عێراقی دوای ١٠ ئۆکتۆبەر، چۆن دەبێت؟!.

Tuesday, 12/10/2021, 16:37

3141 بینراوە


زیاتر لە سێ مانگە لە وتار ودیمانەکانم هەمیشە جەخت لە سەر دەکەم کە عێراق دوای ١٠ ی ئۆکتۆبەر هەرگیز بە عێراقی پێش ئەو رێکەوتە ناچێت.
ئەم تێگەیشتنە هەروا لە خۆڕا نییە ، بەڵکو زیاتر فاکتەرەکانی ناوخۆ و دەرەوە و رۆڵی ئەمەریکا و، ئێران و تورکیا بە هەند وەرگرتووە.
لەسەر ئاستی دەرەوە ، کە هەر سێ کارەکتەری کاریگەر ، ئەمەریکا و، ئێران و تورکیا ، ئەجندای جیاوازییان هەیە ، رەنگە لە هەندێ شوێندا بەرژەوەندییەکان یەکتربڕ بکەن و ئیتفاق بکەن ، لێ لە گشتیدا ، جیاوازن.
ئەردۆگان بۆ کەناڵی(CBS NEWS) بە ئاشکرا لێدوانیدا، گوتی: دەمانەوێت ئەمەریکا لە سوریا وعێراق دەربچێت.بۆچی نەیوت ئێران ، خۆ ئێران لە هەر دوو دەوڵەتدا بوونی زێدەتری هەیە لە ئەمەریکا. لە کوێ ئامانجێکی تورکیا هەبێت ، ئەو ئامانجە هەرە سەرەکی، لێدانی دەستکەوتەکانی کوردانە ، دواتر ئامانجی دیکە بەدوایدا دێت. 
ئێران وەک دەوڵەتێکی گرنگی هەرێمی ئەویش دەیەوێت ئەمەریکا لە سوریا و عێراق نەمێنێت ، ئەگەرچی ئێران ئامانجی دیکەی هەیە و جیاوازترە لە هی تورکیا ، لێ ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئێران و تورکیا هەردولا موتەفیقن بۆ وەدەرنانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، دیمان بەیەکەوە لە رێگای حەشدی شەعبی و پارتیەوە، فڕگەی سەربازی ئەمەریکییەکان لە هەولێر بۆردومانکرا.
تورکیا و ئێران سەرباری ئەو ئامانجانەی باسمان لێوەکرد ، دەیانەوێت عێراق وەک بانکێک لێبکەن و ، بیکەنە سەرچاوەیەکی دارایی گرنگ بۆ بودجەی وڵاتەکانی خۆیان. ئەوەتا نەوتی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت رۆژانە دەدات، تورکیا بۆ خۆی وەک داهاتی نیشتمانی دەستی بەسەرداگرتووە. ئەندامێکی سەرکردایەتی پەکەکە لە لێدوانێکیدا باسی لە دەستبەسەرداگرتنی ٤٢ ملیار دۆلاری پارتی کرد. ئەو پارە زۆرە هی پارتی نییە بەڵکو هی خەڵکییە و داهاتی نەوتە. رەنگە ئەو ژمارە زۆر زیاتر بێت ، لی ئەو ئەندام سەرکردایەتیەی پەکەکە بەبەڵگە ئەوەندە زانیاریی هەیە.
ئەمەریکا ئامانجەکانی جیایە لەگەڵ ئێران و تورکیا، بۆیە کەرەستەکانی بەردەستیشی جیایە. کەرەستەکانی ئێران دیارە بەشێک لە سونەکانە، پارتی و شیعەکانە هەرچی تورکیایە ، دیسان پارتی وبەعسیەکان و بەشێک لەسونەکانە. جێگای تێڕامانە پارتی وەک وابەستەی هەردولا کاردەکات و، ئێران و تورکیاش ئەوە دەزانن.
لەم هەڵبژاردنەدا کە دوو رۆژ  پێش ئێستا ئەنجامدرا، دەرئەنجامەکانی زۆر لە مەشهەدی سیاسی پێشووتری ناو پەرلەمان دەگۆڕێت، چونکە کەرەستەکانی بەردەستی ئێران وتورکیا جێگە و پێگەیان گۆڕاوە، دەکەونە ناو کێبڕکێیەکی توند ، رەنگە لە کۆنترۆڵ دەربچێت(ئەم خاڵە زیاتری دەوێت باس بکەم، لێ چاوەڕێ دەکەین تا مانگێکی دیکە ئینجا بە ئارگۆمێنت روونی دەکەمەوە). لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نەخشە سیاسیەی کە دورست دەبێت ئەگەر کۆنترۆڵیشکرا ، لێ بەلێ نابێتە فاکتەری چارەسەریی بۆ گەلانی عێراق و کێشەکان زیاتر قوڵ دەبێتەوە، چونکە ئەو نەخشە سیاسیە تازە بە دەنگی ٢٠٪ خەڵکی عێراق ئەفرایە ، ٨٠٪ لە دەرەوەی ئەو نەخشە سیاسیە خۆی دەبینێتەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە دەبێت بۆ سەر ئەو نەخشە سیاسیە تازە کە نوێنەرایەتی تەواوی یا تەنانەت نیوەی خەڵکیش ناکات. دوور نییە گەلانی عێراق ئەمجارە شۆڕشی سەرتاسەری بکەن.
سەرنجی کۆتاییم، تورکیا دەیەوێت عێراقێکی لاواز و پڕ لە ئاژاوە ببینێت بۆ خۆشکردنی زەمینەی داگیرکاریی لە ٢٠٢٣ ەوە، ئەم خاڵە ئێران لە تورکیا جیادەکاتەوە.
لە کۆتاییدا ، دەمەوێت بڵێم: عێراقی پاش١٠ی ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە لە پێش ١٠ ی ئۆکتۆبەر... با چاوەڕێ بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە