێی بێزارن ، هەموو لایەنەکانیش دژایەتی ئەکەن .
پارتی تاکە حزبێکە کە لەداگییرکەرەکانی کوردستان زاڵمترو پییسترو لەوانیش زیاتر بەخوێنی میللەتی کورد تینووە .
ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا تاکە فرسەتێکە بۆ گەلی کوردستان کە بەفیعلی رۆڵی خۆیان ببینن لە دەمکوتکردنی ئەم حیزبە خائینە و فرێدانی بۆ ناو تەنەکەی زبڵەکە..
نە فشەفشی نێچیرڤان بارزانی و نە سینگدەرپەڕاندنەکانی مەسرورو نە درۆیەکانی مەسعود بارزانی و ، نە سروودەکانی جەلال پەرێشان ئەم حزبە ناکەنە حیزبی قائید و ئەمە خەونێکە مەگەر لە ( مشمش ) بیبینن ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە