جلخوارە خۆماڵییەکانی ئەمڕۆی باشوور

Friday, 08/10/2021, 0:39

4332 بینراوە


بیرمەندی گەورەمان، پیرەمێرد دەڵێت:
(مستۆ) وادیارە، تۆش جلخوار ئەکەی
داوێنت دەخورێ و مەیلی بار ئەکەی
ھەموو کوردێکی، کە بەھۆی: 
بیر و باوەڕی ئاینی، سیاسی، بازرگانیی و کلتوورییەوە، پەسەن و ستایشی، ڕەفتارە ڕەگەزپەرستییەکانی ( ئۆردوگان) دەکات و ھاوکاری وییە، لە تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی کورد، بەسووتماک کردنی خاکی کوردستان و بڵاوکردنەوەی فەرھەنگی ڕەگەزپەرستی مەغۆل و پشتیوانیی ئابووری لەشکری داگیرکەری تورک دەکات بە مامەڵەکردن بە کاڵای تورکانی مەغۆلەوە، ئەو پێناسەیەی ( پیرەمێرد) دەیگرێتەوە، ئەو بەشەی تریش لە نەتەوەکە دەبێت بزانن:
١- ئەگەر مەلا بوو، نوێژکردن لە پشت سەرییەوە حەرامە و ناپەسەندە لای خوا، چوونکە ئیمامێکە پشتیوانی لە زاڵم دەکات دژ بە نەتەوەیەکی ستەم لێکراو.
٢- پێوانەی خوا بۆ مرۆڤی بڕوادار، کردەوەی چاکە، نەک ژمارەی نوێژ و کەڕەتی چوونی بۆ حەج و درێژیی ڕیش و داپۆشینی جەستەی.
٣- ئەگەر خاوەن کارخانەی حیزب و تاقم بوو، ئەوا دەبێت: ھاتۆچۆ و سڵاوکردن و ژن و ژنخوازیی و یارمەتی و پشتیوانی کردنی،  بایکۆت بکرێت. 
٤-خۆ بواردن بکرێت، لە نزیک بوونە و دەنگدان پێی و دەبێت ئەو بەشە لە نەتەوەکە، ڕووی لێ وەربگێڕن و پشتی تێبکەن و ھەر ڕێگایەک، ئەو پیشانی دان، ئەوان پێچەوانەکەی ھەڵبژێرن.
پیرەمێرد، کە بیرمەند و منەورێکی سەردەمێکی فرە ناسک و یەکلاکەرەوەی مێژووی کوردە، ئەم خەسڵەتە، واتە جلخواریی، تەنھا لەوەدا نەبینییەوە کە کوردانێک هەبن و دژ بە مەسەلەی ڕەوای نەتەوەکەیان، چەکیان بۆ تورک ھەڵگرتبێت!!.
بەڵکو وەک ڕۆشبیرێک بەرەنگاری: چاولێکەریی، لاسایی و ڕەواجدان بە فەرھەنگی تورک، بویەوە، چوونکە ئەو دەیزانی، کە دوژمنانی کورد، لە دوو زەمینەدا، کاری جدی دەکەن:
١- ئاینی
٢- کلتووری
ئێمە بینیمان، لە دوای ڕاپەڕینەوە چۆن، ڕژێمی فاشی تورک، بە ھۆی جلخوارە خۆماڵییەکانی نوێی سەردەمی ئیستاوە، سەرەتا چەندین، کەناڵی تەلەڤزێۆنی، میدیای و قوتابخانەیان لە باشووری نیشتماندا،  دامەزراند و منداڵانی کوردیان بە زمان و خەسڵەتی تورکی پەروەردە کرد، بە پێی پلانەکانی دەزگای سیخوڕیی میت.
ئەو ھاوبەشی و پشتیوانییە  ڕاستەوخۆیەی ئێستای جلخواری خۆماڵی بۆ لەشکری سەربازیی و ھەواڵگریی مەغۆل، زۆر لەھاوبەشی کردنی کوردە جلخوارەکانی ناو (سپای حەمیدیە) ی سەردەمی عوسمانییەکان: 
- مەترسیدارتر و 
- فراوانتر و 
- ئاشکراترە، 
چوونکە ئەوەی پێشەنگی ئەم ڕەوتە (تورکاندن)ەی باشوور دەکات،  لە بازاڕی سەودای باشووردا، مامەڵە بە زمان، کوردبوون، پیرۆزییە نەتەوییەکان، ئاینی و پەسندکراوە کۆمەڵایەتییەکانی، نەتەوەکەوە دەکات، کە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی، نەک لەسەر نەوەیەکی دوای ڕاپەڕینە، بەڵکە وردکردنی کەسایەتی کوردە و پەروەدەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی لاواز و پەڕپوت و کەرامەت تێکشکاوە، کە مل بە ھەموو سوکایەتیەک دەدات و ئەمەش ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگای ئەمڕۆی باشووردا دەبینین، کە لەمزگەوت و بازاڕ و زانکۆکانەوە، خۆ دەربڕینی مامۆستای زانکۆ و مەلای مزگەوت چەندە نامۆ و قێزەون و دژ بە ڕەوتی ئازادیخوازیی دێرینەی نەتەوەکەیە، چ لە ھەڵویستی ڕۆژانە و چ لە چاوساغی و پشتیوانی ڕاستەوخۆی لەشکری داگیرکەردا، بۆ سەر قەڵا و شورای بەرگری لە بوونی نەتەوەکەمان لە کوێستانەکانی قەندیل و پێدەشت و ناو گوند و شارەکان و ئاسمانی باشووری نیشتماندا.
هەموو ئەم خیانەت و جلخوارییەش، بە ناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و کوردایەتی و کوردەوە ئەنجام دەدەن.
بەرەنگاربوونەوەی، کلتووری جلخواریی و درێژەدان بەو شۆڕشە ڕۆشنبیرییەی بیرمەندی گەورەمان ( پیرەمێرد)، ئەرکێکی نەتەوەیی و تاودانەوەی گیانی کوردبوون و پشتیوانییە لە سپای ئازادیخوازی نەتەوەکەمان.
سەرنج/ ئەم گرتە ڤیدیێۆیەی خوارەوە، ئەو پێشبینیانەی پیرەمیرد دەسەلمێنێ و بە ڕوونیی پەروەردە و کاریگەریی مەغۆل، لەسەر بیروڕای گەنجەکان پیشان دەدات، بەهۆی کەناڵە جلخوارەکانی سەر بە دەزگای میتەوە، ئەمانە ئەو گەنجە بەتاڵکراوانەن، کە دەتوانرێ بۆ زۆر کاری دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەکە بەکار بهێنرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە