تەنها ! وەک پزیشکێک !

Wednesday, 13/10/2021, 21:02

2719 بینراوە


گیراوانی بادینان بە پێی ڕای زۆربەی چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسایی و ڕۆژنامە نوسانی خۆماڵی و بێیانی ، کەیسێکی سیاسیە  کە تێیدا سەرەتاییترین مافە  یاسایی و مافە گەردونیەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕون و ئاشکرا و بێباکانە پێشێل کراوە .
ئەگەر ئەو دەسەڵاتە حیزبیە ڕق و کیناوی یەی ئەو کەسە بێتاوانانەی گرتوە بپرینگێتەوە لە کوشتنی هەندێکیان بە شێوازی هەواڵگریی فڕوفێڵاوی و ناجوامێرانە، هێشتا من وەک پزیشکێک نیگەرانی و ترسی ئەوەم هەیە هەندێک لەو زیندانیانە بەم هۆیانەی خوارەوە لەناوبچن و بمرن:
١ . مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە تا مردن. مرۆڤ کاتێک ئازیزترین ئازیزەکانی کە ئازادیە بە ناحەق لێی دەسەنرێ ، هیچ دور نیە توشی خەمۆکیی توند بێت و  ئەوەندە لە ژیانی ناو زیندان بێزار بێت کە لەڕێی مانگرتنەوە کۆتایی  بەژیانی خۆی بێنێ وەک جۆرێکی خۆکوشتن.
٢ . خۆ کوشتن بە شێوازەکانی تر بە تایبەتی کە  پاراستنی زیندانیان لەم مەترسی و ئەگەرە لە زیندانەکانی کوردستاندا وەک پێویست نیە و گرنگیی پێ نەدراوە.
٣ . لە زیندانی ڕژێمە نادیموکراتیەکان زیندانیە سیاسیەکان و پیاوکوژ و دز و جەردە و چەقۆکێشەکان بەیەکەوە دادەنرێن بە مەبەستی لەناوبردنی زیندانیە سیاسیەکان لە ڕێیی شەڕ و هەرای زیندانیە ناسیاسیە پیاوکوژ و بێبەزەییەکان.
٤ . هەوا و ئاو و خۆراکی ناتەندروستی ناو زیندانەکان ، هەروەها شوێنی خەو و حەسانەوەی نەگونجاو ژیانی هەمو زیندانیان دەخاتە ژێر مەترسیی مردن بە بەرکەوتنی میکرۆبەکان وەک بەکتریا و ڤایرۆسەکان بەتایبەتی ڤایرۆسی کوشندەی  کۆرۆنا.
٥ . زیندانیەکان وەک هەر کەسێکی دەرەوەی زیندانەکان توشی نەخۆشیی گەرم و کوتوپڕ دەبن وەک هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە کە بەهۆی گوێ پێنەدانیان و درەنگ گەیاندنیان بۆنەخۆشخانەی مەبەست ئەگەری مردنی نەخۆشەکە بەهێزترە لەوەی لە ماڵی خۆیدا بوایە.
لە بەر ئەو مەترسیانە و بۆ پاراستنی ژیانی گیراوانی سیاسیی بادینانی دەلال کە بە ناڕەوا و ملهوڕی گیراون، من ئەم دو داوایەم هەیە :
١ . داوا لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان دەکەم  زو زو  سەردانی ئەو گیراوانە
بکەن و لە گوزەران و تەندروستیان بپرسن.
٢ . داوا لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەم وەک لایەنی ڕەسمیی بەرپرسیار و بەڕێوەبەری زیندانەکان، بە هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی دا لیژنەیەکی بەردەوام  لە تەندروستکارانی (پزیشک، دەرمانساز، کارمەند و یاریدەدەری پزیشکی  ) دڵسۆز و بەتوانا و ناحیزبی دروستبکەن کە بەرپرسیاری یەکەم بێت لە تەندروستیی ئەوگیراوانە و چارەسەرکردنیان لە کاتی نەخۆشیدا. 
بێگومان داوای بنەڕەتیی  من وەک هی هەمو ئازادیخوازانی کوردستان ئەوەیە کە گیراوانی دەربڕی هزر و ڕای ئازاد لە بادینان  بەپەلە و دەسبەجێ و بێ هیچ مەرجێک ئازادبکرێن.  
نازانم پزیشکانی کوردستان بە گشتی و سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی وەک ئەرک و ڕەوشتی پزیشکیان بۆچی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی پیشەییان نەبوە دەربارەی مانگرتنی گیراوەکان لە خۆراک و ئاو کە دور نیە ببێتە هۆی مردنی هەندێکیان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە