بەرکوڵێ لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا1789 (بەشی ١ ـ ٣)

Thursday, 21/10/2021, 20:36

3456 بینراوە


"ئێمە بە 3 ڕۆژ زەمین و ئاسمانی سەدەھایەکمان بڕی"


سەرەتایەکی کورت..
فەڕەنسا.. وڵاتێکە ڕەگی بە قوڵایی مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە، لە ڕەگەزی جۆراوجۆر دروست بووە، کە دواجار دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن،بە ھەموویان جەستەیەکیان پێکھێناوە بە ناوی فەرەنسا، وەک نەتەوە و دەوڵەت و کولتوور و مێژوو. و ناسنامە.مێژووی ئەم وڵاتە پڕ لە شەڕوشۆڕ و ھەرای جۆربەجۆرە. ئاینی کاسۆلیکی زۆرینەیە و پرۆتستانتی کەمینەیەکی چەوساوە و زوڵم لێکراوە. پاش شەڕ و کێشمەکێکی دەرەکی و ناوەکی فەرەنسا کاریگەرێتی رێنیسانس و ھیومانیزمی ئیتالی بۆھات... بەتایبەتی لە بواری تەلارسازی دا.
ئەوەبوو دروستکردنی کۆشکیLoire,Louver Clément Janequin,Jean Bodin, Montaigne, François Rabelais,Jean Clalvi ...Moussier  دەڵێ: "دەسەڵاتی فەرەنسی بریتی بوو لەدەسەڵاتی کاسۆلیکی و پاشایەتی ڕەھا... دەسەڵات گرێدراوی : کەسایەتی پاشا و ئیرادەی بەھێزی و توانا و لێوەشاوەیی و بەڕێوەبەرایەتی و زیرەکی داناییەتی“ .
جێگەی فەڕەنسا لە مێژووی جیھاندا، پانتاییەکی فراوان داگیر دەکات.. ئەم دەوڵەتە تا ئێستاش لەسەر شانۆی جیھانی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێ..وا 232 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر شۆڕشی مەزنی فەرەنسی دا، وەک چرکەساتێکی مێژووی بێ وێنەی گەورەی مرۆڤایەتی،  کەچی ئەم شۆڕشە  هێشتا بایەخ و کاریگەرێتی لەدەست نەداوە و تا دێت تیشکی ڕووناککەری و دروشمە بەرزەکانی «ئازادی و یەکسانی و برایەتی» کون و کەلەبەرەکانی هەسارەی زەوی ڕۆشن دەکاتەوە و هاوکات بۆتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیھان.ڕەنگە لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا بستۆکەیەک نەبێت کاریگەرێتی ئەم شۆڕش و دروشمانەی بەسەرەوە نەبێت. شۆڕشەکە وەک هەقیقەت و فاکتێک لەسەر ئەرزی واقیع لە دایک بووە و پێڕەو کراوە و گۆڕانکاریی بنچینەیی بەدەستھێناوە و بۆتە ئەزموونێکی تایبەت بەخۆی بۆ گەلانی جیهان.
 دەربارەی ئەم شۆڕشە مەزنە بە هەزاران هەزار سەرچاوە هەیە،خەرمانێکی گەورە لە کتێب نووسراوە و سەدان فیلم ساز دراوە، چەندین هەزار شانۆگەریی نمایشت کراوە و ملیۆنەها وتار نووسراوە ،ژمارەیەکی بێشومار لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی لەسەر ئەنجام دراوە. بەردەوام بەرهەمی نوێ دەکەوێتە بەردەست و  توێژینەوەی بەردەوامی لەسەر دەکرێت.  لە ناوەندە ئاکادیمیی و فەرمییەکان و میدیا جیھانییەکان دا یادی دەکرێتەوە و باس دەکرێت. ئاخر شۆڕشی ناوبراو  شۆڕشێ بوو هەر فەڕەنسا و سیستەمە ڕەهایەتییە قاڵب بەستوو و چەسپیوەکەی نەگۆڕی، بەڵکوو گشت گەلانی ئەوروپایشی بەتایبەت بە ئاگا هێناوە و نەخشەی ئەوروپای بەتەواوی گۆڕی و جیهان بە تێکڕا کەوتە ژێر کاریگەرێتی دروشمەکانییەوە. 
شۆڕشی فەڕەنسا بەخۆیی و کاریگەڕێتییەکانییەوە هێشتا ! ڕووداوێکی گەورە و جێی بایەخی جیهانییە، بۆ هەژاران و ماف خوراوان بەرپا بوو، مافەکانی مرۆڤی بەرزکردەوە و داکۆکی لێکرد و کاری بۆ چەسپاندنیان کرد و  دادپەروەری دەویست و ئامانجی برایەتی نێو گەلانی بوو.. دروشمەکانی ئەم شۆڕشە هێندە گرنگ و پیرۆزن، تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش ناتوانن بانگاشەی بۆ نەکەن و خۆی لێ بدزنەوە و نکۆڵی لێ بکەن و نادیدە بیگرن. 
مێژووی ئەوروپا لە ڕووی زانستییەوە، دابەش کراوە بەسەر مێژووی کۆن و مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی ھاوچەرخ دا... گەشترین کاتەکانی 1000 ساڵ پێش زاین و 500 ساڵ دوای زاینە، کە لەسەر دەستی گریکی/ یۆنان و رۆمانییەکان تۆمارکراوە... لەو سەردەمەدا ئەوروپا کۆمەڵگەیەکی سیما کشتوکاڵی  بوو. بە چاندن و کشتوکاڵ و بەرووبوومەکەیەوە خەریک بوون و ھەروەھا ئاژەڵداریش پیشەی زۆریان بوو. تەکنەلۆژیا لە ئارادا نەبوو. دەوڵەت و یاسا و ڕێسای گونجاوی وەک ئێستە دروست نەبوو بوو.. لە ڕۆژگارە تاریکەکانی مێژوودا خانەدان/ نەجیبزادە سەری ھەڵداوە ، ئەمانە کۆمەڵێکی کەم بوون بەڵام خاوەنی ئیمتیاز بوون و لەبەرانبەر زۆرینەی خەڵکدا بەتایبەت جوتیاراندا بەکاریان دەھێنا. ئەم مافی ئیمتیازە بۆ زەویوزار بوو، کە لەبەرانبەر پارە و باج دا دەیاندایە دەست جوتیاران بۆ بەکارھێنانی وە زۆرجار بەرانبەر وەگرتنی دانەوێڵە و خواردن دا. بەم پێیەش گوایە خانەدانەکانیش ئەرگی پاراستن و پارێزگاری جوتیار و زەوییەکەیان دەگرتە ئەستۆ. دیارە دەبێت بووترێ کەوا ھەموو جوتیاران ملکەچی ئەم یاسایە نەبوون، چونکە زۆرینەیان ئازاد و سەر بە ھیچ خانەدانێک نەبوون. 
ئەوروپا بەگشتی و ڕۆژئاواکەی بەو شێوەیەی داڕێژرا بوو، دەق و چوارچێوەیەکی گرتبوو ھێندە مەحکەم و تۆکمە کرابوو هەرگیز کەس لەو باوەڕەدا نەبوو بلەرزێ و نەخشەکەی بگۆڕدرێ. ستراکچەر و ژێرخانی دەسەڵاتی ڕەھایی و پاشایەتی تێدا هەڵبوەشێتەوە و لە کار بکەوێت. پاشا و قەیسەرەکان خۆیان بە نوێنەری خودا دەدایە قەڵەم و ڕەوایەتیان بە ڕەفتارەکانیان دەبەخشی. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا پیاوانی ئایینی زانین و "سەروەریی لێکدانەوە" Deutungshoheit یان مۆنۆپۆل کرد بوو. هەرچییان دەکرد دەیان گێڕایەوە بۆ فەرمانی خواوەند و مرۆڤی ئاسایی و هەژاریش  چەقی ئەم ململانێیە بوو،کە تێدا دەبووە قوربانی سەرەکی. بە گوناحکار ناودێر دەکرا!   و گوایە لە ڕۆژی حەشردا بڕیاری بۆ دەدرێت بچێتە دۆزەخ یاخود بەھەشتەوە.. ئەم پێوەر و دیاریکردنەش وەک فەرمان و بڕیار لە کلێساوە دەردەچوو.. کارەساتە سروشتییەکان - پەتا و لافاو و هەورەبرووسکە و کارەساتەکانی تریان- بەسزای خودایی بۆ مرۆڤ لێک دەدرایەوە. ئەم جۆرە پڕوپوچێتییە بە شێوەیەکی بەرفراوان زاڵ بوو. ڕێگای بەرەو ڕۆشنگەریی لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لای شارەکانی خوارووی ئەوروپای نەک باکووری زنجیرە چیای ئالپ تا دەهات ڕۆشنتر دەبۆوە... وردە وردە ئەم دەستەوتاقمە زانای جیھانی و زانکۆ دامەزرا و لەدەرەوەی کلێسا سەربەخۆ خەڵکی نوێی تێدا پەروەردە دەکرا...
بە کورتی شەپۆلی ڕێنیسانس/ Renaissance   لە ئیتالیاوە ھەڵی کرد و وێنەیەکی سێکۆلاری مرۆڤی لەگەڵ خۆیدا ھێنایە کایەوە. پرسی ھیومانیزمیش/ Humanismus  وەک پێشخانێک گرنگی ڕۆشنگەری لە ئارادا بوو... دەکرێ بووترێ لەساڵی 1450 بەھۆی گەشتە دەریاییەکانەوە بەرچاو ڕوونییەکی نوێ ھاتە پێش مرۆڤ بۆ ژیان و پەیوەندی ئایینی لەگەڵ کرستیانێتی/Christentum …  کە دواتر ئەمانیش لەسەدەی 16 ەوە بە ناچاری کەوتنە بەردەم ڕیفۆرم. بەتایبەت کە مەزھەبی پرۆتێستانی سەری ھەڵدا و « پرنسیپی ڕەخنە لە دەقەکان» لە ڕۆژگاریی ئاینگەراییدا بووە چەقی بیرکردنەوەی مرۆڤی ڕۆشنگەریی. بنپێکردنی لێکدانەوە سەروەرییەکان... گەشتی فێربوون و توێژینەوەکان بەتایبەت لە زانستەکانی « ماتماتیک و زانست»دا جێی بە گەشتی حەجکەران کەم کردەوە. ھەموو ئەمانە لەگەڵ چڕکردنەوەی بازرگانی کردندا بەرفراوانتر کران. فەلسەفەی بیرکردنەوەی نوێ، گومانی لە ڕێباز و دۆگمایەک سازدا، کە بریتی بوو لەو ئەقڵێتە باڵادەستەی ئاینزای کاسۆلیکی - ڕۆمانی لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا چەسپاند بووی ـ بەتایبەت دوو دیاردە و سیمبۆڵ کە  " پاپا و قەیسەر"  خۆیان بە نوێنەری خوا دەدایە قەڵەم..
ئەگەر پێناسەکەی فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی Kant ئاماژە پێ بدەین "ڕۆشنگەریی دەرچوونی مرۆڤە لە ناکامڵی و دەستەپاچیی و دەستەوسانی خودی خودیی"ە.  بەواتایەکی تر بانگەوازێکە ڕوو لە مرۆڤ کراوە و داوای لێ دەکات ئەقڵی خۆی بەکار بهێنێت بۆ : " بیرکردنەوە، داوای بەڵگەسازی بکات  لە جێی ئەوە خێرا بەسادەیی  باوەڕ بە شتەکان بکات،مافی مرۆڤ داوا بکات و داکۆکی لێ بکات، ،دەسەڵاتی دەبێت دابەش بکرێ و جیا بکرێتەوە لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی مۆنتیسکۆ، ئازادی بیڕوباوەڕ و ئاینن فەراهەم بکات". 
 ھەردوو نووسەری فەرەنسی Jean Bodinو Jacques Bénigne Bossuet لە سەتەی 16-17 دا جێ پەنجەیان سەرەتای ئەم بزاڤەیان نەخش کرد،لە ڕێگەی گومانیان لە ڕەوایەتی ئاین و دەسەڵات. دیارە لەگەڵ گەرم بوونی ململانێ لەنێوان پەرلەمان و پاشایەتیدا لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی فەیلەسوفانی وەک Thomas Hobbes1588-1679 و John Locke1632-1704 ھاتنە مەیدانەوە و مەشخەڵێکی نوێیان لەم بوارەدا ھەڵکرد.. کە ناسراوە بە «تیۆریی گرێبەستی» ئەمانە وێنەی مرۆڤیان بە سەنگ و بایەخێکی نوێوە کێشا و ھەلومەرجێکیان خوڵقاند کە مرۆڤ لە « دۆخی سروشتی»دا سەربەخۆ بژی نەک ملکەچی ئێرە و ئەوێ بێت. مرۆڤ مافی ھەیە و مافەکانی سروشتین. ئەرکی سەرشانێتی بۆ ژیان و ئازادی و خاوەندارێتی تێبکۆشێ و ئەوی تر قبوڵ بکات. بەم پێیە هەنگاوبەهەنگاو بیر لەوە کرایەوە دەسەڵات لە فۆرمی جیاوازدا دابەش بکرێ. تا دەھات مرۆڤەکان لێک نزیک دەبوونەوە و گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبووە پێداویستی "پەلەی ژیان"یان... ئەم دوو ناوبراوە داواکانی مرۆڤیان تا ڕادەی کۆمەڵگەی ھاوڵاتی برد. لۆک ھێندەی ھۆبز ئارەزووی لە دەوڵەت نەبوو..
ھەر لەم سەرووبەندەدا فەیلەسووفی فەرەنسی مۆنتیسکۆ Charles de Montesquieu بەخۆیی تیوریی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە " دەسەڵاتی داڕشتن و جێبەجێکردن و دادوەری" کە تا ئیمڕۆ کاری پێ دەکرێت ھاتە مەیدانەوە.. کتێبی «ڕۆحی یاسا» ی ساڵی 1704 بڵاو کردەوە. گرنگ ئەوەبوو مۆنتیسکۆ خۆی خانەدان بوو، کەچی ڕەخنەی توندی لە سیستەمی ڕەھایەتی لودڤیگی شازدە دەگرت و ناوی نا ستەمکاری Despotimus و داوای دەستوورێکی نوێنەرایەتی دەکرد. ئامانجی بنجی مۆنتیسکۆ ئەوە نەبوو ھەر ھاوڵاتییەک چمکێکی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، بەڵکو دەیویست لای کەسانی سەرەوەی دەسەڵات بەدەست، ھەوڵی چاککردنی حکومەت بدات. بەدوای ئەمیشدا فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی ڕۆسۆ Jean Jacques Rousseau 1712-1778  سەری ھەڵدا و بەشاکارەکەی « گرێبەستی کۆمەڵایەتی» بەشدارییەکی باشی کرد، لە داکۆکیکردن لە  سەروەری گەل دا و یەکسانی نێوان مرۆڤ. ناوبراو پێی وایە بناخەی دەوڵەتێکی باش بەدەستێھێنانی ئازادی ھەر تاکێکە لەو دەوڵەتەدا. ئەمە وا دەکات، «ویستی ھاوبەش- volonté générale»  دروست بێت بۆ بەستی گرێبەستەکە... ڤۆلتێریشVoltaire) 1694-1778  Francois –Marie Arouet( بە بەشداری لەم پرۆسەیەدا قورسایی خۆی خستە سەر بانگەوازەکانی ڕۆشنگەریی کە داوای دەکرد. 
لەم دۆخەی ڕۆشنگەریدا 1772-1751  لە فەڕەنسادا دەستەبژرێ ھەڵسان بە کۆکردنەوەی زانیاری و زانینەکان لە پرۆژەکتێبێکدا کە ناسراوە بە ئینسیکۆپیدیا Encyclopédia  و لە ساڵی 1780 نزیکەی 35 بەرگی لێ دەرکرا. کە بە یەکەم ئیسیکلۆپیدیای جیھان ھەژمار دەکرێت.. ناوە ناسراوەکانی وەک Denis Diderot,Jean Le Rond d,Alembert  بەشداربوون لەم پرۆژە گەورەیەدا، کە نزیکەی 60,000 ھەزار بابەتی لەخۆی گرتبوو. ئەم شاکارەی ئەو ڕۆژگارە زوو وەرگێردرایە سەر گەلێ زمانی جیھان.. بیروبۆچوونەکانی ھۆبز و لۆک بارودۆخی پێش شۆڕش سەردەمی پێش شۆرش ،سیستەمی سیاسی ناسراو بوو بە Ancien Régime سەردەمی ڕەھایەتی Absolutismus 1661-1715 بەتایبەت پاشا Ludwig XIV کە بەمیرات دەسەڵاتی لە پاشا Ludwig XI ی چواردەوە بۆ مابۆوە بەوە ناسراوە،کە ھاوکات بە "پاشای خۆر"یش ناوی دێ، یاخود وتە بەناوبانگەکەی "من دەوڵەتم" ستراکچەری ڕەھایەتی دەنواند.  هەر بۆیە سیستەمی ڕەهایەتی بە دیوێکدا فیوداڵی فەڕەنسا هاوتای نەبوو لە ئەوروپا و جیهان دا. ئەم سیستەمە " فۆرمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەڵساو بوو لەسەر یاسای دەرەبەگی، کە مومارەسەی ھەموو وەزیفەکانی دەسەڵاتی دەکرد، لەلایەن چینی باڵای ئەریستۆکراتییەوە کە خاوەنی بنچینەکانی رژێمی دەرەبەگی بوو لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستی سەدەمی دەرەبەگیدا"…
مێژوونووسان جیاوازی نێوان مێژووی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەوەدا دەکەن پاشای فەرەنسییەکان لەناوەڕاستی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوە ماف و ھەقی حوکم کردن.  یەکگرتووش بوون و تاکە پاشایەک وەک دەسەڵاتی ناوەندی حوکمی کردووە. کەچی بە پێچەوانەوە لای ئەڵمان فرەیی لە پاشا و پارچەپارچەییدا دیاردەیەکی ئامادە بووە. ئەمەش وای کردووە دەسەڵات لە فەرەنسا مەحکەمتر و تۆکمەتر بێت. ھەروەھا لە فەرەنسا بنەماڵەی خانەدانی زۆر زۆر بەھێز دروست بوون و سەریان ھەڵدا. سەدەی 16 لەفەرەنسا ھەمووی شەڕی ئاینزایی بووە. لێرەدا تەنیا پاشا و دەسەڵاتەکەی سوودیان لەم ھەرا و ناکۆکییانە دیووە و بەردەوام پێگەی خۆیان قامتر کردووە. شەڕ و بەرخۆدانی خانەدانەکان بەتایبەت 1648-1653 بووە مایەی ئەزموون و وانەیەکی دەوڵەمەند بۆ پاشا ساواکەی  Ludwigs XIV. .

ھۆکارەکانی شۆڕش و کڵپەکەی... 

 فەرەنسا بەھۆی شەڕە بێ کۆتاییەکانییەوە،بارودۆخی لەڕووی ئابووریی و  داراییەوە زۆر خراپ بوو. دەوڵەت کەوتبووە ژێ قەرزارییەکی زۆرە و بەتەواوی نابووت بووبوو. ستراکچەری دەسەڵاتی ڕەھای پاشایەتی فەڕەنسی، پشتیوانی کردن لە  شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا و بەڕێوەبردنی چەندەها بەرەی شەڕی دیکە، بۆ نموونە 7  ساڵ شەڕ لەگەڵ ئینگلیزدا، کارێکی کردبوو خەرجییەکی زۆر کەوتبووە سەرشانی دەسەڵات و بەم هۆیەوە خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ بوو. هاوکات فەڕەنسا گەلێ سەرچاوەی داھاتی لە کیس چوو،بەتایبەتی سەرچاوەکانی داهاتی لە ئەمەریکاوە. ئینگلتەراش ڕکەبەرایەتییەکی سەختی دەکرد.
 فەڕەنسای ئەو ڕۆژگارە لەسایەی دەسەتی ڕەهایەتی پاشادا،  لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر سێ دەستەو تاقم/ گرووپدا دابەش بووبوو. دەستەی یەکەم: پیاوانی ئایینی کە دەوری 30,000 هەزار کەسێک دەبوون و وابەستەی دەسەڵاتی کاسۆلیکی پاپای ڕۆما بوون. دەستەی دووەم: خانەدانەکان کە نزیکەی 350,000 هەزار کەسێک دەبوون و ئەوی تری کە بەدەستەی سێیەم ناوبراوە24  ملیۆن کەسی،واتە میللەتـ دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە زۆربەی نووسینەکان بەرگێکی ئایدۆلۆژییان کردۆتە بەر ئەم ڕاستییە و بە چین ناوی دەستەکان دەبەن. لەدەقە فەرەنسی و ئەڵمانییەکەشدا بە چین ناویان نەهاتووە، بگرە بە پێگە،دەستە و تاقم، گرووپ ـ ئەو ڕۆژگارە خەمڵێندراوە و %95 خەڵکەکەیان پێکدەھێنا و ئەو دوو دەستەیەش %3 . لەم باجە 6% واتە نزیکەی36 ملیۆنی بۆ کاروباری کۆشکی پاشایەتی تەرخان بوو.
 سیستەمی باجدان/ ئابووری فەرەنسی لەچاو ئینگلیزدا خراپ و سەقەت بوو. بۆ نموونە ساڵی 1781داهات 503 ملیۆن   Livreو خەرجی 962 ملیۆن بوو. شانبەشانی هەموو ئەمانەش ھەڵچوون و باڵادەستی ئابووری و دەریاوانی بەریتانیای مێمڵ و ڕکەبەر، گرفتی گەورەی بۆ فەڕەنسا پێشهێنا. فەڕەنسای ئەو ڕۆژگارە بەهێزترین دەسەڵاتی کیشوەری ئەوروپا بوو. دواجار گرفت و کێشەکان ھەمووی ڕووبەرووی پاشا لودفیگ بووبۆوە کە تازە هەڵدەکەوت و دەسەڵاتی گرتبووە دەست.
لە سیستەمی ڕەهایەتدا پاشا ڕەها و سەربەستە لە هەموو کۆتوبەندێک و دەستکراوەیە، چی دەکات و  هەڵسوکەوتی چۆنە و بە تاقی تەنیا بڕیاری دەدا و کەس بۆی نییە  ڕێگریی لە کار و بڕیارەکانی بکات. ئەم دۆخ و قەیرانەی هاتبووە پێش بۆ فەرەنسایەکی گەورە و بەھێز جێی قبوڵکردن نەبوو.  چۆن دەسەڵات لەدەست بدات و لاواز بێت. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان بەری پێ نەدەگیرا و کێشەی نێوان خەڵک تا دەهات ئالۆز دەبوو، بەھۆی ئەوەی دەوڵەت قەرزار بوو، قاتوقڕی و گرانی بوو. سیستەمی باج وا ڕێکخرا بوو، بەس بەسەر دەستەی سێیەمدا سەپێندرا بوو، کە لە زۆرینەی جوتیار و ھەژار و ڕەنجدەران و کاسبکاران و بازرگانان و مامۆستا و دادوەر و پیشەوەر و فەرمانبەرەکان پێک هاتبوو. ئەم دەستەیەش نوێنەریان لە پەرلەمان نەبوو و کەسیش داکۆکی لێ نەدەکردن. 
  بەشێکی زۆری خانەدانە گەورە و بەهێزەکان لە کۆشکی پاشا لە ڤێرسای دەژیان و خەریکی خۆشی و ڕابواردن و سەمای شەوانەی خۆیان بوون. وتەیەکی بەناوبانگ هەیە" وەک خوا بژی لە فەڕەنسا" ببووە دروشمی زۆر کەس و لایەن. باج لەسەر کەلوپەل و شتەکان بەتایبەت "خوێ" کە پێداویستییەکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بوو، زیاد کرا و شمەکی تریش گران بوون و بەزەحمەت بەدەست دەھاتن. سەرچاوەی داھاتی فەرەنسا باجدانی ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتی پاشایەتی باری گرانی ناخانەدانەکانی گران کردبوو. بەھۆی ئەوەوەی ئاینی دەوڵەت کاسولیکی بوو ئەرک و خەرجییەکی زۆر بوو بۆ فێربوون و کاروباری بەڕێوەبردنی ناوخۆ و کلێسا و ئەندامەکانی. « دەبێت ئاماژە بەوە بدەین دەسەڵاتی کڵێسا وەک دەوڵەت حوکمی دەکرد» و دەبوو لەخزمەتی سیاسەتی فەرمی پاپای رۆمادا بووایە و پشتیوانی داراییشی بکات. 
لە فەڕەنسا کۆمەڵگەیەکی ھەژار و کەم دەرامەت سەری هەڵدا بوو. لە دۆخێکی ئاوهادا پیاوانی ئاینیش دەبنە خاوەن مافی تایبەت و ھەق بەخۆیان دەدەن داھاتیان ھەبێت، کە بریتییە لە باجدانی خەڵک.  پیاوانی ئایینی تەنانەت لە بۆنە ناخۆشەکانی مردندا بەپارە کاریان بۆ خەڵکی هەژار دەکرد، بۆنموونە: لە خوێندنی نزا و پاڕانەوەی سەر مردوو و ناشتن دا. لێکۆڵەران دوو ھۆکار بۆ ئەو دۆخەی فەرەنسا باس دەکەن: پاشای فەرەنسا ھەتا کۆتایی ڕژێمەکەی کە بە  Ancien Régime  ناسراوە، نەیتوانی فەرەنسا بکاتە یەکەیەکی ئابووری یەکگرتوو. گومرگی ناوخۆیی و سنوورداری بازرگانی ڕێگر بوون. بەڵام لە ئینگلستان ئەم کێشانە نەبوون بۆیە ئابووریان بەھێزتر بوو. ئەڵمانیش یەکگرتنی ئابووری پێش یەکگرتنی سیاسی بەدەستهێنا. دەستەیەکی باڵا لە بەرپرسانێک پێک ھاتبوون کە تەنیا بەرپرسی لای پاشا بوون و فەرمانەکانیان لەناوچە و ھەرێمەکان دا جێبەجێ دەکرد. بەکورتی ڕاستە دەسەڵاتی سیاسی لەژێر حوکمی یەک پاشادا بووە،لێ ئابووری کەرت کەرت بووە. سیستەمی باج وەرگرتنیان خراپ بوو. دەوڵەت باجی ڕاستەوخۆی لە خەڵک وەرنەدەگرت، بەڵکو لەڕێگای ئەو خەڵکانەوە کە ماف و دەسەڵاتی ئەم کارەیان پێ درا بوو. لەمەشدا دیزەبەدەرخۆنەیی دەکرا و لەکڕین و فرۆشتنی سامانی دەوڵەتدا. ئەم ھەموو ناڕێکوپێکی و بەھەدەرچوونەی سامانی ناوخۆ، یاخود پەرشوبڵاویە زیانی بە خەزێنە و ئابووری فەرەنسا گەیاند.
ساڵی 1788 ئیدی بەتەوای خەڵک پرزۆڵی لێ بڕا بەتایبەت" ئارد و نان" کە بژێوی سەرەکی ژیانن و کەس بێ ئەمانە ناتوانێ بژی، زۆر گران بوون و قاتوقڕی سەری ھەڵدا. خەڵک وای لێهات کەوتنە پەلاماردانی نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی ئارد و نانیان لێ بەدەست دەھات.برسێتی کارێکی بەخەڵک کرد،تەنانەت گەر یەکێ نانی بەدەستەوە بوایە پەلامار دەدرا.  ئەو سەردەمە ڕژێم "دەفتەری گازندەیی" Cahiers de doleances دانا بوو، تاوەکو هاوڵاتیان ڕاز و گازندەیی خۆیانی تێدا بنووسن و دەسەڵاتیش بۆچوون و داواکان لەبەرچاوی بگرێ.  ئەو کێشە سەرەکییانەی لەلایەن خەڵکەوە لەم دەفتەرەدا تۆمار کراون، بریتی بوون لە:" پاشا هێشتا پیرۆزە، فۆڕمی دەوڵەت جێی گلەیی نییە. کێشەی سەرەکی کەمکردنەوەی باجە. لابردنی ئیمتیازاتی خانەدانەکانە، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی پاشا، وەک یەک لێکردنی ماف لە فەڕەنسا و هەندێکیش دەستکاریکردنی دەستوور" ، لە داخوازییە سەرەکییەکان بووە.
حکومەت / پاشا زۆر ھەوڵی دا، چارەسەری ئەم قەیرانە گەورەیە بکات و چاکسازی بکات، بەڵام دۆخەکەی پێ چارەسەر نەکرا و سەرکەوتوو نەبوو.  جارێ ویستی لەسەر خانەدانەکان باج دانێ، ئەوان ڕەتیان کردووە. ئیدی ناچار لەمانگی ئاداری 1789 داوای کرد هەڵبژاردن بکرێ بۆ کۆبوونەوەی گشتیdomaines generaux ،بە ئەڵمانی Generalstände بە ئینگلیزی general estates . بۆ ئەوەی نوێنەرانی ھەموو دەستەکان هەڵبژێردرێن چارەسەر بدۆزنەوە و ڕەزامەندی دەربڕن لەسەر یاسای باجدانی نوێ.  ئەمەش شتێکی نوێ بوو،هەر سێ دەستەکە پێکەوە کۆببنەوە. دواجار لە ساڵی 1614 ئەم سێ دەستەیە پێکەوە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد بوو.،واتە 175 بوو زەمینەی وا نەڕەخسا بوو. بە کورتی ئەم قەیرانە قوڵەی دەوڵەتی تێ کەوتبوو، دەبوو چارەسەر بکرێ. 
  بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی گشتی کرا و لە کۆشکی ڤێرسای Versailles ـ کۆشکی ڤێرسای نزیکەی 20,000 ھەزار کەسی تێدا دەژیا لە پاشا و دەست و پێوەندەکانی و بەشێکی زۆری خانەدانەکانی نزیک لە پاشا. 30,000 ھەزار کەس کاریان تێدا دەکرد. 25,000 ھەزار سەربازی پاسەوانییان لەم کۆشکە دەکرد. تایبەتمەندی ئەم کۆشکە هێندە جێی بایەخ بوو، بە نزیکەیی زۆر لە وڵاتانی جیھان وەک لاساییکردنەوە کۆشکێکی وایان بۆخۆیان دروستکرد. کۆبوونەوەکان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان  لە 5.5.1789 لەم کۆشکەدا بەڕێوەچوو.  کۆبوونەوەکە  دەستی پێکرد بە ئامادەبوونی 1165 نوێنەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی وڵات و سیستەمی باجدان.  
.{{ دەستەی یەکەم:291 کەس، دەستەی دووەم : 270 کەس، دەستەی سێیەم: 578 کەس}}. دەستەی سێیەم بۆ یەکەم جار بەم ژمارە زۆرەوە بەشدار بوون ، دەنا ھەمیشە 300 نوێنەر بوون ـ پێدەچێت هەر لەسەرەتاوە هەستیان بە ترسێک کرد بێت و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەک ئامادە کرد بێت!!. لە ڕاستیدا هەرگیز ڕێگە نەدەدرا جوتیار و سەپان بە نوێنەر هەڵبژێردرێن،لەگەڵ ئەوەشدا باجەکانی سەر شانیان بۆ پاشا،کڵێسا، سوپا،خانەدان زۆر بوون و خانەدانەکان ڕەفتاریان خراپ بوو، قەرزیان نەدەدا بە دەوڵەت و دەوڵەتیش نەیدەتوانی قەرزەکانیان بداتەوە، کە بڕێکی زۆریش سووی دەچووە سەر. ئەم دەستەیە لە دۆخی خۆیان کەوتنە گومانەوە. دەستەی سێیەم کرابوونە کۆیلەیەکی تەواو. نوێنەرەکان بەتایبەت لە دەستەی پیاوانی ئاینی و خانەدانەکان شوێنی دانیشتنەکانیان وەک فراکسیۆنێک دیاری کرا بوو، ھی دەستەی سێییەم دەبوو نوێنەرەکان خۆیان بگەڕێن شوێنێک بدۆزنەوە لێی دانیشن. ئەم هۆکارە وای کرد دەستەی سێیەم دوور لەیەک و  بە پەرشوبڵاوی دانیشن.
 هەر لەسەرەتاوە جیاوازییەکان بەدی دەکران، بەشدار بووان بە جلوبەرگەکانیاندا دەناسرانەوە ( پیاوانی ئایینی بە ڕەنگی مۆڕ و چارۆکە لە کۆڵيوە، خانەدانەکان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە و دەستەی سێیەمیش بە جلوبەرگی ڕەش)ەوە دانیشتبوون. لە ھەموویشی سەیرتر ئەوە بوو پاشا و خانەدانەکان کڵاویان لەسەر کرد بوو. ھاوکات کۆمەڵێ کەسی ئاسایش لەدەستەی سێیەم ھەمان شت دەکەن و کڵاو لەسەر دەکەن، تا بیسەلمێنن هیچ جیاوازییان لەگەڵ پاشا و خانەدانەکاندا نییە. پاشا بە دیمەنەکە ناڕەحەت دەبێت، کە خەڵکی ئاسایی وەک ئەو خۆی پۆشیووە و کڵاویان لەسەر ناوە، بۆیە کڵاوەکەی خۆی لادەبات. دوای ئەویش خانەدانەکان بە ناچاری و نابەدڵی کڵاوەکانیان لادەبەن.
کۆبوونەوەکەی پاشا لە ناوەڕۆکیشدا بۆ ئەوە بوو وانەیەکی نوێ بداتە دەستەی سێییەم و بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی بە ناڕەزاییەکانیان بھێنێ. کۆبوونەوەکە ڕۆژ و مانگی زۆری خایاند و ئەنجام نەبوو. دوای ئاماژەدان بە قەیرانی دارایی و ئابووری، قەرزاری دەوڵەت و سیستەمی باجدان، هەڵهاتنی تیشکی خۆری ڕۆشنگەریی،  زەمینەی شۆڕش کردن تا دەهات خۆشتر دەبوو. ڕۆژێ پاشا دەیەوێ بێتە سەر کرۆکی باسەکە کە باجدانە، داواکانی گوێی لێ ناگیرێ. پاشا وەزیری دارایی لە کارەکەی دووردەخاتەوە، چونکە لایەنگری دەستەی سێیەم بوو. دوای ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام و پاشاش زۆر بۆی گرنگ بوو  چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. 
 داوا لە دەستەی یەکەم و دووەم دەکات باج بدەن و بەشداری میحنەتەکە بکەن و ئەرکی سەرشانی دەستەی سێیەم کەم کەنەوە. ئەوان بە جووتە باجدان  ڕەت دەکەنەوە.  ناچار پاشا دەڵێ: بۆ دەنگدان ژمارەی بەشدار بوو ناخوات، چونکە ھەر دەستە و گرووپێک/ فراکسیۆنێک یەک دەنگی ھەیە. بۆیە داوا دەکات هەر دەستەیەک بچێ  ڕاوێژی خۆی بکات و بە جیا کۆبێتەوە بڕیار بدات. ئەمجارەیان دەستەی سێیەم ئەم داوایەی پاشا ڕەت دەکەنەوە و داوا دەکەن هەموو پێکەوە کۆببنەوە و بڕیار لەسەر دۆخەکە بدەن. دەستەی سێیەم  هەر پێشوەخت دەیانزانی  ھەردوو دەستەی یەکەم و دووەم دژ بەوان دەوەستنەوە. کەواتە بە یاسا ماتماتیکییەکە دەستەی سێیەم بە قەبارە گەورە بە دەنگدان بچووک وەک ئەوان و هەر خاوەنی یەک دەنگ بوو. واتە ھیچی بۆ نەدەکرا و دۆڕاوی بێ چەندوچوون بوو. کۆبوونەوە ئاکامی نەبوو. پاشا توڕە دەبێت کۆبوونەوەکە لە هۆڵێکی کۆشکەکەدا  Ballhausگەمارۆدەدات. لێرە دەستەی سێیەم لە ڕۆژی 5.5.1789 "سوێند"دەخۆن تا دەستوورێک ئامادە نەکەن هەموو هاوڵاتیان وەک یەک و یەکسان بکات، کۆبوونەوەکان بەجێنەهێڵن. 
ماویەتی

سەرچاوەکان:

1  ـ الثورة الفرنسیة الاولی، 1799-1789 حسان عمران 2016
2 ـ تاریخ لاحرکات القومیە فی اوروبە. خمس اجزاء.. تعریب, د. نوردالدین حاطوم, ١٩٦٩
بە ئەڵمانی: بینی چەند فیلم و ڤیدیۆیەک لەسەر شۆڕش و ناپلیۆن.
3. Französische Revolution. Johannes Heißen 2010
4. Französische Revolution und Napoleon-Die Umgestaltung Europas. Dirk Hoffmann& Sylvia Hoffmann-Mosolf. 2009
5. Die Französische Revolution. Susanne Lachenicht. 2012
6. Geschichte Frankreich,Vom Mittelalter bis zur Gegenwart Peter C. Hartmann. 2015
7. Die Französische Revolution. Hans- Ulrich Thamer. 2004
8. Die Französische Revolution Hermann Both& A.Gestrichen. 2010
9. Geschichte Frankreichs Wolfgang Schmale 2000
10.Napoleon Revolutionär und Monarch   eine Biographie   Roger Dufraisse 2000

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە