وەبیرھێنانەوە!

Thursday, 14/10/2021, 18:38

2529 بینراوە


فەرمانڕانەکانی باشووری نیشتمان  گومان لە ھەموو دەنگێک دەکەن، چوونکە فەرمانڕانییەکەیان، لەسەر ئازار و پشتی شکێنراوی ئەو بەشە لە نەتەوەکە، بنیات ناوە.
گوومانکردن، شتێکە خوویان پێوەگرتووە، دەردی ئەم سی ساڵە نییە و نەخۆشییەکی درێژخایەنە تووشی سەرکردەیەتی حیزبەکان بووە. بۆیە ئێستا بە سەدان دەنگی ئازادیخواز، لە زیندانەکانی سەرکردەیەتی حیزبەکاندا، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدان.
 لەکاتێکدا سەرکردەیەتی حیزبەکان، ( ڕۆژی ھەڵبژاردن)کۆکتێلی شەمپانیا دەخۆنەوە، لە پشتی دیوارەکانی زیندانەکانیاندا، بە دەیان ڕۆڵەی ئازادیخوازی دەڤەری بادینان کۆکتێلی ئەشکەنجە دەدرێن، تۆ لە ڕۆژی دەنگداندا، دەنگ دەدەیت بە: ستەم، ئەشکەنجە، دزیی، داوێن پیسیی و خیانەت بە نەتەوە و بوونە کەوا سووریی بەر لەشکری دوژمنی دێرینەی نەتەوەکەت.
ئەم ھەڵبژاردنە بە پەلەیە ڕێکەوت و لە ھیچەوە نەھاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق
چەند ڕۆژ بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمێریکا کە تایبەت بوو بەم ھەڵبژاردنە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی عەربی( العربیة) ئێوارەی یەک شەممە ١٨-٠٧-٢٠٢١ وتی: ھەم سیستەمی سیاسی و ھەم دەستووری عێراق، پێویستیان بە ھەموارکردنەوەی جددی ھەیە.
لە ڕاستیدا عێراقیش بریتییە لەم دوو شتە، سیستەمە سیاسییەکەی و دەستوورەکەی. 
سیستەمە سیاسییەکەی، ئێدی بە شان و باڵای زۆرینەی شیعەدا بڕاوە و بەشێکە لەو فەرمانڕانییەی کە ئێران بەڕێوە دەبات، تا ئەوان بمێنن ئەمان بەھێزتر دەبن و مەودای دوورکەوتنەوەیان لە عێراقی بوون زیاتر دەبێت.
دەستورەکەشی بریتییە لەو فیدرالیزمەی، کە بە کۆی دەنگ دژایەتی دەکەن و ئەوەتا سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاشکرا دەڵێت: ئەم ھەڵبژاردنە بۆ پێداچوونەوەیە بە سیستەم و دەستووری عێراقدا کە گرفتی جددیان ھەیە.
خاڵی ھەرەگرگ و بنچینەیی دەستووری عێراق، بریتییە لەو فیدرالیزمەی کە سەربەخۆیی دا بە ھەردوو حیزبی بنەماڵەی جەلالیی و مەلایی، کە تاسەر ئێسقان ئەو بەشە لە نەتەوەکە تێک بشکێنن و باشووری نیشتمان بکەن بە مۆڵگەی دەزگای سیخوڕیی دوژمنانی کورد و کوردستان و زەمینەی تیرۆری باشترین و دڵسۆزترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکە بڕەخسێنن.
کەواتە، دەنگدانی پێشوەختە بۆ ھەمووارکردنەوەی دەستووری عێراقە، کە نەھێشتنی سیستەمی فیدرالیزم و گێڕانەوەی عێراقە کە بەغدا ببێتەوە بە ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبەری ھەر ھەژدە پارێزگاکەی.
ھەردوو سەرکردەیەتی فەرمانڕان لە باشووری نیشتماندا ئاگاداری ئەم کەین و بەینە ھەن، بۆیە ماوەیەکی زۆرە، ئەوانیش لە کەین و بەیندان لەگەڵ حیزبە شیعەکانی  بەغدا و تورکمانەکانی سەر بە ئۆردوگان. بەغدا، تورکیا و ئێران، قورسایی ئیشەکانی خۆیان و ڕۆڵی گرنگیان بە (سەرکردەیەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان داش عێراق) سپاردووە.
پاش ھەڵبژاردن، قەیرانە گەورەکان و تەنگەشە جددیەکان و ھێرشەکانی مەغۆل و عەجەم و عێراق بۆسەر ھەرێم خێراتر و زیاتر دەبن. سەرکردەیەتی حیزبەکان، درۆتان لەگەڵ دەکەن و تەفرەتان دەدەن، خۆتان ڕێک بخەن و پشتیوانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەتان بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە