سیحری پارتی

Friday, 15/10/2021, 11:58

3630 بینراوە


(١) بایکۆت

چۆڵو هۆڵی بنکەکانی دەنگدانی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق سەرنجی راکێشام . کە هاتمە دەرەوەش بەدەم رێگاوە سەیری پەنجەی خەڵکم ئەکرد ، زۆر کەم پەنجەی مۆرکراوم بینی . ئەمەشیان شۆکێکیتر بوو . چونکی پێموابوو تووڕەیی خەڵک لەم دەسەڵاتەو زوڵموزۆرداری چەند ساڵەی ئەم دەسەڵاتە ، نانبڕین وئاو بڕین ومووچەبڕینی ئەم خەڵکە ، لابد ئەمڕۆ رۆژیانە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان لەم دەسەڵاتە بکەنەوە . پێموابوو ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق ئەبێتە دەرسێک بۆ حزبەکانی دەسەڵات ، بەڵام ناهوشیاری خەڵک ئەم بۆچوونەی پووچەڵ کردەوە .
بایکۆت ئەزعەف ئیمانەکەیە کە هیچکات سوودی نەبووەو هیچیشی لەوەزعی میللەت نەگۆڕیوە . میللەتی ئێمە کە نەتوانێ بێتە سەر شەقام لەترسی بیکەیسی دەسەڵات ، نەوێری راپەڕێ لەترسی قەتلوعام ، نەوێری تەنانەت لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدا کۆمینتێکی بچووک بنووسێ لەترسی گرتن وزیندانی دەسەڵات ، تاکە فرسەتێک هەبێ لەبەردەم ئەم خەڵکە ناڕازییە بۆ سزادانی حزبەکانی دەسەڵات تەنهاو تەنها سندوقی دەنگدانە ، بەڵام بینیمان ٦٠% دەنگدەرکان بایکۆتیان کردو حزبەکانی دەسەڵاتیش لەسەر حیسابی حزبە بچووکاکانو سەربەخۆکان بە کەماڵی ئیسراحەتەوە کورسیەکانی خۆیان مسۆگەر کردەوە ، چونکە دەنگدەری ئەوان سەرلەبەیانییەوە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سازو ئامادە بوون . بۆیە ئەمجارە حزبەکانی دەسەڵات هیچ پێویستیان بەتەزویرو ساختەکاری نەبوو ، چونکی دەنگدەرە ناهوشیارەکانمان هاوکاریان بوون بە بایکۆت و دوورکەوتنەوە لەسندوقەکان . سەیرە لەم هەموو کاندیدە سەربەخۆو لایەنەکان چوار کەسیان تێدا نەبووبێ تۆزێ مەعقولترو شاییستەتر بن لەکاندیدانی دەسەڵات دەنگیان پێبدەن .
هەر دەسەڵاتێک شەرعییەتی لەسندوقەکانی دەنگداندا وەر ئەگرێ ، جا دادگەر بێت یان ستەمکار ، بە مافی خۆی بێت یان بە ساختەکاری ، بۆیە هەڵبژاردن تاکە فرسەتێکە بۆ تەعبیرکردن لەرأی گشتی جەماوەرو رۆژی حیسابیشە بۆ حزبەکانی دەسەڵات ، بەڵام بە داخەوە دەنگدەری کورد تاکو ئەمڕۆش لەگرنگی و گاریگەری ئەم چەکەی بەدەستیەوە تێنەگەیشتوە و  وەکو پێویست بەکاری نەهێناوە ، هەر ئەوەشە حزبەکانی ئێمەو ناوچەکەش بەگشتی ساڵانێک حوکمڕأنی ناتەندروست ئەکەن و بەشەرعییەتێکی ساختەکاری سندوقەکانەوە دەسەڵاتەکانیان بەسەر میللەتاندا ئەسەپێنن . خۆ هەمووشمان ئەزانین ، بایکۆت ئەگەر بگاتە ٩٠% شەرعییەتی هەڵبژاردن بەپێی یاسا هەر ئەمێنێ ، بەمەش هەمیشە میللەت زەرەرمەندە لەبایکۆت کە لای من ، بێدەنگی ورازی بوون بە زوڵموزۆرداری حزبەکانی دەسەڵات .

(٢) دۆڕان

شکستی بزووتنەوی گۆڕان ئەمجارە ، نە بەپیلانی پارتی و نە بەتەزویری پارتیش بوو ، شکستی گۆڕان لەدوای ئاوابوونی خۆری نەوشیروان مستەفاوە دەستی پێکرد ، لەغیابی سێبەری ئەودا ، مەعدەنی حەقیقی سەرکردەکانی گۆڕان و هەڵپەی دەسەڵات وپڵەو پۆست زۆر بەئاشکرا دەرکەوت . زۆرجار لەوتارەکانمادا ئاماژەم بەوەدا داوە ، هەر حزبێک لەپارتی نزیک ببێتەوە بە ئاگرەکەیەوە ئەسووتێ . نموونەش زۆرن هەر لەیەکگرتووی ئیسلامیەوە تا زەحمەتکێشان وسۆسیالست ، بە یەکێتی نیشتمانیشەوە کە لەهەر خولێکی هەڵبژاردندا پێگەی لاوازتر ئەبوو بەدەست پڕۆپارتییەکانەوە .
لەهەڵبژارنەکانی ساڵی ٢٠١٨ کادێریکی دیاری دژە پارتی ناو یەکێتی ویستی خۆی کاندید بکات بۆ پەرلەمانی کوردستان ، داواکەی رەفزکرایەوە لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتییەوە بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو کادیرە زۆر دژی پارتییە !! . جا ئەوەیان لەساڵی ٢٠١٨دا کە یەکێتی لەو سەردەمەدا لەوپەڕی دوژمنایەتی پارتیدا بوو ، ئەبێ ئێستا کە یەکێتی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ریزەکانی خەریکە لەیەک ئەترازێ ، چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکات ؟! . هیچ گومانی تێدا نیە یەکێتی بەم لاوازییەی خۆیەوە زیاتر دەستەمۆی سیاسەتە نا نەتەوەییەکانی پارتی ئەبێت لەبەغدا . لە کوردستانیش بەهۆی ئەو شکستە گەورەییەی لەهەولێر بەسەریدا هات ، بێگومان کاریگەری ئەبێت بەسەر شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا.. لەمەحسەڵەشدا رووخانی گۆڕان و لەدەستدانی هەولێر لەلایەن یەکێتییەوە سنورەکانی هەردوو زۆنی سەوزو زەرد تۆختر ئەکات ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تەرازووی هاوسەنگی ئەگۆڕێ و پارتی زیاتر تووشی غرور ئەبێ لە نەتیجەشدا هەموو میللەتی کورد زەرەرمەند ئەبێ بە بایکۆتکەرانو دەنگدەرانیشەوە .

(٣) سیحری پارتی

زۆرجار وتومە پارتی حزبێکی تەزویرچی و گزیکارە ، بەڵام هیچ قەناعەتم بەوە نیە پارتی بەم هەموو تەزویرەی کە لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە تاکو ئەمڕۆش بەردەوامە بتوانێ زیاتر لە ٣٠ کورسی پەرلەمانی تەزویر بکا . لەوانەیە بتوانێ ١٠ کورسی لەهەر هەڵبژاردنێکدا بە تەزویر بباتەوە ، ئەی باقیاتی لەکوێوە ئەهێنێ . گومان لەوەدا نیە پارتی ئەندام وکادیرو جەماوەری خۆی هەیە ، هەر ئەوانەشن کە باقییاتی کورسیەکانی بۆ مسۆگەر ئەکەن ، ئەویش کاتێک بایکۆت زیاد ئەبێ ، جەماوەرو دەنگدەرانی پارتی بە لێشاو ریز ئەبەستن بۆ چوونە سەر سندوقەکانەوە ، بەمەش هەموو جارێک کورسییەکانیان ئەگەر زیادیش نەکات ، کەم ناکاتەوە .
٦٢% خەڵکی ناڕازی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارەیان کردووە ، لەبەرامبەریشدا دەنگدەرانی پارتی یەک کەسیان دوانەکەوتووە ، بەمەش توانییان پارێزگاری لەدەنگەکانیان بکەن و بەرامبەرەکانیان بە بایکۆت شکست بێنن ، پارتی بۆ ئەمجارە هیچ پێویستی بە ساختەکاری نەبووە ، تەنها بایکۆتی خەڵکەکە بوو کە هەموو جارێ سزای حزبەکان ئەدەن جگە لەپارتی !! . ناهوشیاری دەنگدەری کورد هەمیشە خزمەتی پارتی ئەکات . سیحری پارتی ئەوەیە کە دەنگدەرانی هوشیارترن لەدەنگدەری حزبەکانیتر . ئەوانەی پارتی هەموویان لەرۆژی دەنگداندا لەسەر سندوقەکانن ، دەنگدەری حزبەکانیش لەبەر شتی پرووپوچ لەحزبەکانیان ئەتۆرێن و لەهەڵبژاردنەکاندا سزای حزبەکانی خۆیان ئەدەن !. لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا تەنها حزبەکانی غەیرە پارتی سزا دراون ، یەکێتی و یەکگرتوو و گۆڕان وکۆمەڵ لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا کورسییەکانیان کەمیکردووە ، دەنگدەرانی ناڕازی لەدەسەڵات ئەوەندە شعووریان نیە هەر بەدەستی خۆیان بۆ یەکجاریش بێ سزای پارتی بدەن کە تاکڕەوانە حوکمی کوردستان ئەکات !. تا ئەم دەنگدەرە ناهوشیاریانەش بەمشێوەیە بیر بکەنەوە ، تا هەتا پارتی هەر حزبی یەکەمەو ، حزبەکانی تریش یەکلەدوای یەک هەڵدەورێن ، ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە کە پارتی بەم هەموو زوڵموزۆردارییەی خۆیەوە هەمیشە مەرجەع و تاکەحزبی سەرکردەو حیزبی قائید بێت .
دوا فرسەت مابێت لەبەردەم گەلی کوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە ، با بزانین لەوێ میللەت هوشیار ئەبێتەوە ، یان هەروەکو ئێستا رازییە بەم ستەمو زۆردارییەی پارتییەوە ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە