سەرانی گۆڕان فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچو

Saturday, 16/10/2021, 22:24

4922 بینراوە


 گۆڕان توانی شکست بە پرۆژەی نەیار و ئۆپۆزیسیۆن دژ بەدەسەڵاتی بنەماڵە لە باشوور بێنێ و ئەمڕۆ زۆرینە پێیان وایە شکستی هێناوە لەو بەرنامەیەی دەسەڵات بۆی دەست نیشان کردبوو. نەخێر ، هیچ کات گۆڕان نەیاری ڕاستەقینە و لەهەناوی خەڵکی ناڕەزایی هەڵنەقوڵابوو تا بتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێ، بەڵکە بە پارەی جەلال تاڵەبانی و بودجەی تەرخانکراو توانیان دەست بگرن بەسەر هەموو دەنگە ناڕەزاییەکان و خۆیان بکەن بە خاوەنی هەرچی تووڕەیی و یاخیبووەکان.
هەنووکە گۆڕان کۆتایی بە چاپتەری کاری خۆی هێناو ئەوەی داوای لێکرابوو سەد دەر سەد جێبەجێی کرد. ئێدی بەوەی داوای خانەنشیبوون و وازهێنان لەو بزووتنەوەیە ئەبێ بڵێین ، کاری ئێمە تەمام شوود. گۆڕان هەمان سیناریۆی مەلا مستەفا دووبارە ئەکاتەوە کاتێ ئێران لەساڵی 1975 داوای لە مەلای ئاشبەتاڵچی کرد کە چەك دابنێن و ئاشبەتاڵی لێ بکەن. مەلاش هەر ئەوەی کرد و ووتی کاری من تەمام شوود.
خەڵکی کوردستان نابێ دڵخۆش بن بەوەی سەرانی گۆڕان واز ئەهێنن و دەست لەکار ئەکشێننەوە. وەیان هەندێك ئەوە بەکارێکی باش ئەزانن و ئەوپەڕی دیموکراسیمان پێ ئەفرۆشن. هەندێك پێیان وایە گەر خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لەکار کێشایەوە ئەوە ئەبێ سەرانی گۆڕان خەڵات بکرێن و چاویان لێ بکرێن.. وەیان هەندێ کەسی تر دوورتر ئەڕواو ئەڵێ گەر سەرانی ئەم بزووتنەوەیە واز بێنن و بچنەوە ماڵەوە ئەوا گۆڕان پێش ئەکەوێ و هەڵئەستێتەوە. وەك ئەوەی ئەو شکستەی تووشیان بوو چاوەڕوان نەکراو بوبێ! ئێمەش ئەڵێین ؛ گۆڕان هەر لەکاتی نەوشیروان مستەفاوە بەرەی دەسەڵاتی گرت و لەخۆپیشاندانەکانی 2011 دا ئەو کاتەی بەیانێکیان دەرکرد و جەماوەریان بە ئاژاوەگێڕ ناساند ، هەر ئەوکات ئەبوایە جەماوەر ئەو بزووتنەوەیەی باش بناسیبایە و خۆیان لێ دوور بخستایەوە.
ئێستا هیچ مانایەك نەماوە بەوەی ئەم کەسانە هەروا بەسانایی واز بێنن و بچنەوە ماڵەوە و کەس پێیان نەڵێ بۆچی بەرهەمی ئێمەی ناڕەزا و دژ بەدەسەڵاتان تەنها بۆ خۆتان و بنەماڵە و مناڵەکانتان، خوارد. جەماوەر مافی خۆیەتی بچنە سەریان و پێیان بڵێن ئێمە لەسەرەتاوە داوامان  کرد نەچنە نێو دەسەڵات و پلە وپۆست وەرمەگرن، جەماوەر ئەتوانێ بە بیریان بخەنەوە کەوا دەست لەگەڵ پارتی تێکەڵاو نەکەن و نەچنە سەری ڕەش و داوای پەرلەمان و وەزیر و گزیرتان لێ نەکردنایە.. جەماوەر ئەتوانێ لەسەر تاپۆکردنی موڵك و ماڵی حکومەت لێیان هار بن و تاڵاویان نیشان بدەن.
بۆیە هەرگیز وازهێنان و خانەنیش بوون و چوونە ماڵەوە جێگای قبوڵکردن نیە و ئەبێ بەرپرسیارانە دادگایی بکرێن تا ببێ بە وانەیەك بۆ هەرچی لایەن و حزب و گروپێك جارێکی تر نەوێرن و نەخەڵەتابن گاڵتە و فشقیان بەدەنگی زوڵاڵی خەڵکی بەشمەینەت نەکەن ولەسەر خوێن و ئارەقەی ئەوان نەبن بە ملوێنێرو ملیاردێر.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە