شەمشەمەکوێرەکان

Wednesday, 06/10/2021, 7:31

3327 بینراوە


مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەو پرسیارکردن و گفتوگۆ هەیە. ئەگەر بیرکردنەوەکان ڕێزیان لێبگیرێ و پرسیارەکان وەڵام بدرێنەوەو گومانەکان لەناو گفتوگۆدا بڕەوێنرێنەوە، ئیتر جەنگەکان و ڕقەکان پێویست نین و دنیا لە ئاشتیدا ئەژی. بەڵام بەداخەوە بیرتەسك و تاریکپەرستان، بیرکردنەوە ئەوەستێنن و پرسیارەکان ئەکوژن و دەمەکان دائەخەن و دەرگای ترس و تیرۆرو تۆقاندن ئەکەنەوە.
من گەنجێکم پرسیارم لەبارەی دینەوە هەیەو ئەگەر لە گفتوگۆیەکی شارستانییەدا وەڵامم وەرگرتایە، ڕەنگە بۆچوونەکانم لەبارەی دینەوە بگۆڕایە. بەڵام کاتێ وەڵامی پرسیارەکانم بە هەڕەشەی کوشتن و سەرپەڕاندن و زمان بڕین ئەدرێتەوە. ئیتر من گومانە خراپەکانم لەبارەی دین و دیندارەکانەوە، ئەبێتە یەقین و دڵنیا ئەبمەوە لەوەی کە ئەوان شتێکی جوانیان پێ نیە بۆ ئەم دنیایە.
چەن بچوکە ئەو خودایەی کە پێویستی بە حیمایەیەو کەسانێکی دڵڕەش، بە هەڕەشەو کوشتن و دەمداخستنی خەڵك ئەیپارێزن. چەن گەورەیە ئەو خودا گەردوونییەی کە گەورەترە لە عەقڵی بچوکی دیندارە دەمارگیرەکان.
بێگومان خودایەك ئەگەر هەبێت، ئەوەنیە کە دژی ژن و مۆسیقاو زانست و هونەرەو ئەوەنیە کە کێشەی لەگەڵ جوانییەکانی ئەم دنیایەدا هەیە. بەڵکو ئەوەیە کە خۆی جوانییەو جوانیشی خۆش ئەوێ. دینێکی ڕاستیش ئەگەر هەبێت، دینی خۆشەویستییە، نەك ئەو ڕقەی کە پەرستگاو کاهینەکان پەخشی ئەکەن و دۆزەخی جەنگەکانی پێ گەرم ئەکەن.
بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی، جگە لەوەی کە خۆی بە فیشەك جوابی ڕەخنە ئەداتەوەو سەردەشت و کاوەکان شەهید ئەکات. کۆمەڵگاشی پڕکردن لەو سەلەفی و توندڕەوانەی کە بە کوشتن و تیرۆر وەڵامی ڕەخنە ئەدەنەوەو بە هەردوکیان خاچیان بۆ قەڵەمی ئازاد هەڵواسیوە.
هەڕەشەی شەمشەمەکوێرەو تاریکپەرستان، نامانوەستێنێ و قەڵەم و بیرو پرسیارمان بەردەوام ئەبێ. چونکە بەڵێنمان بە خۆمان داوە، کە ئازادانەو هۆشیارانە بژین، نەك کۆیلانەو کوێرانە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە