ئاڵا تاڵەبانی داوای دەنگ و متمانەی خەڵکی بەشمەینەتی کەرکوک دەکات

Saturday, 02/10/2021, 23:29

4947 بینراوە


 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە،  کچی شێخ تەحسین تاڵەبانییە کە لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێک لەدیارترین کوردە بەعسییەکانی کەرکوک بووە، باوکی بەوە تاوانبارە کە سیخوری بەسەر خەڵکیدا کردووە. ئەم بەعسی بوون و لاوازی هەستی نەتەوەییەی باوکی لەخوو و ڕەفتاری ئاڵا تاڵەبانیدا ڕەنگی داوەتەوە، وایکردووە کە لەپێناو بەرژەوەندی و پارە و پوستدا هیچ سنوورێک نەناسێت، سەنگەر لەنەتەوەی خۆی بگرێت و سوکایەتی بەهەموو موقەدەساتێکی نەتەوە و نیشتیمانی خۆی بکات.
بینیمان لەڕووداوەکانی (١٦) ی ئوکتۆبەری (٢٠١٧) دا، چۆن سەنگەرەکانی حەشدی شەعبی بەسەر دەکردەوە، بەشان و باڵی حەشدا هەڵی دەدا، بەپارێزەری ژیان و سەروو ماڵی کورد ناوی دەبردن.  هەروەها بینیمان چۆن لەڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەوت و دەستخۆشی لەحکومەتی عێراقی دەکرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک و تەواوی ناوچەی (١٤٠)، هەروەها دەیوت: پێویستە کورد بەتەواوی دەستبەرداری کەرکوک و ناوچەی (١٤٠) بێت.
لەدوای ڕووداوەکانی (١٦)ی ئوکتۆبەردا، ڕاگەیاندنە عەرەبی و عێراقییەکان، بەهۆی عێراقچێتییە لەڕادەبەدەرەکەی و هەڵوێستەکانی دژ بەکورد، بایەخی زوریان پێدا. لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەسی عەرەبی دەڵێت: پێش ڕووداوەکانی (١٦)ی ئوکتۆبەری (٢٠١٧)، قاسمی سولەیمانی هاتووەتە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی کۆبووەتەوە، داوای ئەوەی لێکردین کە کەرکوک تەسلیم بەعێراق و ئێران بکەین، ڕێنمای کردین کەچۆن بیکەین.  لەچاوپێکەوتنێکی تردا هاوار دەکات و دەڵێت: من عێراقیم،  ڕەچەڵەکی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆزی بەنی ئەسەدی عەرەبی شیعە، تاکید لەدڵسۆزی خۆی بۆ عێراق و وەحدەی عێراق دووپات دەکاتەوە.
هەروەها لەپۆستێکی فەیسبووکیدا، لەبارەی داگرتنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حیزبە کوردییەکانی کەرکوک، بڕیارەکە بەبڕیارێکی حەکیمانە ناودەبات، داوا دەکات کە کەس خۆی ناڕەحەت نەکات، ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە و کەسمان خێرمان لەم ئاڵایە نەبینیوە، بۆیە شایشتەی ئەوە نییە خۆمانی بۆ بێتاقەت بکەین، ئەگەر هەر کەس لەئێمە سەفەر بکات بەئاڵای عێراقەوە دەناسرێت، بۆیە پێویستە شانازی بەعێراقیبوونی خۆمانەوە بکەین.
لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا لەساڵی (٢٠١٨)، لەسەر لیستی هاوپەیمانی بەغداد بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی، کە بەلیستی کۆنە بەعسییەکان ناسرابوو، خۆی کاندید دەکات و دەبێتەوە پەرلەمانتار.  دوای هەڵبژاردنەوەی بە پەرلەمانتار لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا ، کە لەبالەکۆنی هوتێلێکەوە تۆمارکراوە، دەردەکەوێتەوە، سروودی مەوتینی دەڵێتەوە و دەڵێت: من ئاڵایەکی عەرەبیم و شەوی بووکێنیم قادسیەیە. بەڕاستی هەڵوێست و ڕەفتارەکانی ئەم زاتە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە و تەواوی گەلی کوردی تووشی شەرمەزاری کردووە.
ئم زاتە بەپێی بەرژەوەندی خۆی، بۆ پارە و پلە و ئەمبەر و ئەوبەر دەکات. لەناو کۆمەڵگەدا هەرکەسێک ئەملا و ئەولا، ئەمبەر و ئەوبەر بکات، ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات، لەبەرئەوە ئەم ئاڵا ئەسەدییە، بەهۆی ئەمبەر و ئەوبەرکردنەکانی و هەڵوێستە شۆڤینیەکانی دژ بەکورد، هیچ نرخ و بەهایەکی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە.
لەدوای کۆنگرەی یەکێتی و بوونی لاهور شێخ جەنگی بەهاوسەرۆک.  برایەکی دەکرێت بە بەرپرسی دەزگای زانیاری و ئاڵا تاڵەبانیش لەکوتلە عەرەبییەکان دەهێنرێتەوە و دەکرێت بەسەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی. پاشان بۆ هەڵبژاردنی (١٠) ئوکتۆبەری ئەمساڵ کاندید دەکرێت، وەک تاکە ژنی بێ ڕکابەری حیزبەکەی لەبازنەی یەکی پارێزگای کەرکوک، بەڵام دوای ڕووداوەکانی (٨)ی تەمموزی (٢٠٢١) ناوخۆی یەکێتی، محمد تەحسینی برای لەبەرپرسی دەزگای زانیاری لابرا و ئاڵا تاڵەبانیش لەکاندیدی حیزبەکە دوورخرایەوە.

ئێستا لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەکەرکوک تۆمارکراوە، بەئاڵای کوردستانەوە دەردەکەوێت و بانگەشە بۆ خۆی دەکات، داوای ئەوە دەکات کە خەڵکی بەش مەینەتی کەرکوک متمانەی پێ بدەنەوە و بەڵێن دەدات، وەک چۆن پێشتر دڵسۆزی کەرکوکییەکان بووە، بەوشێوەیە بمێنێتەوە.
بەڕاستی کاتێک مرۆڤ سەیری ئەم گرتە ڤیدیۆییە دەکات، لەخۆی تەریق دەبێتەوە، باشە ئەم زاتە چی مەعدەنێکە، چۆن بەچی ڕوویەکەوە داوای دەنگ و متمانەی خەڵکی بەش مەینەتی کەرکوک دەکات ؟ چۆن ئاوا بێشەرمانە بەو ئاڵایەی کە دوێنێ بەپارچە پەڕۆیەک ناوی دەبرد، ئێستا بانگەشە دەکات ؟ 
 بەڕاستی ئەم ئافرەتە ڕووی زۆر قایمە، ڕەفتارەکانی هەموو سنوورێکی تێ پەڕاندووە، ئەمانە و نموونەکانیان لەپێناو بەرژەوەندی و پارەو پۆستدا ئامادەن هەموو شتێک بکەن. هیوادارم دەنگدەرانی کورد هوشیاربن، نەخەڵەتێن و بەزمان لووسی ئەمانە باوەڕ نەکەن و ئەم هەڵبژاردنە بکەنە ڕۆژی ئاوابوونی خۆری ئاڵا ئەسەدی و هاوشێوەکانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە