سەربڕینی وشە

Sunday, 10/10/2021, 18:09

4032 بینراوە


کێشەی ئینسان لە جیاوازیی بیروڕادا نیە، لە قبوڵنەکردنی یەکتردایە. ئەوە جیاوازییەکان نیە کە پێکەوەژیان ئەخاتە مەترسییەوە. ئەوە یەکترسڕینەوەیە کە پێکەوەژیان کاول ئەکات و دۆزەخی ترس و تۆقاندنمان بۆ دائەگیرسێنێ.
کێشەی ئیسلامییەکانیش ئەوەیە کە، ئەم گیانی یەکترقبوڵکردنە نافامن و ئەویتری جیاواز، وەکو کافرو زندیق و شەیتان ئەبینن، نەك وەکو مرۆڤێکی ئاسایی، کە ئەرکی تۆیە بە جیاوازییەکانییەوە قبوڵی بکەیت و ژیانی لەگەڵدا بکەیت.
ئەم گیانی سڕینەوەو قبوڵنەکردنەش هەر ڕۆژەی لە ڕێگەی کارەساتێکەوە دێتەوە بەردەممان. ڕۆژێك لە ڕێگەی ژنکوژی و ڕۆژێك لە ڕێگەی جینوسایدی ئێزیدییان و ڕۆژێك لە ڕێگەی شەڕی سونەو شیعەو ڕۆژێکیش لە ڕێگەی هەڕەشەو تۆقاندنی کەسانی خاوەن قەڵەم.
چی لەوە ڕەواترە، کە تۆ بیرو باوەڕی خۆت ئازادانە هەڵبژێریت و ئازادانە بەیانی بکەیت؟ ئەمە بۆ ببێت بە کێشەو کارەسات لەکاتێکدا تۆ پێش دەربڕینەکەو دوای دەربڕینەکە، هەر خۆتیت و هەر هەمان مرۆڤیت و هیچ نەگۆڕاوە. بۆ لە ناچارییدا توشی نیفاق بکرێیت و بەدرۆوە لەسەر باوەڕێك بێت؟ بۆ لە ئازادیدا باوەڕی خۆت ئاشکرا نەکەیت و شتەکە ڕاستەقینەبێت؟ بۆ مەگەر چی جوانترە لە ڕاستی؟ بۆ مەگەر هەر خۆتان ناڵێن، خودا ڕاستی ئەوێت و دژی درۆیە؟
بەداخەوە ئەمڕۆ بیستم، گەنجێك بە ناوی (کاسیان شەماڵ) لەلایەن ئیسلامییە تیرۆرست و توندڕەوەکانەوە، هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، ئەزانن لەسەر چی؟ تەنیا لەسەر دوو نوسین! 
تاوانی ئەم گەنجە هەر ئەوەیە کە بە ئازادی دیدی خۆی بەیانکردوەو لەبارەی دین و خوداوەو چەن پرسیارێکی کردوە.
دەی ئاخر جوانیی باوەڕ لە ئازادییدایەو خۆ لە ترس و ناچارکردندا، جگە لە نیفاق و باوەڕی درۆ، شتێکی تر لە گۆڕێدا نامێنێ.

جوابی وشە، وشەیەکی ترو دروستکردنی گفتوگۆیە، نەك شمشێرو کوشتن و خوێن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە تاریکپەرستان لەمە تێناگەن.
ئازادی بۆ فیکرو وشەو سەلامەتی بۆ کاسیان شەماڵ و هەموو قەڵەمە ئازادەکان.

نوسینی ئاکۆ مەریوانی




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە