ئەیخۆی نایخۆی، ساوەرە

Wednesday, 06/10/2021, 7:22

4350 بینراوە


 ساوەر وەك شۆربا،ساوەری سوور بە دۆشاوی تەماتە،ساوەری سپی بەبێ رۆن،لەپە ساوەر و چەندین جۆر لێنانی ساوەر و بەپێی شوێن وکاتی جیا جیا، بەڵام هەمووی هەر ساوەرە و تەنها تامی ساوەر ئەدا.
لەساڵی 1992 وە تا ئێستا لە باشوور چەندین هەڵبژاردن کراوە، دەنگدەر هەر چۆنێ دەنگی دابێ وەیان دەنگی نەدابێ، ئێدی تەنها ماڵی جەلال و مەلا مستەفا براوەبوون،، وە لەو کاتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ، مانگ دوای مانگ و ساڵ دوای ساڵ هەڵبژاردن جگە لە ئامێرو ئامرازێکی چەواشەواکاری و خۆهەڵخەڵەتاندنی جەماوەر و دانگدەر نەبوبێ، هیچی تر نەبوە. ئەمە جگە لەوەی بارو دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی زیاتر و زیاتر قوڕ کراوە بەسەریدا. هەڵبژاردن تەنها کۆمەڵێ دزی نوێ و چەتەی بلیمەت و مافیای زیرەك و گیرفان بڕی لێهاتووی لێ بەرهەم هاتوە و جگە لەگیرفان و بەرژوەندی ئەو دوو بنەماڵەیە نەبێ هیچی تریان بۆ خەڵکی نەکردوە.
ئێستا گەلێ درەنگە بۆ ئەوەی جارێکی تر خەڵکی بچنەوە بۆ بەردەم سندووقەکانی هەڵبژاردن و وا بزانن ئەم جارە جیاوازە لەجارەکانی تر و بیر لەوە بکەنەوە نەوەی نوێ پێگەیشتوەو تێڕوانین و بیرکردنەوەیان لەهی جەلال و مەسعود و نەوشیروان جیاواترە.. نەخێر و سەد نەخێر!! نەوەکانیان درێژە پێدەری هەمان هەنگاو و جاشایەتی و خیانەت کردنە بە نیشتمان و گاڵتە بە دەوڵەوتی کوردی و نیشتمانی کوردی و زمانی کوردیش ئەکەن، ئەم بنەماڵانە لە دوژمنی دوژمنی کورد خراپترن و ئەبێ نەفرەتیان لێ بکرێ، نەوەك دەنگیان پێ بدرێ.
هەڵبژاردن تەنها چەند دەم و چاو ئەگۆڕێ و هیچی تر. جا هیوامان گەورەیە ئەم جارە گەلەکەمان هەر یەکەی لەماڵی خۆی دەرنەچێ و جارێکی تر بەشداری ئەم پرۆسە گەڵتەجاریە نەکا. کورد وەتەنی(گەر جارێك هەڵیان خەڵەتاندم ، خوا بیان گرێ. گەر جارێکی تر هەڵیان خەڵەتاندم، خوا خۆم بگرێ). هەروەك چۆن ئەنیشتاین ئەڵێ(نەزان ئەو کەسەیە وا بزانێ هەمان شت دوو ئاکامی جیاوازی لێ ئەکەوێتەوە). 
کوردستانپۆست هەموو کاتێ هەوڵی داوە جەماوەر ئاگادار بکاتەوە لەوەی هەڵبژاردن لە باشوور جگە لە مەینەتی و کیشەی زیاتر هیچی لە هەگبەدا نیە بۆ خەڵکی. داوای لێکردوون بەشداری نەکەن و بایکۆتی بکەن. هەر وەك ئەم جارەش هەمان داوای هەیە  وهیوادارین خەڵکی بەدەم داواکەمانەوە بێ. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە