بۆ دکتۆر ئەنوەر شێخە ى بەڕێز

Wednesday, 06/10/2021, 7:56

6026 بینراوە


دکتۆر ئەنوەر لەلاپەرەى فەیبسوکەکەى ئەمەى وەشاندووە :

ئێمە لە هیوا هەر شێرپەنجە بنەبڕ ناکەین بەڵکو پەیوەندیەکی ڕۆحانی خێزانی و باوکو کیژیش دروست دەکەین،       
کاڵێ شێرپەنجەی لوکیمیای پەڕاند؛ کلیەی تەواو کرد؛ لای خۆم لە شاری پزیشکی انور شێخە تعیینم کرد؛ وا شویەکی باشیشی هەر لە نەخۆشخانەکەی خۆمدا کرد وە خوا یار بێت منداڵەکانیشی دەگرمە باوەش .
 بەڵام لەهەمان لاپەرە بەئینگلیزى ئەمەى وتووە ، ئەمە وەرگێردراوەکەیەتى :
  سالانێک کچێکى جوان بۆ دەستنیشانکردنى شێرپەنجەى توندى خوێن هاتەلامان  ، تاقانە کچى خێزانێکى جوان و شەش براى هەبوو ، بیریان لەچارەسەرى دەرەوەى ووڵات ئەکردەوە بەلام ڕازیمکردن بەهەڵبژاردنى هیوا ، سوپاس بۆ خوا ڕەزامەند بون دەستکرا بەچارەسەرى کیمیایی ، بۆ بەدبەختى شکستى هێنا ، لەمەڵبەندى چاندنى هیوا ( نەخۆشخانە ) پرۆسەى چاندنى مۆخى ئێسقانى بۆکرا ، پاش ساڵێک لەسەرپەرشتى چڕ و بەتێچونى هەزاران دۆلار لەسەر هیوا چاکبۆوە و پاش پێنج ساڵ وەکو قەشەنگترین کچى سلێمانى گەڕایەوە ..
   لەهیوا تەنها چارەسەرى شێرپەنجە ناکەین بەڵکو پەیوەندییەکى هەمیشەیی دروستئەکەین ، کاڵى خوێندنى زانکۆى تەواو کرد و لە شارى ئەنوەر شێخەى پزیشکى بە ژمێریار داممەزراند ، دڵخۆشم کەبانگهێشتى بەشودانى کرام بۆ ئەندازیارێکى قۆز لەشارى پزیشکى ئەنوەر شێخە خوابکات بەم نزیکانە لەشاییەکەیدا هەلئەپەڕم  بەدیارییەکى ملیۆن دینارییەوە ، ناتوانم چاوەڕێم نەبم کە لەداهاتویەکى نزیکدا مناڵى لەباوەش بگرم. هاوار خوایە  کردومە بەکچى خۆم ئازارى زۆرى چەشت شایستەى ژیانێکى ئارامە . (هیوا : مەبەستى نەخۆشخانەى هیوایە)  ..
  زۆر دڵخۆشم بەچاکبونەوەى ئەو کچە و زاڵبونى بەسەر ئەو نەخۆشیە نەگریسەدا چیرۆکێکى دڵگیرە ,  بەداخەوە ئەوە بەشێکە کە پڕوپاگەندەى دکتۆر شێخە بۆ نەخۆشخانەکەى ( شارى پزیشکى ئەنوەر شێخە  )  نەخۆشخانەى هیواى تێکەڵ بەقسەکانى کردووە ، ئێستا نەخۆشخانەى هیوا سیماى نەخۆشخانەى وونکردووە پاش ئەوەى سندوقى هاوکارییەکانیان تاڵانکرد و هەموو جۆرە شایستە دارایى و هاوکارییەکیان لێبرى و دواجار دکتۆرئەنوەریش بە وێرانکراوى بەجێیهێشت .
    پرۆفیسۆر ئەنوەرى بلە شێخە ناوێکى گەشاوە بوو لەشارى سلێمانى و تارادەیەک لەسەرتاپاى عێراقدا بەو هۆیەوە دامەزرێنەرى نەخۆشخانەى هیوا بوو بۆ چارەسەرى نەخۆشیى شێر پەنجە بەهەموو جۆرەکانیەوە ، خۆى و ئەو ستافە کارایەى نەخۆشخانەى هیوا  ژیان بەخش بوون  بۆ نەخۆشان . بەویژدانەوە ئەوکاتە نەخۆشخانە ئاوەدان و ڕاژەیەکى تەندروستى نایابى پێشکەشئەکرد و زۆر نەخۆشى لەمەرگى مسۆگەر ڕزگار کرد . 
   پرۆفیسۆر ئەنوەر بەپیلانێکى پێشوەختە نەخۆشخانەى هیوا بەجێدەهێڵێت و بەدواى خۆیدا ستافێکى شارەزا بۆ خەستەخانەى ( شارى پزیشکى ئەنوەر شێخە ) ڕائەکێشێت و سیستەمى ئایتى نەخۆشخانەکەشى بردووە  بەوەش زەبرێکى کوشندەى  لەخەستەخانەى هیوا وەشاند  و دەروازەى مەرگى بۆ نەخۆشەکان ئاوەڵاکرد  ، ئەو شارە پزیشکیەى کەناوى ئەوى پێوە لکێندراوە بەشێکە لەو دزیە ڕیکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراوەى جوت میراتگرى  یەکێتى لەژێر ناوى          ( قەیوان ) ،  قەیوان ناوێکە بۆ تاڵانى و ڕاو روت و وەکو سەگێکى هار پەلامارى هەموو بوارێکى ژیان و تەندروستى ودەرمان و  بازرگانى و زەوی و زار و شاخ و گرد و  و نەوت و غاز و خوێندن و تەنانەت شۆستەى شەقامەکان ... ئەدات و جێگەى قەپ و چرنوکى گڵاوى بەهەموو شوێنێکەوەیە ،  ئێستا ( قەیوان ) بووە بەقێزەونترین ووشەى سەردەم .. 
     ئەو پرۆفیسۆرە زەوییەکى چوار ملیۆن دنیارى لە ستراتیجیترین شوێنى سلێمانى بەرامبەر قەبرى نەوشیروان مستەفا بەخۆڕایی پێئەدرێت بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەى شێرپەنجە بۆخەڵکى هەژار و دەستەنگ  ( هەرچەندە پاساوێکى لاوازە ، حکومەت ئەیتوانى هیوا بگوێزێتەوە بۆ ئەو شوێنە و دڵسۆزانى شارەکەش ئامادەبون بیناکەى دروست بکەن ) دکتۆر بەسەردا هەڵخزاوەتە ناو زەلکاوى قەیوانەوە ، زەوى بەلاش لەدکتۆر و بینادروستکردن لە قەیوان ئەنجامەکەى ئەوەیە کەئەیبینین ، پرۆفیسۆر بووە بە بەشێک لەخوێنمژینى هاوڵاتیان ، ئەوشارە پزیشکیەى ئەنوەر شێخە زۆر بێویژدانانە بوە بە شوێنى هەڵتەکاندنى گیرفانى نەخۆش و کەسوکارى ، زۆر چیرۆکى غەمگین و دڵتەنگى لێکەوتۆتەوە نەخۆشێک تەنها خانویەکى سەرپەناى خۆى وخێزانى هەبووە لەگەڕەکێکى قەراغ شار لە پێناو چاکبونەوەى خانویان بۆ فرۆشتووە و سەرەڕاى ئەوە قەرزیان بۆکردووە و ئێستا کرێچین بە هاوکارى دڵسۆزان بەرێوە ئەچن . بۆگواستنەوەى لاشەى کۆچکردویەک  لەشارى پزیشکى ئەنوەر شێخە داواى ٤٠ بۆ ٦٠ بۆ  هەزاریان لەکەسوکاریانکردووە . چ مانایەکى تێدایە شەوێکى مانەوەى نەخۆش لە ٧٥٠ هەزارەوە بۆ ملیۆنێک دینار بێت ، هەرجارێک دکتۆر سەردانى نەخۆشبکات ئەگەر بۆبینینى فایلەکەشى بێت ٦٠ هەزار بدات و بۆپەرستارێک  ٣٠ هەزار دینار و دەرمان لەسەر نەخۆشە بیکڕێت کەئەویش قۆرخى زەرووەکانى قەیوانە . 
  پزیشکایەتى پیشەیەکى ئینسانیە ، پیشەى ڕەند و بەخشندەییە ، کۆکەرەوەى زانست و ڕەوشتى باڵایە ، پیشەیەکە بۆ چاکردنەوە و ساڕێژ کردنى برین و ئازار و نائومێدییەکان . پێچەوانەى ئەوانە ئێستا پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە بووە بەبەشێک و لۆگۆیەکى دیارى بازرگانیکردن بە ئێش و ئازارو ناڵەى نەخۆش لەو نەخۆشخانەیەدا کەناوى ئەوى پێوە لکاوە . 
   ئەوەى لە دکتۆر شێخە چاوەڕێئەکرا بەخشندەییى و گەورەیی بوو ، ئەوەى چاوەڕێیئەکرا داکۆکیکارێکى سەرسەختى نەخۆشخانەى هیوا بێت ، ئەوەى چاوەڕێبوین کەنەخۆشخانەى هیوا ببێت بەنمونەیی لەبینایەکى پرتوکاو دانەبێت کەبەقەدەر هۆڵێ خانوو یان هۆڵى ڤیلایەکى ئەو بەرپرسانە نابێت کەدکتۆر شێخە گیرفانى نەخۆشى بۆ هەڵئەتەکێنێت ، چاوەڕێبوین دکتۆر هۆى ئەو هەموو نەخۆشی شێر پەنجەیەیى شارى سلێمانى تەنیوە بڵاو بکاتەوە  ، 
  بەڵام ! چاوەڕوانى لەئینسانى بچوک ناکرێت ، چاوەڕوانى لە گەنە پیاو ناکرێت ،  بەهەڵەدا چوین وامانئەزانى تەنها ناوى دکتۆر شێخە  تەنانەت وەکو لۆگۆیەک بەکار بهێنرێت ئەو ڕازى نابێت ئەگەر هەموو سامانى دنیا لەبەر پێیدا هەڵبڕێژیت ، 
    گەورەیی دکتۆر لەبەخشندەیى و لەخۆ بوردن و زانست و میهرەبانیدایە .   کێهەیە لەسلێمانى دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشید ( ١٩٤٤ – ٢٠١٨ ) لەبیر بکات ئەو پیاوە مەزنە هەتا کۆچى دوایکرد هیچ سیفەتێکى دکتۆرى وننەکرد و ڕێزى پیشەکەى ئەگرت ، بۆ ساتێک درێخى لەچارەسەرى مناڵان نەکرد هەرچەندە خۆى هیچ مناڵێکى نەبوو ، ئینسانێک بوو بەگەورەیى ژیاو بەگەورەتر کۆچیکرد  ، ئەوە ڤیدیۆى دکتۆر جەمالە خۆى گیرۆدەى شێرپەنجەیە و لەسەر کورسیەو هێشتا بەردەوامە لەچارەسەرى مناڵان . 
https://www.facebook.com/watch/?v=542165226243157
 
دکتۆر محەمەد مشالى ( ١٩٤٤ – ٢٠٢٠ ) دکتۆرێکى میسریە و ٥٠ ساڵ خزمەتى خەڵکى هەژارو دەستەنگى کرد ئۆتۆمبیلێکى نەبوو بەپیادە هاتوچۆى ئەکرد ، بەمردنى هەموو میسرى هەژاند ، زاناى ئسکۆتلەندى ئەلێکساندەر فلمنگ ( ١٨٨١ – ١٩٥٥ ) دۆزەرەوەى ( پەنسلین ) و خاوەنى خەڵاتى نۆبڵ ئەیتوانى بەفرۆشتنى ملیۆنەها دۆلارى دەستبکەوێت بەڵام ئەوەى فەرامۆشکرد و پێباشبو ئەو چارەسەرە بۆ هەموو مرۆڤایەتى فەراهەم ببێت . 
    چ مەرگەساتێکە پرۆفیسۆرێک خاوەنى ( ٨ ) بروانامەى پزیشکى بێت و ( ٥٢ ) توێژینەوەى هەبێت ، ببێت بەهاوبەشى کۆمەڵێک پێکهاتو لەشۆفێرى گەڵابە و بنێشت فرۆش و جەلەبچى و وەستاى زۆپا چاککردنەوە کە ڕوکارێکى بێشەرمن بۆ بزنسى جوتکوڕى تاڵەبانى بە پشکى شێر و بەرهەمێکى بێحورمەت بەپشکى جرج ، هەزار ئەفسوس ئەبوایە دکتۆر قوتابخانەیەک بوایە بۆ خۆى .
     سالانێک لەمەو بەر هاوڕێیەکم بۆى گێرامەوە ئەیوت : بەیانیانى ڕۆژانى هەینى بۆ وەرزش بەشاخى گۆیژەدا هەلئەزناین و ڕێکەوتى دکتۆر ئەنوەرمان لەڕێچکەکانى شاخەکەدا ئەکرد و پێمان شەرم بوو بەلایدا تێپەڕین و پێشى بکەوین کەئێمە گورجوگۆڵتر بوین ،  ڕێگەمان ئەگۆڕى لەولاترەوە ئەڕۆشتین ، لەبنارى گۆیژە کور و کچێکى گەنج چا و شیر و نان و ئەو شتانەیان بە وەرزشکاران ئەفرۆشت هەرکاتێک دکتۆر لەوێ بوایە لەخوارى ئەوەوە  دائەنیشتین  . 
    ئێستا هەموو ئەو سامانەى لەقەیوان چنگى ئەکەوێت و ئەوەى بۆ قەیوانى پەیدا ئەکات  ئەو ڕۆژانەى بۆ دوبارە ناکاتەوە نەئەو گۆچانەى دەستى پێفڕێئەدات  نەخۆشەویستى و ڕێزو میهیرى سلێمانى بۆ ئەگێڕێتەوە . 
   دکتۆرێک .. بەهەر بارێکدا لێکیبدەیتەوە ژیان و گوزەرانى مسۆگەرە نەک خۆى بەڵکو ماڵ و منداڵى ئەبێت ئەو پارەیەى لە ئاهو ناڵە و ئازارى نەخۆش و هەڵتەکاندنى گیرفانى دەستکەوتێتى چ قوژبنێکى بۆ بگرێت و بڕواناکەم تێر بەسکى نانبخواتر ئەوە چ بزنسێکە گەردیلەیەک ئینسانیەتى تێدانیە . چ تەلیسمیکە , چ کەلتورێکە ( ک وردێ ک ) پێگەیەکى هەبوو هەموو مانایەکى ئینسان و ئینسانیبون ونئەکات ، 
   دکتۆر جگە لەچارەسەر ئومێد بەخش و هیوابەخشە ، ئێستا دکتۆر شێخە بووە بەسیماى خەمهێنەرى توشبوانى شێر پەنجە .
   ئەکتەرى ئەمریکى ( جۆنى دیب  ) پاڵەوانى زنجیرە فلیمى چەتەکانى کاریبى کەڕۆڵى ( جاک سپارۆ ) ئەنوێنێ ، بەجلى چەتەى دەریاى ناو فلیمەکە ئەچێتە مەڵبەندێکى چارەسەرى شێر پەنجە کەبوو بەهۆى دڵخۆشى نەخۆشەکان ، ئەوەش ڤیدیۆکەیەتى :
https://www.facebook.com/basm.k.almwswy/videos/249278947109922 

ئێوەش بڕواننە ئاخر ڤێرژنى دکتۆر ئەنوەر بلە شێخە :
   دكتۆر ئەنوەر بلە شێخە لە فەیسبوكەکەیدا ئەڵێت :
نەخۆشخانەکەم بۆتە سەگ بازاڕ و دڵیشمان نایەت بێ لانەیان کەین ، چی و چۆن تەرەیان کەین ؟ ناشێت لە نەخۆشخانەدا بمێننەوە .

سوپاس بۆ پرۆفیسۆرى بەڕێز ، ئەوەى هەتا ئێستا بیستبومان و باو بووە (کەر بازاڕى) بووە  ئەوا فەرهەنگى کوردیشى دەوڵەمەند کرد بە ( سەگ بازاڕى ) ، بەهیوام ئەو سەگە تەرەنەکات و لەبەزەیی بێبەشى نەکات ، ئەگەر فیوزى بەزەییەکەى شۆرتى نەکردبێت .

دکتۆر ئەڵێت: ( له‌ ژیانمدا دوو ڕوداوی زۆر گه‌وره‌ به‌سه‌ر مندا هاتووه‌  ئه‌ویش جیابوونه‌وه‌م بوو له‌ هاوسه‌ره‌كه‌م و له‌ده‌ستدانی تاكه‌ هاوبه‌شی ژیانم بوو من له‌و كاته‌وه‌ ده‌رمانی دژه‌ خه‌مۆكی به‌كارده‌هێنم  .....) 
 لەوانەیە مۆتەکەى ( هیوا ) خەو لە چاویا بتۆرێنێت و نەهێڵێت پێڵوى ئارامى لێکبنێت هەرچەند ڤێلاکەى لەبەرزى سلێمانیدا بێت کەواتە ئەبێت ژەمى ( جرعة ) دژەخەمۆکیەکەەى  زۆرتر بکات . دنیایەکى سەیرە ، دکتۆر هەیە جەمال ڕەشیدانە بیر ئەکاتەوە و وەکو ئەو رەفتار ئەکات و دکتۆر هەیە قەیوانانە بیر ئەکاتەوە و وەکو قەیوان ڕەفتار ئەکات دکتۆر جەمال کۆچیکرد ژیانى جوانئەکرد .
 عەبدلڕەحمان مونیف ڕۆماننوسى سعودى ئەڵێت :
 هاوڕێ ، نامۆترین شتى ئەم ژیانە ئەوەیە خەڵکى بەد نامرن زیاد لەپێویست ئەژین هەتا ژیانى خەڵکیتر بشێوێنن .
- لەهەموو دەرد و بەڵایەک بەدوور بن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە