(عودي) و (حلا) کانی کوردستان

Friday, 15/10/2021, 12:58

4307 بینراوە


ژیان لە کوردستان، بووە بە دارستان. گەورە بچووک قووت دەدات و بەهێزیش بێ هێز ئەکوژێت. تۆ خۆت پاسەوان و سیکوریتی بۆ شوێنە گشتی و باڵەخانەکانی خۆت و دام و دەزگاکانت دادەنێی، هەر خۆشت داوای دڵسۆزییان لێ ئەکەیت و هەر خۆیشت ئەیانکوژیت. سیکوریتی پێی وتراوە لێرە ببە بە دار، چاودێری هاتوچۆ بکە، باوکم بە ئۆتومبیلی جام تاریک هات یان تیژڕەوی کرد لێرەدا ڕایئەگریت و لێی ئەپرسیتەوە. بەڵام کاتێک کوڕەکەشت ڕائەگرن نەک باوکت، کەچی خوێن ساردانە، ئەشکوژرێن لە سەری. لە سەروو بەندی ڕاپەڕیندا، لە کۆبوونەوەیەکدا سەددام لە گەڵ هەندێ جاش و پیاوانی کوردی سەر بە خۆی دانیشتبوو، تا گوێیان لێ بگرێت و بزانێت لە کوردستان چ باسە!؟ شێخ جەعفەرەکەی جارانی سلێمانی بە سەددامی وت: گەورەم لە کوردستان خەڵکی لە خۆشەویستی جەنابتان خۆپیشاندان ئەکەن و ئەڵێن: (ماست و پەنیر و کەرە، سەددام باشترە لە بەرە) لە تەرجەمە کردنی  ئەو بەیتە تەواو نەبوو بوو، سەددام دەمکووتی کرد. چونکە ئەو دەم سەددامیش باوەڕی بەو قسەیە نەدەکرد. بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی حزب و دەسەڵاتی شێخ جەعفەرەکانی هەولێر و سلێمانی شیعاری وا، ئەوەندە پەسەند و جێ باوەڕە، نەک دوژمن و ناحەز بگرە دەسەڵاتی کوردی خۆشی گەیشتووەتە ئەوەی کە سەددام لە خۆی و حزب و سیستم و دادگا و دادپەروەریشی باشترە. ئەمڕۆ نەک سەددام، بۆ دەسەڵات ڕووی قەزافی و موبارەک و هاوشێوەکانی سپی نەکردۆتەوە!؟
سەیر نەبێت لە لاتان کە لە هەمان مانگ واتا مانگی  ١٠ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٨دا، کاتێک عودەی کوڕی سەددام، پاسەوانێک ئەکوژێت، دوای ٣٣ ساڵ لەم ڕووداوە، عودەیەکی کوردی پاسەوانێک ئەکوژێت و مێژوو خۆی چەند بارە ئەکاتەوە. کە دەڵێم چەند بارە چونکە کێشەکە تەنها ئەم حاڵەتە نیە. بگرە زۆر کۆنترە و لە حاڵەت دەرچووە. چونکە ئەگەر مێژووی بکوژە عودەیە کوردییەکانی  دوای ڕاپەڕین و کوژراوە قوربانییەکانیان بنووسینەوە، زۆرن. کە ڕەنگە ئەمەی سلێمانی باشترینیان بێت. کە دەشڵێم باشترینیان، لەو سۆنگەیەوە کە بکوژ ئێستا گیراوە، جا هۆکاری ڕادەست کردنی، ژمارەی دەنگدەر و کەمی کورسی حزب و ترسی حزب و دەسەڵات بێت لە توڕە بوون و ناڕەزایی ئەوە خراپە و خۆ ئەگەر گیانی دادپەروەری کەس و کاریش بێت ئەوە ئاماژەیەکی باشە. بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنکتر ئەوەیە کە دادگا کاری خۆی بکات و سزای عودەیەکەی خۆمان بدات، وەکو هەر بکوژێک و سزاکەشی جێ بە جێ بکرێت. نەوەک سزای عودەیەکەی سەددام بە سێ مانگ زیندانی لە هۆتێلەکانی ئەوروپا زیندانی بکرێت!!
ئێمە وەکو کورد هەم ژمارەی عودەیەکانمان زۆرن و هەم مێژووی دوور و درێژی کوشتارگەی عودەیەکان و جۆری عودەیەکان و جۆری پاسەوانە کوژراوە قوربانییەکانیشمان زۆرن. ئەم عودەیەی ئەمڕۆ لە هەرە ئاسایی و ئاسانەکەیانن. چونکە پاسەوانی پرۆژەیەکی نیشتەجێ بوونی کوشتووە. ئێمە عودەی شک ئەبەین کە پاسەوانەکانی قەڵەم و ڕۆژنامەگەری و وتاری هەق و ئازادییان کووشتوە. ئەوە سۆران لە کەرکوک و سەردەشت لە هەولێر و ویداد لە بادینان و کاوە لە گەرمیان. لە ژماردن نایەن ژمارەی پاسەوانە قوربانییەکان. هەمانە پاسەوانی خودی سەرۆک بووە و لە سەر قسەیەک کوژراوە. هەشمانە پاسەوانی هاتوچۆ بووە و لە سەر ڕاگرتنی ئۆتومبیلی عودەیەکی  موخالیف کوژراوە. هەشمان بووە پاسەوانی زەوییەکانی خاکی نشتیمان بووە و بۆ داپۆشینی زەوییە بە گەز دزراوەکان کوژراوە...هتد.
هەر بۆیەش بۆ بنەبڕکردنی عودەیەکان پێویستمان بە شۆڕشێکە نەوەک دادگا، تا تەواوی عودەیەکان بە سزا بگەن و پاسەوانەکانیش گیانیان شاد بێت. ماوەتەوە بڵێم ئێمە تەنها عودەیمان نیە، بەڵکو کچە (حلا) شمان هەیە. کچە حەلایەک، کە بتوانێ هێز کۆبکاتەوە و لە مقاوەمەی لە گەڵ پاسەوانانی  ئارامی شار، شەوی تاری بکات بە ڕۆژی ڕووناک و شەش بۆ حەوت پاسەوانیش زامار بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە