ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤبوون لە کـــــۆمەڵە چیڕۆکی " نـــــۆبەرەی مــــەرگــــم دیـــت" ی دڵشاد کاوانی

Sunday, 10/10/2021, 17:58

3624 بینراوە


میدیا خۆشناو

کتێبی ( نۆبەرەی مەرگم دیت) خۆی لە بیست و سێ چیڕۆکی فانتازی مێژوویی و ئایینی و فەلسەفی وتراژیدی تاک و شیوەنی مرۆڤایەتی دەبینێتەوە .

هەڵبەتە خوێندنەوەی هەر کتێبک ، بە پێی جیاوازی گۆشەنیگاکان، دەتوانرێ ، دەیەها و سەدەها ، تێڕوانینی لێ هەڵبهێنجرێت.
هەمیشــــە گوتوومە، بۆ خوێندنەوەی هەر کتێبێک ، پێویستە خوێنەر واز لە شتی سادەو بە ئاسانی گەیشتن بەوەی دەیهەوێت بهێنێت، بەڵــکوو ، پێویستە لە دیووی دووەمی نووسینەکە بکۆڵێتەوە ماندوو بێت.

خۆشبەختانە ( نۆبەرەی مەرگم دیت) ، پڕە لە کۆد و
 شتی شاراوە کە خوێنەر پەرۆش و ماندوو دەکات، ماندووبوون  بەمانا سستبوون و بێزاربوونی نا ، بەڵکوو ، بەمانای باڵایی نووسەر و پەرۆشی خوێنەری بە سەلیقەو لێهاتوو.

ــ ئەو لایەنە باشانەی کە من لە "نۆبەرەی مەرگم دیت "بینیم

١ - شینی نووسەر بۆمرۆڤایەتی: تۆی خوێنەر کاتێ  نۆبەرەی مەرگم دیت ، دەخوێنیتەوە، هەست  بە ژان و ئێشێکی ڕۆحی دەکەیت، کە ڕادەچڵەکێی ، بۆ مەینەتەکانی کۆمەڵگە و پیاو سالاری و هەژاری، کوشتن و قڕکردن و پڕکردنەوەی ئازارێک بە ئازارێکیتر بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی.

٢ ـ فەلسەفەی قووڵ: هەمیشە لە نووسینەکانی  نووسەر و چیڕۆکنووس " دڵشاد کاوانی" هەست بە قووڵییەکی زۆری فکری دەکەیت ، هیچ کات مانای شتەکانت وەها بە ئاسانی نادات بە دەستەوە، دەیەوێت خوێنەر ، بەشێکی گەورە بێت لە نووسینەکانی و دەتباتە جیهانێک، تا شتەکان نەدۆزیتەوە ، ناتوانی بێیتەوە جیهانی حەقیقی.

٣ - ورووژاندنی بابەتی هەستیار: زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمە، ناتوانین وەها بە ئاسانی باسی  شتگەلێک بکەین ، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئایین  بەڵام نووسەر زۆر لێهاتوانە بە قەڵەمەکەی کۆت و بەندی شکاندووە ئەوەتا ، لە چیڕۆکی  هەشتی  " ئیمپڕاتۆریای ژن"  کە باس لەوە دەکات، ژنان پێویستە بێنەدەر و کۆتایی بە  پیاوسالاری بهێنرێت،  جیهانەکە دەکات بە هی ژن دوور لە نێرینە ، لە دەربڕینێکا دەڵێت" خوداش ناچار بوو یەکێک ڕەوانە بکات پێغەرێکی ژن و بە زمانی ژن بدووێ."!!

٤ - ڕۆح بە بەرداکردنی نووسین : بۆ نووسەرێک کە ئازاری کۆمەڵگە دەنووسێتەوە، ڕەنگە شتێکی قوڕس نەبێت ، تۆ و منێکی خوێنەر هەست نەکەین، کە دەربڕین و چیڕۆکەکانی هەتا وشە بە وشەی نێو کتێبەکە بۆ خۆی ڕۆحێکە، ئەوەتا لە چیڕۆکی پانزەی " هەرگیز پاشگەز نابمەوە" لە دێڕەکانی کۆتاییدا دەڵێت " خوێنی سنگ و دڵە بە سۆزەکەی نەورۆز و سەر و مێشکی کاوەی دڵسۆز ، لەگەڵ خوێنی دامێنی پاکی نیشتمان بەیەکەوە ڕژانە سەرخاک، لەگەڵ گریانی خاک بوو بە جۆگەڵەیەک و پاشان بوو بە دەریا ، سەربازەکانی تێدا خنکاند و  دەرگا پۆڵاینەکانی شکاند".
٥ - درووستکردنی خوێنەری باڵا: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە من لەو چیڕۆکانە بەدیم کرد ، ئەوەبوو، دەشێ خوێنەرێکی ئاسایی بکاتە خوێنەرێکی سەخت و باڵا ڕوانین، مەحاڵە تۆ کتێبی دڵشاد کاوانی بخوێنیتەوە ، کەچی سێ جار بیری لێ نەکەیتەوە.

جیهانبینی ، لەم کۆمەڵە چیڕۆکە ، بەڕای من زیاتر ئاشنات دەکات، بۆ ئێشی مرۆڤایەتی، قوڵبوونەوەیەکی سەخت و تێگەیشتن لە ئایین و فەلسەفە وەک خۆی، ئەوەی زۆر گرنگە، واقیعی ڕەشی کۆمەڵگەی لە ڕێگای فانتازیا بە شێوازێکی ئەدەبی بە خوێنەر دەگەیەنێت.
لە کۆی ئەو چیڕۆکانەی کە خوێندمەوە،  چەند دانەیەکیان لای  من زۆرتر سەرنجڕاکێش و بەچێژ بوون ئەمانە بوون.
لەوانە:
ـ منداڵەکانی ئاگر.
ـ  تارای بووکی ئاشتی.
ـ ماری ڕەش و داپیرەی ڕەش.
ـ  هەرگیز پاشگەز نابمەوە.
ـ نووسەری چاو پێڵاو.
ـ دادگا.
لە کۆتاییدا ، هیوای سەرکەوتن بۆ چێڕۆکنووس و ڕۆمانووس م. دڵشاد کاوانی دەخوازم.
بە هیوام بۆ هەمیشە قەڵەمەکەی ئازارەکانی کۆمەڵگە بنووسێتەوە، وەک چۆن هەر بە ئەمەش وایکردووە ، جیاواز بێت لە هەر نووسەرێکیتر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە