ھەڵبژاردن چی دەگۆڕێت ؟!

Tuesday, 12/10/2021, 16:57

2971 بینراوە


ژیان خۆی بژاردە گرنگەکەی بوونە، چۆنییەتی ژیانیش، بنەما سەرەتاییەکەی ئەو بژاردەیەیە، کە باوەڕ، 
بیرکردنەوە و پراکتیزەکردنیشیان مرۆڤەکە و کەسایەتییەکەی دروست دەکەن.
کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵات، بۆ نموونە: عێراق و دوای ئەو باشووری نیشتمان، کە بە ھەرێمی کوردستان ناسراوە، 
باسەکەی منە.
کۆمەڵگای عێراق : ماوەیەکی زۆر لە ژینگەیەکی کودەتا دوای کودەتادا ژیا و گەشەی کرد، تاگەیشتە قۆناغێک کە ڕژێمی یەک حیزبی و یەک سەرکردە و یەک بیرکردنەوە، بۆ چەندین دەیە بوویە فەرمانڕان.
ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی ڕوخاندنی ئەو فەرمانڕانییەی عێراقە، کە ھەم عێراق و ھەم ھەرێمیش، لە ژێر کاریگەریی ھێزی دەرەکیدا، دروست بوون و پارێزران و پشتیوانی کران.
واتە ئەو ھێزە دەرەکییە، سیستەمێکی ئامادەکراوی سەپاند بەسەر عێراقدا بە ھەرێمیشەوە، بە چ نیاز و نییەتێک 
ئەمەی ئەنجامدا؟! پێموایە تائێستا زۆر لایەنی ڕۆشن بۆتەوە!!.
واتە عێراق  بە ھەرێمیشەوە ھەژدەساڵە، لەژێر کاریگەریی سیستەمێکدایە، کە خەڵکی عێراق و ھەرێمیش تەنیا لە کتیباندا، خوێندبوویانەوە، لە باری تێۆریدا تێدا ژیا بوون، زیاتر خەیاڵێکی خۆش بوو تا پراکتیکێکی ڕۆژانە، ئەمەش گرفتە ھەرە بنەڕەتییەکەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، لە خەیاڵی ناو کتێباندا پراکتیکی ژیانێکی دادپەروەر دەکەن.
ئەوان نە خاوەنی ڕێبەرایەتییەکن کە لەسەر بنەمانی باوەڕبوون بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دروست بووبێت و گەشەی کردبێ، نە کۆمەڵگایەکن کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بووبێتە ئامانجی قوربانی دانەکانی خەڵکەکەیان.
ڕێبەرایەتی کۆمەڵگای کوردیی لە باشووردا، بریتییە لە چەند ناکۆکی درێژبووەوە کە ھەر زوو لە ناکۆکییەوە بۆ
نەتە دژایەتی خوێناوی و کۆمەڵێک زامی ساڕێژ نەبوون، کە کولانەوە و خوێنبەربوونیان، لەماوەی شەو و 
ڕۆژێکدا، دەتوانێ بگوڕدرێت بە زەریای خوێن!!.
ئەم ھەژدەساڵەی عێراق و ھەرێم، دوو نەوەی  ھەژدەساڵیان دروست کرد:
• نەوەیەک کە کەمینەن، بریتین لە کچان و کوڕانی سەرکردە و فەرمانڕانی حیزبەکان، کە ھەر زوو 
نێردرواونەتە دەرەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە باشترین کۆڵێج و زاستگەکاندا خوێندنیان بۆ دابینکراوە و
 ژیانی شازادەییان بۆ ئامادەکراوە، کوڕان و کچانی ئەو باوکانەی، بە کوڕی خەڵکیان دەووت، قارەمان و گیانفیدا و نەبەز و نەترس و شۆڕشگێڕ!!.
مانای ھاوکێشەکە ئاوایە: کوڕی دز دەبێتەوە بە دز، کوڕی بەرپرسی دز دەبێتەوە بە بەرپرسی دز و کوڕی گەندەڵ دەبێتەوە بە  بەرپرسی دزی گەندەڵ و ....ھتد.
• نەوە ھەژدە ساڵییەکەی تریش، کە زۆرینە بوون، بوونەوە بە کوڕی ھەژارە، بەدبەختە، ھەناسەساردە 
عەلاگە فرۆش و جگەرەفرۆش و بەسکێ تێر و بە دەسک برسییەکان، کە ئازادیخوازیی و شۆڕشگێڕیی و نەترسان و قارەمان بوونیان، بە میرات لە باوکی شەھیدیانەوە بۆ جێمابوو.
• نەوەی یەکەم، وەکو باوکیان بوونەوە بە سەربڕ و سەرکوتکەر و بازرگانی خوێن و نەوت و تلیاک.
• نەوەی دووەمیش لە عێراق چوونەوە سەر جادەکان و بە سنگی ڕووتەوە لە مەیدانی تەحریر، سنگیان نا بە گوللەی قەناسەکانی لەشکرە نھێنییەکەی عێراق بە ڕێوەدەبات.
• لەھەرێمیش، ڕژانە سەر جادەکان و وەک باوانیان بوونەوە بە قوربانیی، ستەمی سەکردەیەتی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری حیزبی کوردی!!.
جا بۆ دامرکاندنەوەی، نەوە توڕەکانی مەیدانی تەحریر و نەوە کڵپەسەندووەکەی شەقامەکانی ھەرێم، عێراق و 
ھەرێم و دەوڵەتانی دەورووبەر و ڕۆژئاوا، پێکھاتن بۆ ئەنجامدانی ( ھەڵبژاردن) ی پێشوەختە.
واتە لەکاتێکدا تۆ بانگێشتکراوی بۆ  داوەتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی: دز و گەندەڵ و داوێنپیساندا، ھەم دزی و گەندەڵی بەردەوامە، ھەم داوێن پیسی و پێشێلکردنی مافەکانت.
لەھەرێم ئیمتیازی ئەوەشیان بە خۆیان داوە، کە لە لە ڕۆژی ھەڵبژاردندا، شایی پەلاماردانی برا و خوشکەکانیشمان بگێڕن و بە کوردایەتیش بە تۆی دەنگدەری بفرۆشنەوە.
تۆ خۆت سەرپشکی، کە بە شانازییەوە بەشداریی ئەم کەرنەڤاڵی خوێنە بکەیت، یا بە ھۆشمەندییەوە، تفەنگەکەی 
( مامە ڕیشە) لەبن دەوەنێکی گەرمیاندا ھەڵگریەوە.
من لە دوو ڕاستی دڵنیام:
1- ئەگەر مامە ڕیشەکان زیندووبانایە، ئیستا شوێنی حەوانەویان، بن بەردێکی قەندیل دەبوو.
2- ئەو مەجلیسی نوێنەرانەی سەردەمی پاشایەتی عێراق، زۆر شەریفتر و پاکتر و مرۆڤتر بوون، لە
زۆرینەی، ھەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لە ماوەی ئەم ھەژدە ساڵەدا، لە پەرلەمانی عێراق و ھەرێم، وەک ڕسوایەکی کوێلەی حیزبگەلی بنەماڵە، بۆ لەوەڕاندنی ورگیان و ژێر ورگیان، سوکایەتیان، بە نیشتمان و 
کورد و جوانییەکانی نەتەوەی کوردەوەکرد و کۆپییەک بوون لە درێژەدان بە ڕەفتاری خێڵگەرایی 
باوانییان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە