لەم هەڵبژاردنەدا کورد زۆرینەی کەرکوکی لەدەستدا (بەشی یەکەم)

Thursday, 14/10/2021, 18:20

2709 بینراوە



لەڕۆژی (١٠) ئوکتۆبەری (٢٠٢١) هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکە کە کۆمیسیۆن ناوی کاندید و ژمارەی دەنگەکانیانی بڵاوی کردووەتەوە، کورد توانیویەتی شەش کورسی لەکۆی دوانزە کورسی پارێزگاکە بەدەست بهێنێت. لەبازنەی یەک کە (٥) کورسی بۆ دانراوە، چوار کورسی بۆ کورد و یەک کورسی بۆ عەرەب بووە. لەبازنەی دوو کە (٤) کورسی بۆ دانراوە، دوو کورسی بۆ کورد و دوو کورسی بۆ تورکمان بووە.  لەبازنەی سێ کە (٣) کورسی بو دانراوە، تەواوی کورسییەکان بۆ پێکهاتەی عەرەب بوون.

لەسایتی کۆمیسیۆن لەکاندیدانی سەرجەم بازنەکان و دەنگەکانیانم دەڕوانی، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بەرزبوونەوەی ناسرووشتی ڕێژەی دەنگی پێکهاتەی عەرەب بوو لەم هەڵبژاردنەدا. ئەمە هانیدام کە بەراووردکارییەک بۆ ژمارە و ڕێژەی دەنگی کورد بکەم، لەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، هەروەها بەراووردی ژمارە و ڕێژەی دەنگی کورد بکەم، بەڕێژە و دەنگی پێکهاتەکانی تر.
لەهەڵبژاردنی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی عێراقدا، کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە (٥٧١٫٠٠٠)هەزار دەنگ بووە، لەو ژمارەیە (٣٢٦٫٠٠٠) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٥٧٫١٪) دەنگی کورد بووە. دەنگی عەرەب (١٥٣٫٠٠٠) هەزار بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٢٦٫٨٪) و دەنگی تورکمانیش (٩٢٫٠٠٠) هەزار بووە کە دەکاتە ڕێژەی (١٦٫١٪) کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە.
لەهەڵبژاردنی (٢٠١٨)ی پەرلەمانی عێراقدا، کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە (٣٨٧٫٢٨٨) هەزار دەنگ بووە. لەو ژمارەیە (٢١٨٫٧٩٢)هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٥٦٫٥٪) دەنگی کورد بووە. دەنگی عەرەب (٨٦٫٤٥٢) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٢٢٫٣٪) و دەنگی تورکمانیش (٨٢٫٠٣٣) هەزار بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٢١٫٢٪) کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە.
لەهەڵبژاردنی (٢٠٢١)ی پەرلەمانی عێراقدا، کۆی ئەو دەنگانەی کە تەواوی کاندیدەکان لەهەرسێ بازنەکەدا بەدەستیان هێناوە (٤١١٫١٨٢) هەزار دەنگ بووە. لەو ڕێژەیە کاندیدە کوردەکان نزیک بە (١٧٣٫٠٠٠ - ١٧٤٫٠٠٠) هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە، کە دەکاتە ڕێژەی  (٤٢ - ٤٣ ٪) کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە. هەروەها کاندیدە عەرەبەکان نزیک بە (١٦٠٫٠٠٠ - ١٦١٫٠٠٠) هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە کە دەکاتە ڕێژەی (٣٩٪) کۆی دەنگدەران. دەنگی کاندیدەکانی پێکهاتەی تورکمانیش لەنێوان (٧٥٫٠٠٠ - ٧٦٫٠٠٠) هەزارێکدایە، کە دەکاتە ڕێژەی نزیک (١٨ - ١٩ ٪) کۆی ئەو دەنگانەی کە کاندیدانی پارێزگاکە بەدەستیان هێناون.
لەکۆتای ئەم بەشەدا، دەگەینە ئەوەی کە دەنگی عەرەب بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە، لەبەرامبەردا دەنگی کورد زۆر کەمی کردووە.  ئەم کەمبوونەوەی ژمارە و ڕێژەی دەنگە، دەلالەتە لەهۆشیاری تاکی کورد لە بێ هەڵوێستی نوێنەرانی پێشووی کورد لەپەرلەمانی عێراق و بێباکی سەرکردەکانیان، بەرامبەر بە نالەباری و سەختی ژیانیان. ئەمە باجی دەنگدەری کوردە بەسەر حیزبە کوردییەکانەوە، تۆڵەکردنەوەیە لەنەبوونی پلانیان بۆ دۆخی پارێزگاکەیان، هەروەها بەتەنها جێهێشتنیان لەژێر ڕەحمەتی شاڵاوی تەهجیر و تەعریبی شۆڤێنییەکان و تەشەیوعی حەشدی شەعبی و هێزە تائیفییەکاندا.

تێبینی: جیاکردنەوەی ژمارەی دەنگی پێکهاتەکان لەسەر بناغەی ئەوەی کاندیدەکە سەر بە چ نەتەوەیەکە جیاکراونەتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە