سایکۆلۆجیای گەریلا و شەڕڤان

Saturday, 10.23.2021, 16:30

1728 بینراوە


هەموان دیمەنی ئەو گەریلا و شەڕڤانانەمان بینیوە کە بەردەوام دڵخۆش و دەم بە پێکەنین و بزەی لێون.. ئاخۆ هۆکاری ئەوە چیە ئەمان لەکاتی جەنگ و ڕووبەڕوو بونەوەی مەرگ لەهەر ئان و ساتێکدا،کەچی بەردەوام پێکەنین و بزەی لێو بۆ ساتێکیش ڕووخساریان جێناهێڵێ،، بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی سوپاکان و ئەو جەنگاوەرانەی لە عێراق و سووریا بوونیان هەیە ، ئەمان تەواو جیاوازن و هیچ لەو مرۆڤانە ناچن لە بەرەکانی جەنگ.
ئەلقاعیدە و داعش و سوپای تورك و هاوشێوازەکانیان ، ڕوخسار و شێوازیان تووڕە و تووند و تیژ و دەم و چاویان هەردەم توڕە و ئاگریان لێ ئەبارێ.. ئەمان جگە لە تەکبیر و ئەللاو ئەکبەر و مل پەڕاندن و دەست درێژی سکێسی و دزی و فەرهود هیچی تریان لێ ناوەشێتەوە، ئەمانە بەم ڕەفتار و ئاکارە ناهەموارەیان زۆر بەتەواوی لەیەك ئەچن و لەهەر شوێنێك بن هەر ئەو جۆرە نەریتە درێژە پێ ئەدەن و دواتر کاولکاری و کۆمەڵکوژی گەورە ئەنجام ئەگەیەنن.
بڕوانە کاتێ شەڕڤانانەکان بەهەردوو ڕەگەزەوە چۆن لەهەڵپەدا بوون بۆ بەرەنگاری و هێرش بردنە سەر داعش و هاوپەیمانەکانیان ،، بەهەمان شێوە و بە گۆڕو تینێکی گەلێ گەورە کاتێ ئەو چەکدار و تیرۆریستانە ئەکەوتنە دەستیان ئاوو و خواردنیان پێشەکەش ئەکردن. ئەمان چەندە لە جەنگدا چەلەنەگ و ئازا و جوامێرن ، سەد ئەوەندەش لەکاتی بەدیل گرتنی دوژمنەکانیان خواستی یارمەتی و هاوکاری کردنی زامار و بریندارەکان بوون. سەرباری ئەوەی چەندین قارەمانیان لە دەست دابوو کەچی ئەوان پرەنسیپی مرۆڤی خۆنەویست و خۆشەویست و مەردانەیان لەدەست نەدا. ئەوان هەزارەها خێزانی ئەو چەکدارانەیان حەوانەوە و ئەوپەڕی ڕێز و یارمەتی مرۆڤانەیان پێشکەش کردن، لە زۆرکاتدا مناڵەکانیان ئەگرتنە باوەش و خۆشەویستیان نیشان ئەدان.
گەریلا و شەڕڤان هەر خۆیان بە تەنها نین بەو شێوەیەن بەڵکە خێزان و هاوڕێ و دۆستەکانیان هەمان پەسنی پێکەنین و بزەی لێو لەناخ و کەسایەتیان بەدی ئەکرێ، کێ هەیە کاتی هەواڵی شەهیدکردنی شەڕڤان و گەریلایەك ئەگاتە خێزان و دۆستەکانی یەکسەر ئەیکەن بە هەلهەلە و هەڵپەڕکێ بەوەش ئەوەندەی تر ووزە و خۆڕاگری لای خۆیان دروست  ئەکەن.ئاخۆ ئەم جۆرە هزرکردنە چۆن چۆن دروست بوە و چۆن چۆن گەشەی کردوە؟؟ 
فەلسەفەی (بەرخودان ژیانە) تاکی کوردی فێرکردوە کە بەختەوەری لەوەدا نیە چۆن و چەند و بەچ شێوازێك ژیان بگووزەرێنێ، بەڵکە پێوەری بەختەوەری و کامەرانی لەهاوکاری و یارمەتی دانی چوار دەور و بەهانا چوونی لێقەوماوان و هەژاران و مافخوراوانە. گەریلا و شەڕڤان هەست بەوە ئەکەن مافیان لەژێر هەڕەشەدایە و بوونی ئەوان بەستراوەتەوە بەو بەرخودان و بەرگرییەی لە بەرەکانی جەنگدا نمایشی ئەکەن. ئەم ڕاستیە بۆتە دیاردەیەکی جیهانی و لە هەموو کون و قوژبنی ئەم گەردوونەوە خەڵکانێك بەدوای خۆشەبەختی و ئاسوودەیی ژیان وێڵن و دێن لای گەریلا و شەڕڤانان، ئەدۆزنەوە. لەو پەڕی ئوسترالیاوە تا ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقا چەندین خۆبەخش دێن وژیانی خۆیان پێشکەش بە کوردستان ئەکەن.. ئەمانە مانای ژیان لەوێدا بەرجەستە ئەکەن، سڵاو لەو جۆرە ئایدۆلۆجیا و فەلسەفە و سایکۆلۆجیایەی ئەم جۆرە شۆڕش و مرۆڤانە دەست پێکین.