(گۆڕان) لەگردەوە بۆ تەپۆلکە

Sunday, 17/10/2021, 22:43

4254 بینراوە


سیاسى کورد ئەوەندە سوکە یان بە ڕیسوایی واز لە سیاسەت ئەهێنێت، یان کەنەفتەکارى سەر جێگا ئەبێت تا ژێرى بۆ پاک بکەنەوە و ڕۆژانە دایبى بۆ ئەگۆڕن، یان لە نەخۆشخانەکانى ئەوروپا بە ملیۆنان دۆلاریان تێدا سەرف ئەکرێت، یان لە ئەوروپاوە ئەخرێنە سندوقیکەوە، دواتر نمایشى ئەوەى لە (کوردستان مردووە)یان بۆ ڕێکئەخەن، یان وەکو عومەرى سەید عەلى بە ڕیسوایی لە کورسیەکە دایان بەزاند، پاش ئەو شکستە ئابڕوبەرانە و سەرشۆڕانەى، کە حیزبى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق تووشى هات.
هەندێک ئۆباڵى ئەم شکستە بۆ سیاسەتى ڕێکخەر و خانەى ڕاپەراندن ئەگێڕنەوە، هەندێکیش بۆلادان لە ڕێبازى نەوشیروان مستەفا و هەندێک بۆ بەشداریان لە حکومەتى هەرێم و چەردەیەکیتر بۆ هاوپەیمانى هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتى.
هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراق هیچ لە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان ناگۆرێت، ئەوەى لە خولەکانى پێشوى پەڕلەمان ئاهێکى بە دڵى خەڵکدا ئەهێنا بوێرى چەند ئەندام پەڕلەمانێک بوو، کە بەریان بە سازشکارى و خاکفرۆش یەکێتى و پارتى ئەهێنا و ڕۆڵى دەست تێکەڵاوکردن و پیلانگێڕییان لەقاو ئەدان. 
لەوانەیە باشترین خێرى هەڵبژاردن ئەوەبێت، کە هەر حیزبەو قەوارەى خۆى ئەزانێت و بەهەڵبژاردن سەنگ و قورسایی خۆى دەرئەکەوێت. گۆڕان سەردەمانێک نیو ملیۆن دەنگى هێنا و ئێستا یەک کورسیشى نەهێنا و باڵانسى سفرە! ئەمە بۆ؟ ئایا ڕاستییەکەى ئەوە پەیوەندە بە عومەرێکى سەید عەلییەوە هەیە یان چڤات و لاکەوتەکانى زەرگەتە، یان نۆکەرییان بۆ پارتى و دواتر بۆیەکێتى؟ لەوانەیە خەڵکانێک هەبن زۆر لەمانە پاساوى ڕووکەشانە بهێننەوە و هەرچەند ئەوانە سەنگ و قورساییان هەیە، بەڵام دەردەکە لە شوێنێکى ترە.
 ئەم بزوتنەوەیە ماک و هەوێنى شکستى لە هەناوى خۆیەوە لە دروستبونبەوە هەڵگرتووە، لەکاردانەوەیەکى بێبەرنامە و بێئیشى نەوشیروان مستەفاوە سەرى هەڵدا، کە هیچ دنیابینییەکى ڕون و ئاشکرا و هیچ مەبنایەکى فکرى نەبوو، ئەوەى کارى لەسەر ئەکرد ناڕەزایەتى ڕوو لەهەڵچونى خەڵک و قۆزتنەوەى بوو بەبێ بوونى بەرنامەیەکى ڕوون و بەهەناسەیەکى فاشیزمى بێجگە لە خۆى کەسى قبوڵ نەبوو، ئەوانەش لەبرى هێلێکى فکرى رۆشن و ئاڵتەرناتیڤێکى واقعى، تەنانەت نەیئەوێرا وەک هێزێکى لیبرالى خۆى بناسێنێت چەندەها دروشمى قەبە و بێبنەماى خستە بازاڕى سیاسەتەوە و ئاڕاستەى ناڕەزایەتى ڕوو لە گەشەى ئەوکاتە بەلارێدا برد و دایبەزاند بۆ ئاستى (خەبات)ى پەڕلەمانى - پەڕلەمانێکى دەستەپاچە _ کە خودى نەوشیروان لەسەرەتاوە دەستى لەدروستکردن و هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنى یەک بەیەک کاندیدەکانى هەبوو پێش جێهێشتنى یەکێتى - کارى شەرعیەتدان و بەیاساییکردنى بڕیارەکانى مەکتەبى سیاسى پارتیی بەپلەى یەک.
 لە واقیعێکى وەهاوە کەوتە دابەزاندنى سەدان دروشمى قەبە و زەبەلاح و بەبێ ئەوەى چ لەمەیدانى سیاسى و چ لەمەیدانى پراکتیک و چ لەئاستى کۆمەڵایەتیدا ئامادەکارى بۆکرابێت، سەرجەمیان بەشێک بووە لەسیاسەتى پۆپۆلیستى خودى نەوشیروان کەزۆر وەستایانەکارى لەسەر کردووە و هەرخۆشى کارى لەسەر پوچەڵکردنەوەى کردوە. بەکورتى ئەم بزوتنەوەیە لەسەر دەستى دروستکەرەکەیدا هیچ دیسپیلینێکى نەبووە، سیاسەت ئەگەر دیسپلینى تێدا نەما ئەبێت بە بوکەڵەیەک کەسى یەکەم چۆنى ویست هەڵى ئەسورێنێت، بزوتنەوەیەکى پشوو کورت نەیتوانى نمونەى (ئۆپۆزیسیۆن)ێکى شارستانى بهێنێتە کایەوە بوو بە هاوبەشى حکومەتى حیزبە دز و گەندەڵ و خاکفرۆشەکان.

بۆ بیرهێنانەوە:

• بزوتنەوەکەى گۆڕان لە گردێکى داگیرکراوەوە دروشمى گەڕانەوەى مڵک و ماڵى گشتى ڕائەگەیاند، کە هیچ یاسایەک مافى بە جەلال تاڵەبانى نەداوە گردێکى سەوزى شارى سلێمانى ١٢٢ دۆنمى مڵکى گشتى ببەخشێت بە نەوشیروان مستەفا. کارەسات ئەوەیە تۆش قبوڵى بکەیت.
• دروشمى گۆڕینى سیستەمى سیاسی، لە کاتێکدا ئەو سیستەمەى ئەیەوێت بیگۆڕێت دروشمى بەرەو دەسەڵات بەرز ئەکاتەوە و بەشدارئەبێت لەهەموو کەموکورتى و گەندەڵى و خیانەت و مشەخۆریدا. 
• دروشمی دەرهێنانى سیاسەت لە ژورە تاریکەکاندا و ئاشکراکردنى بۆ جەماوەر. بیرمانە تاو نا تاوێک خودى نەوشیروان لەسەرى ڕەشەوە سەرى پڕپڕ لە گۆڕانى دەرئەهێنا بەبێ ئەوەى ڕێگە بدات یەک کەس یاوەرى بێت. 
• یەکێکی تر لەدروشمە هەڵخەڵەتێنەرەکانى بزوتنەوەکەى گۆڕان، کەسى شیاوە بۆ شوێنى شیاو، وەک بینیمان: دیارە بەم پێوانەیە بێت ڕێباز حەملانێک پیشەى دەرگاکردنەوە بوو بۆ نەوشیروان مستەفا، کەسى شیاوە بۆ وەزارەتى دارایى پسپۆڕى ژمارەیە چ ژمارەیەک، ژمارەى دەرگاکردنەوەى ئۆتۆمبیل، بەوەش ڕێکخەر مەیدانى بە دەیان پسپۆڕو بروانامەدار چۆڵکرد.
ڕێکخەرێک.. وەزیر و پەرلەمانتارانیان لەهەولێر وەدەر ئەنێن، دواتر فەرمانی گرتن بۆخۆشى دەرئەکەن یەک ووشە لە زاریەوە ناکەوێتە خوارەوە. سەیر ئەوەیە ئەیانویست شەڕى خۆیان بەجەماوەر بکەن و لەکاتێکدا ئامادەنەبون لەگردەکە بێنە خوارەوە. 

 هەتا نەوشیروان لەژیادا مابوو:

• دژ بە هەموو هەوڵێک بوو بۆ ئەوەى گردى زەرگەتە بکرێت بە موڵکى بزوتنەوەکە، ئەوەش یەکێک بوو لەو فاکتەرە بەهێزانەى بووە هۆى دەست لەکار کێشانەوەى هەندێک.
• ڕێگر بوو لەوەى پرۆژەیەک تێبپەڕێنرێت سەبارەت بەسەرکردایەتیکردنى بزوتنەوەکە دژ بەمیراتگرى سیاسى.
• نەیهێشت کۆمپانیاى ووشە بکرێت بە موڵکى بزوتنەوەى گۆڕان.
• پاش سەردانە یەک بە دوایى یەکەکانی بۆ لاى مەسعود بارزانى، ئەم پیاوە کڕ و مات و لاڵ بوو، زمان لە دەمیا نەما، کە چەند ڕووداوێکى جەرگبرى گۆڕانى لێکەوتەوە لەوانە دەرکردنى گۆڕان لەپەڕلەمان و حکومەت و دەرکردنى فەرمانی گرتن لەلایەن دادگایەکى هەولێرەوە. 
سەرکردەى حیزبى کوردى هەمیشە بەدواى کەسى لاواز و بێشکۆدا ئەگەڕێت، ئەوانە لە خۆى کۆئەکاتەوە بۆئەوەى مەرامى خۆى و قسەى یەکلاکەرەوە لاى خۆى بێت وهیچ مەترسیەک لەسەر پێگەو بەرژەوەندى ئابورى دروست نەکات. نەوشیروان مستەفا بە ئاگایانە سەید عومەرى هەڵبژاردووە دوور لە سیاسەت بەپلەیەکى وەها کردبوى بە بریکارى گشتى (وکیل عام) بەپێى قەواڵەیەک کە لە دادنوسى سلێمانیەوە دەرچووە، سەید ئەیتوانى زۆر کردەى یاسایی بکردایە و لەوانە گردەکەى بگێڕایەتەوە بۆ سەر موڵکى گشتى بەڵام سەید عومەر لەلایەکی ترەوە شەنى ئەکرد و لەبۆنەکانى گۆڕاندا باسى شەرعیەتى خاوەندارێتى گردى زەرگەتەى بۆ نەوەکانى نەوشیروان ئەکرد.
 سەید عومەر و جەماعەتى خانەکەى بووبوون بە بوکەڵەیەک بەدەستى هەرزەیەکى وەکو چیاى کوڕى نەوشیروان، بەبێ ئەوەى یەک تۆز ویژدان و هەستى ئینسانیان بجوڵێت و ڕۆژانە ماشێنى درۆى چاکسازییان بە گوێی خەڵکى مەینەتبارى کوردستاندا ئەدا.
 حیزبایەتى لە کوردستاندا بووە بە بزنس و ئێستا حیزبى گۆڕان بە ئەنواعى خانە و جڤاتەوە دەڵاڵى جوتکوڕى نەوشیروانن، جوتکوڕ مانگ نییە لە گەڵ فاروقى مەلا مستەفا لەسەر حساب و داهاتى کارگەى چیمەنتۆکەیان نەبێت بەدەمەقاڵەیان و ئەڵێن حسابى ٢٥٠ فلسى لەگەڵدا ئەکەن، ئەگەر ئەوەندە لە حسابدا وورد بن چۆن لەوانە خۆش ئەبن کە بزنسى گۆڕانچێتیان بەرەو نابوتبون و بێبازاڕى بردووە.
 ئەوەى مایەى سەرنجە: کۆنە گۆڕانى تۆراو و تەرەکراو، ئەیانەوێت ئەم هەلە بقۆزەوە، خۆیان بنوێنن و (ڕێباز)ەکەى نەوشیروان نمایش بکەنەوە و کەسانێکیتر کە هەتا دوێنێ سوارى شەپۆلى نارەزایەتى خەڵک و خۆپیشاندانەکان ئەبون و بەرەى دەنگى ناڕازییان دروست ئەکرد، ئەیانەوێت شکستى گۆڕان بکەن بە پاساوێک بۆ گەڕانەوە بۆ گردە گۆڕان بە هەندێ ئارایشتەوە. هەندێکی تر (ئەگەر هەواڵەکە دروست بێت) وێڵى ئێران بوون چاوەڕێى سۆز و بەزەیی ئاغاى ئاقانى و سوپاى پاسدارانن.
حیزبێک لایەکى بووە بە پاراستن و لایەکەى ترى داواى لەحیم کردنەوەى گۆڕان لەگەڵ ماڵەکەى دەباشانى باڤڵى جەلال حسامەدین ئەکات، باشترە و شەرافەتمەندترە ئاشبەتاڵى لێبکەن هەرچەندە لەو بروایەدا نیم بەقەدەر مەلا مستەفا چاوقایم بن ئاشبەتاڵ ڕاگەیەنن، چونکە هێشتا واى ئەبینن گۆڕان بەشى کڕانەوەى ئێسقانەکانى گۆشتى پێوە مابێت. 
 ئێستا نە دروشمى درۆینەى چاکسازى لەسەر کۆشى پارتیەوە ماوە و نەهەڵبژاردن لە باوەشى کوێخا قوبادەوە، ئەوەى ماوە چەند وەزیر و پلە و پۆستێکە کە زۆربەیان بوون بە پارتى و سەرەکەی ترینیان کابراى شەمەندەفەر و هێڵى ئاسنە.
دەست لەکارکێشانەوە نەریتێک نیە ئێوە داتان هێنابێت دەست لەچى ئەکێشنەوە بۆ ئێوە کارێکتان هەبووە هەتا دەست لەکار بکێشنەوە، کۆمەڵێک لاکەوتەى قسە فرۆشیش تیۆرى بۆ دائەتاشن کە ئەوە مۆدێلێکى سیاسیە، نەخێر ئەوە لەژێر فشارى ئابڕوبەرانەى هەڵبژاردندا بوو کە بەهەموو حیزبى گۆڕان بەقەدەر بێژەرێکى NRT دەنگى نەهێنا 
ئەگەر گۆڕان بە قەدەر چڵى سنەوبەرێکى گردى داگیرکراوى زەرگەتە کەرامەتى هەبێت، با وەزیر و گزیرەکانى لە هەولێر و سلێمانى بکشێنێتەوە، لەوە ئاسانتر با کابراى قردێلە بڕ و سێڵفیچى بۆ گردە بکشێنێتەوە خۆ ئەو خۆى کەڕوی کردوە و ماوەى بەسەر چووە.

سەید عومەر غیرەتێک :

چیاى نەوشیروان خاوەنى حیزبى گۆڕان و گردى زەرگەتە دوایى دۆڕانە زەبەلاحەکەى گۆڕان لە هەڵبژاردندا ئەیکات بەدەمەقاڵە و ناکۆکى لەگەڵ ڕێکخەرى بزوتنەوەکە و داواى چۆڵکردنى گردەکەى لێئەکات و باڤل ئاسا ئەمیش ئەیەوێت عومەرى سەید عەلى تەواو تڕۆ بکات.. و شکستەکە بدات بەشان و گۆچانەکەیدا کە دوو سێ رۆژ پێشتر شانامەیان بەباڵایدا ئەخوێندەوە و باسى بێکاروانى و بێکەژاوەیى ئۆتۆمبیلەکانیان ئەکرد. کاک عومەریش دەمودەست غیرەتى نیللى ڕەنگى هەڵسا و داواى (٣) سێ ملیۆن دۆلارى بزوتنەوەکەى لە چیا ئەکات، کە نماى براى بردویەتى لەو( 5 ) پێنج ملیۆن دۆلارەى کە لەپارتیان وەرگرتووە. 
 کاکە سەید عومەر.. تکایە.. تازمانى قسەکردنت ماوە و پەنجەى نووسینت هەیە (بەهیوام بتبێت، چونکە هیچ نوسینێکى تۆمان نەدیووە)،
نیو ملیۆن دەنگدەرت بیر بێت، کە نەوشیروان هەڵیخەڵەتاندن..
خوێنى ڕژاوى گەنجانى ١٧ى شوباتت لەبیر بێت..
نانبڕاوانت لەبیر بێت..
دەرکراوانت بیر ئەخەمەوە..
ئەوانە لەیاد نەکەیت لەسەر خوێن ئەو خەڵکە بەپلەو پۆستى سەرشۆڕانەى گۆڕان دەوڵەمەندبوون.
تکایە وەکو قادرى حاجى عەلى، ملازم عومەر و عوسمانى حاجى مەحمود.. بێغیرەت مەبە و ڕاستیەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکە و بێدەنگى و سەرکزیى وەکو ئەوان هەڵمەبژێرە، ڕێگرییەکانى نەوشیروان مستەفا بۆ گەڕانەوەى مڵکى گردەکە بۆ بزوتنەوەکە، ڕێگرى لەوەى گۆڕان نەبێتە میراتگرى سیاسى، ئەو پارە زۆرەى پاش سەردانیکردنە یەک بەدواى یەکەکانى ڕێکخەرى کۆچکردوو بۆ سەرى ڕەش وەریگرت و زمانى لاڵ کرد. ئەو پارانەى کە لەیەکێتى و پارتیتان وەرئەگرت، نهێنیەکانى کۆمپانیاى ووشە، کۆمپانیاکانى جوتکوڕى نەوشیروان مستەفا، سایتە زۆڵەکانیان... ئاشکرا بکە!!
لە کۆتاییدا :

کورد وتەیەکى باوى هەیە کە ئەڵێت: کوردە غیرەتێک


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە