قەڵەمەکەت ون مەکە ، ئەگینا ژیان دەمـــــرێت....!

Thursday, 21/10/2021, 20:32

4185 بینراوە


بۆ دڵشاد کاوانی قەڵەمی هەژاران.
قەڵەمەکەت ون مەکە ، ئەگینا ژیان دەمـــــرێت....!
میدیا خۆشناو.

زۆرجار تەنها بە سوپاسێک و وەڵامێکی سەرپێیی، ناتوانی مافی تەواوی هەڵوێستی کەسێک بدەیت ، لەهەمبەر خزمەتەکانی بە مرۆڤایەتی ، چ بێژم ، ناتوانین ئەو جیهانبینیەی کە لە زهنمان درووست بووە ،  بە هۆی هەڵوێستی مەردانەی کەسانێک تەنها بە دوو  وشە ، یاخود چەند ئاماژەیەک دەرببڕین، بەڵکــو پێویستە ، مافی تەواو بە ڕاستییەکان بدەین و وە بیانخەینە ڕوو،
بوون بە خوێنەری باش و  قووڵی بۆ دیاردە و شتەکان ،ڕەنگە زۆر جار بەخوێندنەوەی کتێبی زۆر نەبێت، بەڵکو ڕەنگە، بە هۆی نووسەری باش و ڕاستەقینەوە بێت، ئەو نووسەرانەی، بۆ مرۆڤ و مرۆڤبوون و  بۆ ئازار و دەست خستنە سەر برینەکانی ئینسان دەنووسن. ئەوانەی بێ گوێدانە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت و هیچ مەرام و حەزێکی تاکەکەسی ئەنووسن، هەموو خەمیان لە پاڵ چێژ گەیاندن، پەیـــامێکی مرۆڤبوونە بە خوێنەرەکانیان، لە هەر شوێنێ برین هەبێ، دەبن بە برین و پێچ ، باجی مردن ئەدەن تا ڕۆح بەبەر وشەدا بکەن...!
"دڵشـــــاد کاوانـــــی" نووسەرە نایاب و دەگمەنەکەی سەردەم....
 نموونەی ئەو نووسەرە ڕاستەقینانەیە، کە جێ پەنجەی دیارە، لە خەمی بۆ بارودۆخ و  نالەباری مرۆڤایەتی بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی.
من خوێنەرێکی باڵا نیم، لە زۆر خوێندنەوەی کتێب، بەڵام کتێبەکانی  دڵشاد کاوانی، وایکرد تێڕامان و قوڵبوونەوەم زیاتر بێت، زیاتر خولیای کتێب خوێندنەوەم هەبێت، من کە هەردوو بەرهەمی " بەڕێگاوە" و " نۆبەرەی مەرگم دیت" ی نوووسەرم خوێندووتەوە، منی لە جیهانی نووسینی سادە و ئاسان گەیشتن بە حەقیقەتی جەوهەری وشە ڕزگارکرد، وایکرد، بۆ هەر پارچەیەک لە نووسینەکانی دووو تا سێ جار بیربکەمەوە، ئەسڵەن کڕۆکی تێگەیشتن لە م. دڵشاد دووجار دیووی دووەمی وشەکەیە، ئەو لەو نووسەرانەیە، هەمیشە بە باوەڕێکی تەواو متمانە بوونێکی بەهێزەوە، قەڵەمەکەی بەدەستەوە گرتووە، هەمیشە ڕەخنەکان خۆشحاڵی دەکەن. ئەو هەمیشە لەجەنگێکی سەختی وشە دایە، بۆ مرۆڤاییەتی، لەڕێگەی قەڵەمەکەیەوە فرمێسکی هەزارەها کەسی کردۆتە مەرەکەبی ژیـــــان و بە قامکی خۆی ئەینووسێتەوە، بۆ دادپەروەری شیوەن دەگێڕێت. هەمیشە لە نووسینەکان و لە گفتوگۆکانی هەست بەچوار شتی سەرەکی دەکەیت کە لە خود و بوونی  نووسەردا هەیە، ئەمانیش، میهرەبانی، ڕاستگۆیی، لەدەستدانی ئـــــازارە، ئەو فێری کردین، بۆ تێگەیشتین لە هەر کتێبێک، پێویستە خوێنەر بچێتە ناو ڕۆحی نووسەر و نووسینەکانی. وەک خۆی گوتەنی " بۆ ئەوە دەنووسێت، تەنانەت گەر یەک خوێنەریشی هەبێت"
 ئەو کە کوڕی هەمان ئەو ژینگەیەیە کە من و تۆی لێین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بۆتە نووسەری دونیابینە جیاوازەکان. ئەو تەنها نوووسینەکانی نا، زمانیشی، بۆخۆی قەڵەمێکە!

هەروەک حەمــــە سەعید حەسەن  دەڵێت :

"نووسەری ڕاستەقینە دەست بۆ قوڕیش ببات، دەیکات بە زێڕ، ئاخر سەدان لاپەڕە بەسەر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هەندێک ڕستەی جوانیان لێوە فێر ببێت، ئینجا ئەو ڕستانە هێندە سەرنجڕاکێش دادەڕێژێتەوە، خوێنەر تووشی حەپەسان دەکات."
 من ئـــاوا دەبینم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە