شەرعییەتی بەڕە

Tuesday, 12/10/2021, 16:54

2857 بینراوە


بەڕە ئەو کەرەستەیەیە کە لە پاشماوەی پەڕۆ و لە پڕۆسەیەکی تایبەتی چنیندا، لە شێوەی ڕایەخ دروست  دەکرێت. ئەگەر چی بەڕە دەبێت درێژتر بێت لە بەژنی مرۆڤ، تاوەکو بتوانێ بە ئارەزووی خۆی پێی لێ ڕاکێشێت، بە بێ ئەوەی سنووری بەڕە ببەزێنێت. بەڵام گەر لە بەر نەزانی وەستاکە لە بەڕێوەبردنی دەزگای چنینەکە، بەڕە کورتی هێنا. ئەوا خاوەن بەڕە ناچار ئەکات (پێ بە قەدەر بەڕەکەی خۆی ڕاکێشێت!!)
ئاشکرایە بۆ هەمووان ئەو ڕستەیەی دوایی پەندێکی ڕوون وکورت و سادە و پڕ مانایە. هیچ پێویستی بە شیکردنەوەی ئەوتۆ نیە. بەڵام ئەگەر بێت و لە پراکتیکەکردنیدا، بە سەر ئەو دۆخەی، دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نشتیمانی عێراق، کە بە سەر حزبە عێراقی و بە تایبەتیش حزبە کوردییەکاندا هات، ئەوا پێویستە بە بەردەوامی،  بۆ حزبەکانی کوردستانی ڕوونی بکەینەوە و شیبکەینەوە و بیریانی بخەینەوە...
هێی ئەی حزب...ئەی دەسەڵات ... ئاگاداربە...لەمە بەدوا (پێ بە قەدەر بەڕەکەی خۆت ڕاکێشە...!!).
لێرەدا بەڕە سیمبوولی ئەو شەرعییەتەیە کە بڕیار دەدا پێیەکان و دەستەکانی حزب و دەسەڵات تا کوێ بڕۆن و درێژ ببنەوە.
ئەگەر لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردی لە ١٩٩٢ و بە بەشداری زیاتر لە ٩٠٪ ی دەنگدەران، یەکێتی و پارتی بوون بە خاوەنی شەرعییەتی درێژترین و فراوانترین بەڕە، کە دەست و قاچی درێژکردن بۆ تاڵانی و گەندەڵی و بە حزبی کردنی شار و گوند و دار و بەردی وڵات، بۆ بە چەکدار کردن و تەیارکردنی کۆمەڵگا دژ بە یەک و ...هتد. ئەوا هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن و قۆناغ دوای قۆناغ ئەم بەڕەیە، بە پلەبەندی  لە کورتی دا. بە جۆرێک له هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، بۆ ئەنجومەنی نشتیمانی عێراق، بە تێکڕای حزبە ڕکابەرەکانی دەسەڵاتەوە کوڵ و کورتترین  بەڕەی سیاسییان بۆخۆیان چنی. جا پرسیاری جدی ئەوەیە ئاخۆ ئەو شەرعییەتەی ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ ی دەنگدەری کوردستان دەیداتە کۆی حزبەکان بە تەزویر و کزی و کڕین و ئەندام و لایەنگریشەوە، ڕێگە دەدات بە حزبەکان لە بڕیاردان، لە بارەی مەسەلەی  چارەنووسساز ئاوا دەست کراوە بن؟  لە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی ئاوا بێ باک بن؟ لە سزادان و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی ئەوانی دی دەرەوەی حزب و دەسەڵات ئاوا ستەمکاربن؟ لە هەموو ئەو کار و کردەوانەی کە دەسەڵات و حزب، لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو بە پەسەند و ناپەسەندەوە، کردوویانە ئاوا بە بێ سزای گەل تێپەڕن؟
ئەگێڕنەوە کابرایەک لە گەڕەکەکەی خۆیان بە فڵان عەزەڵات ناوی دەرکردبوو. چونکە هەمیشە جلی داپۆشراوی لە بەر ئەکرد، لە سەر بەدلەیەک کە ماسولکەی دەستکردی پلاستیکی لە خۆ گرت بوو. بەم شێوەیە ماوەیەکی زۆر هەموو خەڵکی خستبووە کونەوە. ڕۆژێک کوڕە باریکەلەیەکی چەتوونی لێ هەڵئەکەوێت. هێرشی بۆ ئەبات لە نێو بازاڕدا هەرچی خەڵکی ڕجا لە کوڕە باریکەلە ئەکەن داوای لێبوردنی لێ بکات، بێسود ئەبێت، هەر کە کابرای عەزەلات لێی نزیک ئەبێتەوە، بە نووکی کەتەرێک سەرسنگی دادەڕێت، کەچی قەترەیەک خوێنی لێ نایەت و لەشە لاواز و لار و لەوێرەکەی دەردەکەوێت. بەمەش کابرا بۆ هەتا هەتایە باسی عەرزی عەزەڵات ناکات و پێ بە قەدەر بەڕەکەی خۆی ڕائەکێشێت.
 جا حزبەکانی کوردستان، ئەم هەڵبژاردنە ئەو کەتەرە بوو کە قووەتی ڕاستی ئێوەی دەرخست. ئەو پێیەی ڕاتانکێشاوە زۆر لە بەڕەکەتان درێژترە، هەربۆیە چاکتر وایە بیری ئەو نزیکەی ٦٠٪ ی  دەرەوەی خۆتان بێت گەر خۆیان کۆبکەنەوە لە بزاڤێک نەک بە تاک بگرە بە کۆش بەرانبەریان هەر کەمینەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە