لە چەرخێکی زۆر سەیروسەمەرە دەژێێن کاتێ هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، دیاردەکان و بانگەشەکان بوونەتە پێکهاتەیەکی پڕ لە دژگەری و گێژاوە و نابەجێیی. دەگوترێ ئێستاکانە دنیا بووەتە دێیەکی بچووک، بەڵام ئەم بۆچوونە یاخود ئەم دەستەواژەیە لە ئەفسانەیەکی شڕمبڕم بەولاوە شتێکی تر نییە. کاتێ کە ئینتەرنێت کۆمەڵگاکان دەبەستێتەوە بە یەکەوە، ئەمە واتای ئەوە نییە کە دنیا بچووکبووەتەوە و بووەتە یەک یەکە. جیاوازییەکان لە نێوان نەتەوکان و گەلەکان و دەوڵەتەکان و کۆمەڵگاکان ئەوندە گەورە و مەزنن، ناشێ و نابێ و ناگونجێ باسی دنیا بکەین وەک دێیەکی بچووک. تەنها تەماشای جیهانی ئیسلام و جیانی دەروەی بکەی، ئەوسا ئەم ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێ وەکوو هەتاوی هاوینی خاوەن ئاسمانی بێهەور!
ئەگەر دنیا دێیەکی بچووک بووایە خەڵکەکە ڕاینەدکرد و کۆچی نەدەکرد و هەزارەها کیلۆمەتری نەدەبڕی بۆ ئەوەی بگاتە وڵاتێکی خاوەن سەقامگیری و ئاسوودەیی و پێشکەوتن.