شاسوار عەبدولواحید دەجالێک بە مەرجی گەوجاندنی نەوەی نوێ

Wednesday, 13/10/2021, 11:49

6600 بینراوە


(شاسواری دەجال) ناونیشانی نووسینێکی بەڕێز (مەحمود عەبدوڵڵا)یـە کە هەوڵ دەدەم لە رێگای ئەو نووسینەیەوە ئەو بەڕێزەتان، وەک کوڕێکی رووناکبیر و تێگەیشتووی کورد پێ ئاشنا بکەم، کە بیرکردنەوەی لە تەمەنی خۆی گەورەتر و بۆچوونەکانی لەگەڵ منیشدا دێتەوە، ئەویش باسکردن و پێناسەکردنی کابرایەکی ساختەچییە بەناوی (شاسوار عەبدولواحید)، کە بەرپرسەکان و دەسەڵاتی کوردی لە پڕدا خۆی و سروەی خوشکیان کرد بە کەسایەتیی سیاسیی و خاوەن دەزگای راگەیاندن و خاوەنی ماڵ و موڵکی داگیرکراوی سلێمانی، کە ئەمڕۆ شەق لە پارە و شەق لە کەللە سەر و بێ سەری خەڵکی کوردستان دەدات بەتایبەتی سلێمانییەکان.
لە نووسینێکی خۆمدا لەسەر نەوشیروان مستەفا بەناوی (لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە) لە بەشێکیدا باسی ئەم شاسوارەم کردووە، کە چۆن هاتە سوید بۆ لام، ئەو کاتە نەمدەناسی کە کوڕی واحیدی کەبابچییە. وام زانی ئەم شاسوارە یەکێکە وەکو عەلی بۆسکانی و عەلی کەمالی سەردەمی پادشایەتی عێراق، ئەو پارە و سەروەت و سامانەی لە باو و باپیرانییەوە بۆ جێماوە، دەیەوێت وەکو ئەوان خزمەت بکات، بە هەڵویستی پڕ شکۆمەندیی کوردانەوە بەرەو رووی ئەو کەناڵە حیزبیانە دەبێتەوە، کە عەقڵی کۆمەڵگایان وێران و کاول کردووە، لەو رێگایەوە وەکو کەسێکی ئەنتی خیانەت و ئەنتی دەسەڵات دەخوازێت خزمەت بکات، خەمخۆری خەڵکە و یارمەتییان دەدات.
کە هاتە لام قسەمان کرد، لە نزیکەوە بۆ دەرکەوت، شاسوار کەسێکە نابووت لە فیکر و لە عەقڵی سیاسی، نەشارەزا لە ئەتەکێتیی گفتوگۆ و هەڵسوکەوت و دانیشتن، دوور لە ئەدەب و نووسین، نەفام لە دیالۆگ و هێنانەوەی ئەرگومێنتی گونجاو بۆ قسە و باسەکان، کەسێکی نەشارەزایە و هیچی پێ نەبوو، وێران و ساویلکە و نەزان خۆی ناساند، نووسەری ئەو وتارەی خوارەوە وەکو بازرگانێکی نەزان پێناسەی کردووە، بۆ منیش وەها کەسایەتی ئەم کابرایەم بۆ دەرکەوت. هەڵبەت من باس لەم چەند ساڵی دوای ئەو بینینە ناکەم، کە حەوت/هەشت ساڵ بەسەردا تێپەڕی، لەو ماوەیەدا دەرسیان دادا و فێریان کرد کە چۆن تەڵە بۆ گرتن و کەویکردن و رازیکردنی گەنجان بەکار بهێنێت، ئەوەبوو دواییش کە راستییەکانم بۆ دەرکەوت، هەڵوێستی توندم بەرامبەر وەرگرت، بە تایبەتی ئەو زانیارییەشیان پێدام، کە چۆن کاتێک چۆتە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری کردووە، خۆی کردووە بە عەرەب، تا وەرگیراوە لەگەڵ کورددا بە کوردی قسەی نەکردووە، وتوویەتی من عەرەبم، کاتێکیش گەڕاوەتەوە، لەگەڵ عومەر فەتاح و حاکم قادر و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتییدا ئاشنایەتی پەیدا کردووە، چۆتە لای نەوشیروان مستەفا، لەوێوە دەرگای بەختی بۆ کرایەوە. هەمووی بە مەبەست و بە پلان، ئەم کەسەیان بەرزکردەوە و نەوشیروان سروەی خوشکی کرد بە ئەندام پەڕلەمانی عێراق و رەوانەی بەغدادی کرد.
ئاشکرایە دەسەڵاتدارانی پارتەکان و بەرپرسەکان، پۆست و پلە و پارە بە کەسانێک نادەن، ئەگەر بزانن زیرەک و لێهاتوو بەهرەمەند و دڵسۆز بێت،  نیشتیمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵک بێت، ئەوان کەسێک بەرز ناکەنەوە، کە بکەونە ژێرپێیەوە، کەسێک دروست دەکەن، کە لە خۆیان ناشەریفتر و  بێموڕاڵتر بێت، تا نەبێتە مەترسی بۆ سەر خۆیان، دەبێت ئەو کەسە لە خۆیان سووکتر و ناپاکتر و لە خۆیان نەزانتر و خائینتر بێت، لە خۆیان شارەزاتر بێت لە دزیی و ساختەچیتی. بەرپرسەکان نایەن بە گوڕێک لە پڕێکدا بیکەن بە کوڕێک، ئەگەر بوکەڵەی دەستی خۆیان نەبێت.
سلێمان هەڵشۆیی و شاسوار واحید، دوو دەستبڕ و ساختەچی، هەر یەکەیان بە دوو تامی جیاوازی دەسەڵات
دانانی تەلەفیزیۆن و داگیرکردنی خاک و زەوی زۆری سلێمانی و دروستکردنی چاڤیلاند، هەروەها چاوپۆشی لەو هەموو داوا یاساییانەی کە هاوڵاتیان لەسەریان تۆمار کردووە، بەڵگە نەویستە، کە دەسەڵات و بەرپرسەکانی یەکێتیی لە پشتییەوە وەستاون.
لە دروستکردنی حێزبەکەشیدا بەناوی (نەوەی نوێ) دەستی پارتیی تێدا بوو، کە لە حاڵی حازردا بەڵگەی وان پێ نییە، لای من لە گومانەوە بۆتە یەقین، کە لە پاشەڕۆژدا راستییەکان هەمووی دەردەکەوێت کە چۆن شاسوار لە ژێرەوە چاوی بە بەرپرسانی دەزگای میت و تورکیا کەوتووە، رەزامەندی ئەوانی وەرگرتووە، رەنگ و لۆگۆی حیزبەکەی تام و بۆن و بەرامەی ئاکەپەی تورکی پێوەیە، دەشێت ئەوان بۆیان پێشنیار کردبێت، هەروەکو پەیامنێرێکی کوردستانپۆست لە ناو دەزگای پاراستندا ئەوەی پشتڕاست کردەوە. ئەمڕۆ هیچ رێکخراو و حیزبێک لە کوردستان رێگاپێدراو نییە، ئەگەر رەزامەندی تورکیا و ئێرانی لەسەر نەبێت.
 کاتێک شاسوار عەبدولواحید، چاڤیلاندی دروست کرد، زۆربەی خەڵکی شاری سلێمانی وەکو پشک، پارەی ئەو پرۆژەیەیان دا بە شاسوار، من زۆر درەنگ پێمزانی کە ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برا و خزم و کەسی خۆشم کەوتبوونە نێو ئەو داوە و پارەیان بە شاسوار دابوو، کاتێک زانیم سەرزەنشتی زۆرم کردن. ئیستا شاسوار عەبدولواحید نزیکەی 6-7 دەفتەر دۆلاری خزم و کەسوکار و کەسی نزیکی خۆم قەرزدارە، هەموو کاتێک کە دەڵێن پارەمان لای شاسوارە. بە توڕەییەوە تەلەفون بە روویاندا دادەخەمەوە. شاسوار رێخۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی کەسانی هاوشانی وەکو خۆی لە نمونەی (سلێمان هەڵشۆیی) و دەیان کەسی تر. مامۆستای هەموویانە و شوێن پێی شاسواریان هەڵگرت. ئەم هەموو دەستبڕ و ساختەچیانە بەرپرسە حیزبییەکانیان لە پشتە.
شاسوار ئیستا سەرۆکی نەوەی گەوجی نوێیە، کە نەوشیروان یارمەتی دا و کردی بەم پیاوە، تا لە دوای نەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، شاسوار لە گەوجکردنی گەنجاندا کارا و بەردەوام بێت. وا بزووتنەوەی گۆڕانیش قڕی تێکەوت، شاسوار هاتۆتە پێشێ و  رۆڵی سەرکردەیەکی سیاسیی دەبینێت، دوای نەمانی شاسواریش، ئیتر سەرەی سلێمان هەڵشۆیی دێت، ئەویش پاش چەند ساڵێکی تر رێکخراوێکی سیاسییمان بۆ دروست دەکات.
 ئەمەی خوارەوەش نووسینی کاک مەحمود عەبدوڵڵا بە ناونیشانی (شاسواری دەجال) بخوێنەرەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە