لەم هەڵبژاردنەدا کورد زۆرینەی کەرکوکی لەدەستدا (بەشی دووەم)

Thursday, 21/10/2021, 20:27

3822 بینراوە


لەبەشی یەکەمدا، ئەوەمان خستەڕوو کە ڕێژەی دەنگی کورد لەپارێزگاکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لەبەرامبەردا ڕێژەی دەنگی عەرەب زۆر بەرزبووەتەوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنها (١٣٫٠٠٠) هەزار دەنگێکی کەمترە لەدەنگی کورد، ئەمە لەکاتێکدایە لەهەڵبژاردنی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی عێراق جیاوازی دەنگی کورد لەگەڵ دەنگی عەرەب (١٥٣٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە.
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم، ژمارە و ڕێژەی دەنگی کاندیدی پێکهاتەکان لەم هەڵبژاردنەدا، بەراوورد بکەم بەهەڵبژاردنی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی (٢٠١٨) گومانی زۆری لەسەر بووە. لەهەڵبژاردنی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی عێراقدا، لەسەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی یەکەمەوە، کۆی دەنگەکانی (٢٤١٫٠٠٠) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (٢١٥٫٠٠٠) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٨٩٫٢ ٪)  دەنگی کورد بووە. دەنگی عەرەب (١٦٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٦٫٦ ٪) و دەنگی تورکمانیش (١٠٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٤٫١ ٪) کۆی دەنگی ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە بازنەی یەکەمەوە.
هەروەها سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی دووەمەوە، کۆی دەنگەکانی (١٩٧٫٠٠٠) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (٧١٫٠٠٠) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٣٦٪)  دەنگی کورد بووە، دەنگی عەرەب (٤٧٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٢٣٫٨٪) و دەنگی تورکمانیش (٧٩٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٤٠٫١ ٪) کۆی دەنگی ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە بازنەی دووەمەوە.
وە سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی سێیەمەوە، کۆی دەنگەکانی (١٣٣٫٠٠٠) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (٤٠٫٠٠٠) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٣٠٪) دەنگی کورد بووە، دەنگی عەرەب (٩٠٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٦٧٫٦٪) و دەنگی تورکمانیش (٣٫٠٠٠) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٢٫٢ ٪) کۆی دەنگی ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە بازنەی سێیەمەوە.
لەهەڵبژاردنی (٢٠٢١)ی پەرلەمانی عێراقدا، سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی یەکەمەوە، کۆی دەنگەکانی (١٦٧٫٨٥٥) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (١٤٣٫٣٤٢) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٨٥٫٤ ٪)  دەنگی کورد بووە، دەنگی عەرەب (١٧٫٧٠٧) هەزار دەنگ بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (١٠٫٥ ٪) و دەنگی تورکمانیش (٦٫٨٠٦) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٤٫١ ٪) کۆی دەنگی ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە بازنەی یەکەمەوە.
 سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی دووەمەوە، کۆی دەنگەکانی (١٤٦٫٢٤٩) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (٢٩٫٧٨٣) هەزار کە دەکاتە ڕێژەی (٢٠٫٣٪)  دەنگی کورد بووە، دەنگی عەرەب (٤٧٫٨٤٨) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٣٢٫٧٪) و دەنگی تورکمانیش (٦٨٫٦١٨) هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە ڕێژەی (٤٧ ٪) کۆی دەنگی ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە بازنەی دووەمەوە.
هەروەها سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە کەوتوونەتە بازنەی سێیەمەوە، کۆی دەنگەکانی (٩٧٫٠٨٤) هەزار بووە، لەو ژمارەیە (٩٦٫٩٦٢) هەزار دەنگ کە دەکاتە ڕێژەی (٩٩٫٩٪) دەنگی عەرەب  بووە، کورد لەم بازنەیەدا یەک  پاڵێوراوی هەبوو کە ئەویش کشایەوە و تورکمانیش یەک کاندیدی هەبوو کە ئەویش (١٠٩) دەنگی هێناوە.

لەبەراووردکاری دەنگی پێکهاتەکان لەهەردوو هەڵبژاردنەکەدا، بۆ هەر سێ بازنەکە، دەتوانم ئەم ڕاستیانەی لای خوارەوە بخەمەڕوو :-
٭لەبازنەی یەکەمدا دەنگی کورد بەڕێژەی (٣٫٨٪) دەنگەکانی کەمی کردووە، بەهەمان ڕێژە دەنگی عەرەب زیادی کردووە.
٭لەبازنەی دووەمدا دەنگی کورد  بەڕێژەی (١٥٫٧٪) کەمی کردووە، لەڕێژەی (٣٦٪) بووە بەڕێژەی (٢٠٫٣) کۆی دەنگدەرانی بازنەکە. لەبەرامبەردا دەنگی عەرەب زیادی کردووە، لەڕێژەی (٢٣٫٨٪) بووە بە (٣٢٫٧٪)، هەروەها دەنگی تورکمانیش زیادی کردووە، لە (٤٠٫١٪) بووە بە (٤٧٪).
٭لەبازنەی سێیەمدا کورد لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی عێراقدا (٤٠٫٠٠٠) دەنگی هەبوو کە ڕێژەی (٣٠٪) دەنگی بازنەکەی پێک دەهێنا، لەم هەڵبژاردنەدا، کاندیدی نەبوو، هەموو دەنگەکان بۆ پێکهاتەی عەرەب چوون.
تێبینی: جیاکردنەوەی ژمارەی دەنگی پێکهاتەکان لەسەر بناغەی ئەوەی کاندیدەکە سەر بە چ نەتەوەیەکە جیاکراونەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە