شاسواری دەجال

Tuesday, 12/10/2021, 9:18

8803 بینراوە


هەڵەین ئەگەر پێمان وابێت تاکی کورد ئەوەندە هۆشیارە هەوڵدەدات جوڵانەوەیەکی نوێ سەربخات، جوڵانەوەیەک کە لە هەناوی کۆمەڵگە هاتبێتە دەرەوە، جوڵانەوەیەک کە گۆڕانی زهنیەت و زیندوێتی تاکی کورد دروستی کردبێت. نەخێر جوڵانەوەی نەوەی نوێش هەر یەکێکە لەتەکتیکە نوێیەکانی ئەکتەرەکانی شاخ.

ئەوەی لەپشت پەردەوە شاسوار ئاڕاستە دەکات کێیە؟

کێ شاسواری کردۆتە ملیۆنێر؟
شاسواریش وەک بزوتنەوەی گۆڕان بەرهەمی شاشەیە، بۆ کۆمەڵگایەک کە تەنها و تەنها لە شاشەوە پاڵەوان دەبینێ و دروستی دەکات، چونکە میللەتێکە ئۆلفەتی بەشاشەوە گرتووە. موعجیبی تەلەفزیۆنە لەوانەیە لە دونیادا میللەتی هێندە تیڤی پەرست کەم بێت. میللەتێکی نەخوێندەوار، میللەتێک ناخوێنێتەوە هۆشیاریەکەی هۆشیاری میدیاییە بۆیە زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانیشی میدیاکارو بێژەرن، کە زۆر جار بێژەرەکان تەنها ئەوە دەزانن کە پێیان دەوترێت، کەسانی بەتاڵن، لێ چونکە لە شاشە دەردەکەون عەوام موعجیبیان دەبێت. من مەراقمە جارێکیتریش میللەت لە سەر شاسوار هیوا هەڵدەچنێت و دواجار وەک بزوتنەوەی گۆڕان دەستی دەبڕێت.

شاسوار بۆ دەجالە؟

لە ئەفسانەی ئیسلامدا دەجال کەسێکە ئاو ئەدات بەخەلک، خەڵک لە تینوان دوای دەکەوێت. دەسەڵات هەرگیز ئەوەندە ئەحمەق نییە ڕێگە بدات بە تەنکەرە ئاو و بەنزین شاسوار لێی بباتەوە! بەڵام دەسەڵات ئیفلاسی کردووە لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەی گوماناوی وەک (نەوەی نوێ) جارێکیتر خەڵک دەستەمۆ دەکاتەوە و ڕایاندەگرێت، لە لایەکی تر ڕێژەی دەنگدان بەرز دەکاتەوە تا ئابڕوی بەناو دیموکراسیەکەیان نەچێت. دەبێ خەڵک ئەو ڕاستیە بزانێت ئەو سەردەمە کۆتایی هات پێمان وابێت هەرچی دژایەتی پارتی کرد گەورە بکرێت، چونکە پارتی کۆمەڵگا دەخوێنێتەوە و هەرخۆی جوڵانەوەی وامان بۆ دروست دەکات. پارتی دەسەڵاتە و دەزانێت چۆن خەڵک لە دژی خۆی بخاتە جوڵە. ئەوەی بۆ هەردوو حیزبی  دەسەڵات مەترسییە ئۆپۆزسیۆنی ساختە و هۆشیاری ساختە نییە، بەڵکو هۆشیاری ڕاستەقینەی خەڵکە، خەڵکێک کە ئامانجە سیاسیەکانی گەورەتربن لە موچە و ئاو و کارەبا و پێداویستیەکانی تر. خەڵکی باشوری کوردستان تا ئێستاش کاردانەوەی هەیە نەوەک میللەتێکی زیندوبێت و خەون و ئامانجی گەورەی سیاسیی هەبێت.
دیموکراسیەت لە هەڵبژاردندا کورت ناکرێتەوە، ئەم کۆمەڵگایە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو فکری توندرەوی  و سەلەفیەت دەگەڕێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ خوڕافە پەرستتر دەبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ خوێندکارە  فەقێکانی زیاد دەکات 

کوا هۆشیاریی؟ کوا گۆڕانکاری؟ 

دەی شاسوار چی هەیە بۆ داهاتوی ئەم وڵاتە؟
ئەو تەنها لە ڕێی ئەو پارە زۆرەی کە سەرچاوەکەی دیارنییە دێت خەڵک دەگەوجێنێت و لەدەستی ئەربابە نادیارەکانی ڕایدەگرێت. شاسواری پۆپۆلیست بە کردنەوەی کەناڵی ئاینی و بەرنامەی ئاینی دیسان هەزاران کەسی کۆنەپەرست و خوڕافی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، هەزاران مرۆڤی خوڕافە پەرست و دۆگما دیسان لە شاشەکەوە شاسوار دەبینێت و بە تەمایە شاسوارو نەوەی نوێان بۆ  ڕزگار بکەن. من تێناگەم بۆچی بازرگانێک دەبێتە جێی ئومێدی خەڵک، ئاخر وەک دەڵێن بازرگان و دەوڵەمەند لە هەموشتێکدا بێ مێشکن جگە لە کۆکردنەوەی ساماندا نەبێت. بەڵێ دەسەڵات تینوتان دەکات و لەڕێگەی شاسوارەوە ئاوتان ئەداتێ . شاسواریس لەڕێگەی شاشەکانەوە خۆی وەک دەجال بە توانا نیشان دەدات لەکۆتایشدا ئاو هەر ئاوی دەسەڵات و بەنزینیش هەر هی دەسەڵاتە. کاتێکیش  شاسوار بەهێز دەکەن بە ئەگەرێکی زۆر زۆرەوە پارتی دەردەچێت ئینجا ئاو بێنە و دەستان بشۆ.
بەڵێ هۆشیاری دەسەلات هەمیشە لەهۆشیاری خەڵک باڵاترە و کار لە سەر هەموو سایکۆلۆجیاکان دەکات. ئەوکاتە دەڵێم کۆمەڵگە هۆشیارە، کە خۆی بێتە بێشەوە و لەهەناو ئەقڵی کۆمەڵگاوە بزوتنەوەیەک دروستبێت داوای دونیایەکی تر بکات. نەک بەنزین و پرد و ئاوی شاسوار، کە بەرهەمی دزیی و ساختەچێتی و بازرگانی سیاسیە.

(نەوەی نوێ) واتا (تەڵەی نوێ)، تەڵەکەش تەڵەی نوێی دەسەڵاتە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە